دوای وازهێنانی ژماره‌یه‌ك ئه‌ندامی سه‌ركردایه‌تی و كادری باڵا له كۆمه‌ڵی ئیسلامی، ئه‌و حزبه له ڕێی لیژنه‌یه‌كه‌وه هه‌وڵی گه‌ڕانه‌وه‌ی ئه‌و ئه‌ندام و سه‌ركردانه‌ی دا.به‌ڵام ئه‌ندامێكی سه‌ركردایه‌تیی كۆمه‌ڵی ئیسلامی ڕای ده‌گه‌یه‌نێت، "هه‌وڵه‌كه‌یان سه‌ری نه‌گرت بۆ گه‌ڕانه‌وه‌ی ئه‌و ئه‌ندامانه".
ساڵی رابردوو ساڵێكی پڕ كێشه‌ی ناوخۆیی بوو بۆ كۆمه‌ڵی ئیسلامی و ژماره‌یه‌ك سه‌ركرده‌ی دیار و كادری ناوه‌ندییان له حزبه‌كه هاتنه ده‌ره‌وه به‌هۆی تاكڕه‌وی عه‌لی باپیر ئه‌میری حزبه و خزم خزمێنه و ناڕوونی لایه‌نی دارایی، كۆنگره‌ی حزبه‌كه‌یش كه بڕیاربوو ئه‌مساڵ 2019 ببه‌سترێ، هه‌ر به‌هۆی ئه‌و سه‌ركرده ناڕازییانه‌وه كاتی به‌ستنی نادیاره.
ئیسماعیل ره‌سووڵ ئه‌ندامی سه‌ركردایه‌تیی كۆمه‌ڵ كه یه‌كێكه له‌وانه‌ی ده‌ستی له‌كار كێشاوه‌ته‌وه، به"وشه"ی ڕاگه‌یاند، دوای ده‌ست له‌كاركێشانه‌وه‌م له ڕیزه‌كانی كۆمه‌ڵی ئیسلامی، كۆمه‌ڵێك كه‌سایه‌تی هاتبوون بۆ قسه‌كردن و گه‌ڕانه‌وه‌م بۆ ناو كۆمه‌ڵ، به‌ڵام ئه‌و جۆره هاتنه زیاتر له سوڵحی عه‌شایه‌ری ده‌چوو، له كاتێكدا كێشه‌ی ئێمه عه‌شایه‌ری و كه‌سی نییه.
ره‌سووڵ به‌گوته‌ی خۆی "بڕوای به دۆخه‌كه نییه بۆ چوونه‌وه ناو ڕیزه‌كانی كۆمه‌ڵ و چه‌ندان جاریش هه‌وڵ دراوه بۆ گه‌ڕانه‌وه‌م، به‌ڵام قبووڵم نه‌كردووه".
پێمان وانییه دۆخی كۆمه‌ڵ باش بكرێت
ئه‌و سه‌ركرده
ئیسلامییه ده‌ڵێت، "پێمان وانییه دۆخی كۆمه‌ڵ باش بكرێت، وازهێنانی ئێمه به‌هۆی چه‌ندان كێشه‌ی ناوخۆییه‌وه بووه كه زیاتر له 20 ساڵ له كاروانی ئیسلامی كارم كردووه، وازهێنانمان پێوه‌ست نه‌بوو به لایه‌نی دارایی، به‌ڵكو لایه‌نی مه‌عنه‌وی بوو، هه‌ر لیژنه‌یه‌كیش بۆ گه‌ڕانه‌وه و ئاشتكردنه‌وه‌ی ئه‌ندامه‌كان دروست بكرێت، ئێمه بڕوامان به گه‌ڕانه‌وه نابێت بۆ ناو كۆمه‌ڵ."
هاوكات عه‌باس محه‌مه‌د ئه‌ندامی ده‌ست له‌كاركێشاوه‌ی كۆمه‌ڵی ئیسلامی كه سه‌رۆكی فراكسیۆنی حزبه‌كه بوو له ئه‌نجوومه‌نی پارێزگای هه‌ولێر، به"وشه"ی گوت كه دوای ده‌ست له‌كاركێشانه‌وه‌یان له ڕیزه‌كانی كۆمه‌ڵی ئیسلامی، چه‌ند هه‌وڵێك دران بۆ ئه‌وه‌ی بگه‌ڕێته‌وه ناو حزبه‌كه، به‌ڵام "ئه‌و بابه‌ته لای ئه‌و به‌كۆتا هاتووه و ئاماده نییه بگه‌ڕێته‌وه ناو ڕیزه‌كانی كۆمه‌ڵی ئیسلامی".
عه‌باس ئه‌وه‌یشی گوت، "چه‌ندان جار لابه‌لا كه‌سانێك پێوه‌ندییان پێوه كردووم و هاتوونه‌ته لام وه‌ك ناوه‌ندگیر بۆ گه‌ڕانه‌وه، به‌ڵام پێم وایه چاره‌سه‌رییه‌كه به‌م شێوه‌یه نییه و ئه‌ندامه ده‌ست له‌كاركێشاوه‌كان ئازادن چۆن هه‌ڵسوكه‌وت ده‌كه‌ن".
