پێنج هەزار دۆسیە بۆ بەجینۆساید ناساندنی ئێزیدییەكان ئامادە كراوە

:: PM:12:02:10/12/2019 ‌
لە ساڵوەگەڕی مافەكانی مرۆڤ رەوشی مافەكانی مرۆڤ لە كوردستان، بە ژمارە لەلایەن رێكخەری راسپاردە نێودەوڵەتییەكانی حكوومەتی هەرێمی كوردستان ئاماژەی پێ درا. دیندار زێباری پێوەند بە جینۆسایدی ئێزیدییەكان دەڵێ، پێنج هەزار دۆسیە كاری لەسەر دەكرێت.

ئەمڕۆ سێشەم 10ی كانوونی یەكەم، دیندار زێباری رێكخەری راسپاردە نێودەوڵەتییەكان لە حكوومەتی هەرێم كوردستان ئاماژەی بە رەوشی مافەكانی مرۆڤ لە هەرێمی كوردستان كرد.

لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا زێباری ئاماژەی بەوە دا كە دوو هەزار و 600 دۆسیەی تاوان دژ بە ژنانی "ئێزیدی، كریستیان، توركمان و شەبەك" بە دیكۆمێنت كراوە، ئێستەش كار لەسەر سێ هەزار دۆسیەی تر دەكرێت كە ئامانج لەو كارەدا لە چوارچێوەی بەرنامەیەكی كردەنیدایە بۆ پاڵپشتی دەستەی لێكۆڵینەوە بۆ كۆ كردنەوەی بەڵگەكان و چارەسەركردن بۆ بە جینۆساید ناساندنی تاوانەكانی داعش. 

هەزار و 186 ژن لە داڵدەدانەكان پارێزراون


زێباری ئەوەیشی خستەڕوو كە ملیۆنێك و 37 هەزار و 446 پەنابەر و ئاوارە لە هەرێمی كوردستانن، جگە لە پەنابەرانی رۆژهەڵات و رۆژئاوا و باكوری كوردستان و تەنانەت فەلەستینییەكانیش، گوتی "بەمدواییەش كەمپێكی نوێ لە بەردەڕەش بۆ پەنابەرانی رۆژئاوای كوردستان كراوەتەوە كە تا ئێستە 17 هەزار و 983 پەنابەری لێ نیشتەجێ كراوە". 

پێوەند بە پێكەوەژیان لە كوردستانیش رێكخەری راسپاردە نێودەوڵەتییەكان هێمای بۆ هەوڵەكانی حكوومەتی هەرێمی كوردستان كرد كە بەردەوامە لە هەوڵەكانی لە رێی زەوینەسازی یاسایی و بەشداری پێكهاتەكان لە حوكمڕانی.

هاوكات پێوەند بە ژنانیش، دیندار زێباری ئاماژەی بە ئاماری ژنانی داڵدەدراو لە ناوەندەكانی داڵدەدانی ژنان كرد، ئاشكرای كرد لە داڵدەدانی هەولێر، سلێمانی، دهۆك و كەلار بە گشتی هەزار و 186 ژن داڵدە دراون، لەم ژمارەیەشدا 74ـیان ژنی ئاوارە و بیانی بوون كە كەیسەكانیان چارەسەر كراون. 

وەك هەوڵێكیش بۆ بەرەنگاربوونەوەی خەتەنەكردنی كچان، دیندار زێباری گوتی "11 بنكەی تەندروستی تۆماركردنی خەتەنەكردنی كچان كراونەتەوە، هاوكات ئەو بنكانە كاری هۆشیاركردنەوەی خەڵكیش ئەنجام دەدەن". 



وشە - فه‌رمان سادق