ئەفسەرێكی باڵا بە بەڵگەوە وردەكاری كوشتارگەی خەلانی و ئامانجەكەی بڵاو دەكاتەوە

:: PM:07:43:07/12/2019 ‌
ئەفسەرێكی باڵای تەناهی وردەكاری كوشتارگەی گۆڕەپانی خەلانی لە ناوەڕاستی بەغدا ئاشكرا دەكات، دەڵێ، 400 چەكداری میلیشیاكانی حزبوڵا بەشداریان لە كوشتارگەكە كردووە و ئامانجیان ئەوە بووە ناوچەكە لە دەستی خۆپێشاندەران دەربهێنن.

ئەمڕۆ شەموو حەوتی كانوونی یەكەم، ئەفسەرێكی باڵای تەناهی كە لە سەركردایەتی ئۆپراسیۆنی بەغدا كار دەكات، ئاشكرای دەكات كە گرووپێكی میلیشیاكانی حزبوڵا لە رێی ئۆتۆمبێلی كرێ كە چەكیان بە دەستەوە بووە، درەنگانی شەوی رابردوو خۆیان خزاندووەتەوە ناو گۆڕەپانی خەلانی و خۆپێشاندەران.

ئەو بەرپرسە هێما بۆ ئەوە دەكات سەرجەم ئەو كەسانەی كە چەكیان بە دەستەوە بووە، ناسنامەی دەستەی حەشدی شەعبیشیان لە گیرفان بووە و ئەمەش پڕۆسەی جوولانەوەیان لەناو بەغدا و دەرچوون لە بازگەكان و بازگەكانی نزیك گۆڕەپانی خەلانی بۆ ئاسان كردوون.

ئەفسەرێكی باڵا: وەزارەتی ناوخۆ ئاگادار و هاوئاهەنگ بووە لە جموجۆڵی میلیشیاكانی حزبوڵا بوو كە شەوی رابردوو كوشتارگەی لە گۆڕەپانی خەلانی لە بەغدا بەرپا كرد بە كوژاندنەوەی كارەبای ناوچەكە تا كامێراكانی چاودێری كار نەكەن


"تەنانەت وەزارەتی ناوخۆی عێراقیش زانیاری لەسەر جموجۆڵی ئەو چەكدارانە هەبوو، ئەوان بە خاڵەكانی پشكنینی شەقامی فەڵستین لە بەغدا تێپەڕیوون و چوونەتە ناو خۆپێشاندەرانی گۆڕەپانی خەلانی". ئەفسەرەكە وا دەڵێ، ئەوەشی خستەڕوو پچڕاندنی تەزووی كارەبا لە گۆڕەپانی خەلانی هاوكاتی هێرشەكە بۆ ئەوە بووە كە كامێراكانی چاودێری لەكار بكەون، ئەمەیشیان بە هاوئاهەنگی بووە لەگەڵ سەركردایەتی ئۆپراسیۆنەكانی بەغدا.

بەگوێرەی بەڵگەنامەیەكی سەركردایەتی ئۆپراسیۆنی بەغدا كە بڵاوبووەتەوە، ئاماژە بە گردبوونەوەی 300 بۆ 400 چەكداری حزبوڵا دەكات لە مزگەوتی "بەقیە للە" لە شەقامی فەڵەستین، ئەوان ماوەی دوو سەعات لەو مزگەوتە ماونەتەوە، بەو هۆیەشەوە سەركردایەتی ئۆپراسیۆنی بەغدا ئەو هێزەی لەو ناوچەیە بووە بە پاساوی ئەوەی میلیشیاكانی حزبوڵا دەیپارێزن، چۆڵیان كردووە، دواتریش تەنیا 60 چەكداریان لە مزگەوتەكە ماونەتەوە و ئەوانی تر بە چەكی سووك و مامناوەندەوە خۆیان خزاندووەتەوە ناو خۆپێشاندەران، دواتریش كارەبای ناوچەكە كوژێنراوەتەوە و چەكدارەكان دەستیان كردووە بە دەستڕێژی گوللە بۆ سەر خۆپێشاندەران. 
 
