زەرەرمەندی یەكەم لە پڕۆژە یاسای چاكسازیی دیاری كرا

:: PM:02:05:12/12/2019 ‌

كەمێك لەمەوبەر پڕۆژە یاسای چاكسازی گەیشتە پەرلەمانی كوردستان، ئەندامێكی پەرلەمانیش رای دەگەیەنێت، هەموو ئەوانەی بە نایاسایی مووچە وەردەگرن، زیانمەندی ئەو پڕۆژەیەن.

ئەمڕۆ پێنجشەم 12ی كانوونی یەكەم، لیزا كاكەیی ئەندامی پەرلەمانی كوردستان بە "وشە"ی راگەیاند، پڕۆژە یاسای چاكسازی،  ڕێكخستنەوەی مووچەی خانەنشینی پلەباڵاكان و بەرجەستەكردنی دادپەروەرییە لە دابەشكردنی مووچە.

یەكەم كەسن كە بەر رەحمەتی ئەو پڕۆژەیە دەكەون

ئەو ئەندامە گوتی، نەهێشتنی یەكەی ژمێریاری هێزەكانی 70-80 ی پێشمەرگە، ئەوە یەكێكە لە بڕگە گرنگەكانی ئەو پڕۆژەیە، چونكە بەشێكی زۆر ئەو پارەیە بە نادادپەروەری دابەش دەكرێت.

هاوكات جەبار یاوەر ئەمینداری گشتی وەزارەتی پێشمەرگە لەسەر یەكەی ژمێریاری هێزەكانی 70-80 پێشمەرگە بۆ "وشە" ئەوەی خستەڕوو، ماوەیەكە خەریكین بۆ ڕێكخستنەوەی ئەو دوو هێزە لە رووی كارگێڕی و دارایی.

هاوكات لیزا كاكەیی زیانمەندی یەكەمی ئەو مووچەخۆرانەی دیاری كرد لەو پڕۆژەیە و گوتی، هەموو ئەو كەسانەی بەنایاسایی دامەزراون كە بە "بندیوار" ناسراون، یەكەم كەسن كە بەر رەحمەتی ئەو پڕۆژەیە دەكەون.

سەرۆكی حكوومەتی هەرێمی كوردستان لە گوتاری 100 ڕۆژەی كابینەكەی ڕای گەیاند، كەشێكی لەبارمان هێناوەتە ئاراوە كە چیتر گەندەڵی گەشە نەكات، دوای چەند مانگ و خوێندنەوەی باش و واقیعییانە بە پڕۆژە یاسای چاكسازی ئامادەیە ڕەوانەی پەرلەمان دەكرێت.



وشە - زریان تەها