ئه‌وه‌ش ده‌خاته ڕوو كه هیچ ڕێیه‌ك نییه بۆ چاره‌سه‌ركردنی ئه‌و كێشه‌یه. بۆیه ده‌ڵێت، "ده‌ست له‌كاركێشانه‌وه‌مان داواكاریی كه‌سی نییه تا بڵێین داواكارییه‌كه‌مان بۆ جێبه‌جێ كراوه و ده‌گه‌ڕێینه‌وه، بابه‌ته‌كه پێوه‌سته به سیستم و ئیداره‌دانی كۆمه‌ڵ، پێم باشه حزب دامه‌زراوه‌یی بێت و له‌و دۆخه‌ی هه‌یه بچێته ده‌ره‌وه، ئێسته هاووڵاتی بێزی له حزبایه‌تی ده‌بێته‌وه."
به بۆچوونی عه‌باس محه‌مه‌د، ئه‌و سه‌ركرده و ئه‌ندام و كادرانه‌ی كۆمه‌ڵ كه وازیان هێناوه، هه‌ریه‌كه‌یان خاوه‌ن چه‌ندان كه‌سن له بنه‌ماڵه‌كانیان كه به‌هۆی ئه‌وانه‌وه مه‌یلیان بۆ كۆمه‌ڵ هه‌بووه، به‌دڵنیاییه‌وه به ده‌ست له‌كاركێشانه‌وه و وازهێنانی ئه‌و ژماره كادر و ئه‌ندامه، كاریگه‌ری له‌سه‌ر ده‌نگ و نفووسی كۆمه‌ڵ ده‌بێت له داهاتوودا.
یه‌كێكی تر له ئه‌ندامه ده‌ست له‌كاركێشاوه‌كانی ناو كۆمه‌ڵ كه پێی باش نه‌بوو ناوی ئاشكرا بكرێت، به"وشه"ی ڕاگه‌یاند، ئه‌و ئه‌ندام و كادرانه‌ی وازیان له كۆمه‌ڵ هێناوه، ئاماده نین بچنه‌وه ناو ئه‌و حزبه، چه‌ند جارێكیش هه‌وڵ دراوه بگه‌ڕێنه‌وه، به‌ڵام ئاماده نه‌بوون و هه‌وڵه‌كانی ئه‌و حزبه سه‌ركه‌وتوو نه‌بووه.
ئه‌و گوتی، "وازهێنانی ئه‌و ژماره زۆره‌ی ئه‌ندام و لایه‌نگرانی كۆمه‌ڵ له ماوه‌ی ڕابردوو كه پێكه‌وه له چه‌ند ڕۆژێك وازیان هێنا، گرفتی بۆ حزبه‌كه دروست كردووه، ئێسته له هه‌وڵدان بۆ ئه‌وه‌ی ئه‌و گرفته چاره‌سه‌ر بكه‌ن، به‌ڵام ئه‌و ئه‌ندام و كادرانه بۆ ئه‌وه وازیان نه‌هێناوه دووباره بچنه‌وه ناو كۆمه‌ڵ، به‌ڵكو پێمان وایه پێڕه‌و و به‌رنامه و سیستمی و كاركردنی ئێسته‌ی كۆمه‌ڵ باش نییه و له‌گه‌ڵ دۆخه‌كه ناگونجێت و كێشه‌كانیش چاره‌سه‌ر ناكرێن".
له به‌رانبه‌ردا بیلال سلێمان ئه‌ندامی سه‌ركردایه‌تیی كۆمه‌ڵی ئیسلامی، به"وشه"ی ڕاگه‌یاند، دوای وازهێنانی ژماره‌یه‌ك له سه‌ركرده و ئه‌ندام و كادری كۆمه‌ڵ، لیژنه‌یه‌ك دروست كرا بۆ قسه‌كردن و گفتوگۆكردن له‌گه‌ڵ ئه‌و كه‌سانه بۆ گه‌ڕانه‌وه‌یان، به‌ڵام ئه‌وان ڕازی نه‌بوون به گه‌ڕانه‌وه بۆ ناو كۆمه‌ڵ.
سلێمانی ئه‌وه‌یشی دركاند، "هه‌وڵیان له‌گه‌ڵ درا، به‌ڵام هیچ ئه‌نجامێكی نه‌بوو، لیژنه‌كه قسه‌ی له‌گه‌ڵ ئه‌ندامه ناڕازی و ده‌ست له‌كاركێشاوه‌كان كرد و ئێسته گفتوگۆكردنیان له‌گه‌ڵ ئه‌و ئه‌ندامانه‌یان ڕاگرتووه".
وشه/به‌دواداچوونی هۆشیار عه‌لی