 بەگوێرەی بەڵگەنامەیەكی تر كە كەناڵی "حوڕە" دەستی كەوتووە، حكوومەتی عێراق بەوەی زانیوە كە میلیشیاكانی سەر بە ئێران پێش چەند سەعاتێك بەر لە كوشتارگەی خەلانی، لەو ناوچەیە بوونە، بەڵگەنامەكان ئەوە دەسەلمێنن. 

 ئەفسەرەكەی سەركردایەتی ئۆپراسیۆنی بەغدا دووپات لەوە دەكاتەوە كە ئەو گرووپە چەكدارە سەر بە حزبوڵا بوونە كە تەقەیان لە خۆپێشاندەران كردووە بە ئامانجی ئەوەی دەست بەسەر ناوچەكە و پردی سنك بگرن و پێش خۆر هەڵاتن رادەستی سوپای عێراقی بكەنەوە.

ئەو ئەفسەرە باس لە گرنگی ناوچەكە دەكات و دەڵێ، ئەو ناوچەیەكی بازرگانی گرنگە، بۆیە ئامانج ئەوە بوو كە "خۆپێشاندەران لەو ناوچەیە دوور بخەنەوە بە ئاراستەی گۆرەپانی تەحریر، ئەمەش لە رێگەی سووتاندنی خێوەتی خۆپێشاندەران". 

زیاتر گوتی "ئامانجی دووەم، دەستپێ كردنی خۆپێشاندانی دژ بووە لەلایەن میلیشیاكان و جەماوەرەكەیان بۆ نەهێشتنی خۆپێشاندانەكان لە گۆڕەپانی تەحریر تا ئەمڕۆ شەموو بە یەكجاری".

ئەفسەرەكە ئاشكرای دەكات كە میلیشیاكانی حزبوڵا جلوبەرگی ئاساییان پۆشیوە و خۆیان خزاندووەتە ریزی خۆپێشاندەران بە مەبەستی نانەوەی گێرە شێوێنی لە رێگەی سووتاندنی مۆڵ و دوكانەكانی ناوچەكە و بینایەكە، زیاتر گوتی "یەكێك لەو چەكدارانە لەلایەن خۆپێشاندەرانەوە گیراوە و ناوی بەشار حەسەن بیزاوییە و لەدایكبوونی ساڵی 1995ـە و دەمانچە و كلاشینكۆفی بە دەستەوە بووە، دانی بەوەداناوە كە چەكداری حزوبڵایە و ئەركی كوشتنی خۆپێشاندەرانی پێ سپێردراوە".

بەگوێرەی ئەو گرتە ڤیدیۆیانەی لەسەر ئەو كەسە بڵاو كراوەتەوە، دەردەكەوێت كە ئەو كەسە چەكی بە دەستەوە بووە و ئۆتۆمبێلێكی جۆری پیكابی پێ بووە، ئەوانەیشی لەگەڵ ئەو هاتوونەتە ناوچەكە رایان كردووە. 

جێی بیرخستنەوەیە بەهۆی كوشتارگەكەی گۆڕەپانی خەلانی 25 خۆپێشاندەر كوژران و 130ـی تریش بریندار بووە، ئەمەش خوێناویترین كوشتارگەیە لە ماوەی دوو مانگی رابردوو بەرانبەر بە خۆپێشاندەران ئەنجام درا بێت.

رووداوەكەی گۆڕەپانی خەلانی تا بەرەبەیانی ئەمڕۆ شەموو بەردەوامی هەبووە، حكوومەتیش كارەبای ئەو ناوچەی بڕیوە تا تەقەكەرەكان نەناسرێنەوە.

بەرە بەیانی ئەمڕۆ جارێكی تر خۆپێشاندەران بە ئاڵای سپی بە خوێنی شەهیدانی شەوی رابردوو گەڕانەوە ناوچەكە و هێزەكانی سوپای عێراقیش دەوروبەری ناوچەكەیان كۆنتڕۆڵ كردبوو. 
 
هاوكات دوای گەیشتنیان بۆ ناوچەكە دەستیان كردووە بە هەڵگرتنەوەی فیشەكەكان، خۆپێشاندەران دووپات لەوە دەكەنەوە كە فیشەكەكان نیشانی دەدات ئەو گوللانەی شەوی رابردوو پێیانەوە نراوە، دروستكراوی وڵاتی ئێرانە.



وشە - فه‌رمان سادق