گەورەترین پێشبینییە ئابووری و سیاسییەکان بۆ ساڵی نوێ

:: PM:08:14:12/12/2019 ‌

کۆتایی هەموو ساڵێک، پسپۆڕانی بوارە جیاوازەکان پێشبینی بۆ ساڵی نوێ دەکەن. هەڵبەت پێشبینیی ئەو شارەزایانە، وەک فاڵگرتنەوەی ئەستێرەناسان نییە تا بە هەڵسەنگاندنێکی هەڕەمەکی تەماشا بکرێ و دواتر ئەگەر وا دەربچێت، پێی شۆک ببین، بەپێچەوانەوە لە ئەنجامی ئەزموون و خوێندنەوەی قووڵ دەکرێن. گرنگترین پێشبینییەکان ئەوانەن کە پسپۆڕانی ئابووری بۆ ساڵی نوێ دەیکەن، دوای ئەوەی بە تەواوی هەموو ئەگەرێکیان بە سوودوەرگرتن لە ڕووداوە ئابووری و سیاسییەکانی ئەمساڵەی تێیدان وەردەگرن.

"سیسل جۆچەر" شارەزای ئابووری لە ڕێگەی ماڵپەڕی ئاژانسی هەواڵی "بلۆمبێرگ"ی ئابووریی ئەمەریکی، پێشبینییەکانی بانکی "ساسکۆ"ی دانیمارکی بۆ ساڵی 2020 بڵاو کردەوە و لە پێشەکیی ڕاپۆرتەکەدا نووسی: "ئەوانەی بەهۆی ئەو هەموو پێشبینییە بێ کۆتایەی لەسەر ساڵی 2020 کە وۆڵ ستریت بڵاوی کردووەتەوە بێزار بوون، با بێن ئەم 10 پێشبینییە ورد و سەرنجڕاکێشەی ساسکۆ بخوێننەوە و خۆیان بە پێشبینیی زۆرەوە سەرقاڵ مەکەن."

پێشبینییەکانی وۆل ستریت جۆرناڵ لە دنیادا جێی سەرنجی ئابووریناسانە


وۆل ستریت جۆرناڵ، ڕۆژنامەیەکی ئەمەریکیی نێودەوڵەتی ڕۆژانەیە بە زمانی ئینگلیزی سەبارەت بە بابەتە ئابوورییەکان لە شاری نیویۆرک دەردەچێ و جیا لە چاپەکەی ئەمەریکا، دوو چاپی تری جیاوازی هەیە، یەکێکیان چاپی ئاسیایە و ئەوی تر چاپی ئەوروپایە. ساڵی 2007  ژمارەی کڕیارانی ڕۆژانەی ئەو ڕۆژنامەیە گەیشتبووە نزیکی یەک ملیۆن، واتە ڕۆژی زیاتر لە دوو ملیۆن دۆلاری پەیدا دەکرد، بەڵام دواتر بەهۆی بڵاوبوونەوەی ئینتەرنێت بەشێوەی فراوان، ئەو ڕۆژنامەیەش وەک هەموو بڵاوکراوەیەکی تری چاپکراو ژمارەی تیراژەکەی لەدەست دا.

ڕۆژنامەی وۆل ستریت، ساڵانە بەوە ناسراوە کە پێشبینیی جۆراوجۆری ئابووری بۆ ساڵی نوێ بڵاو دەکاتەوە و هەمیشە ئابووریناسان و بزنسمانان بە گرنگییەوە دەڕواننە ئەو پێشبینییانە بۆ ئەوەی بۆ کارە بازرگانییەکانیان سوود لە زانیارییەکانی وەربگرن.

پێشبینی دەکرێ ژنێک جێی ترەمپ بگرێتەوە کە لە دیموکراتییەکانە

با بە شێوەیەکی زۆر خێرا بگەڕێینەوە بۆ پێشبینییەکانی  ئەو بانکە دانیمارکییە کە بە مانشێتێکی گەورە دەڵێن، ئەم دۆخەی ئابوورییەی ئێستە لەکار دەکەوێ، ئەمەیش هەموو ڕوویەک دەگرێتەوە و دەبێ وەبەرهێنەران خۆیان بۆ ئەم 10 ئەگەرە زۆر چاوەڕوانکراوە ئامادە بکەن:

-گەشەی ئابووریی وڵاتی بریتانیا بە شێوەیەکی بەرچاو بەرز دەبێتەوە تا دەگاتە 8%. هەڵبەت ئەم پێشبینییە کەمێک سەرسووڕهێنەرە، دوای دەرچوونی ئەو وڵاتە لە یەکێتیی ئەوروپا و ئەو ڕووداوە ئابوورییە قورسانی ڕووی لە وڵات کرد.

-داشکانێکی گەورە بەسەر نرخی پشکی زۆربەی کۆمپانیا زەبەلاحەکانی دنیادا دروست دەبێ کە وای لێ دێ ئەو داشکانە ببێتە شێکی ئاسایی و دۆخی ناچاری و نرخی بنچینەیی پێش نرخی پشکەکان دەکەوێ.

-بانکی ناوەندیی ئەوروپا، بەهۆی ئەو ڕووداوە ئابوورییە سەختانەی لە ساڵی نوێدا ڕوو لە تەواوی کیشوەرەکە و جیهان دەکات، ناچارن نرخی قازانجی خۆیان بە ڕێژەیەکی بەرچاو بەرز بکەنەوە.

-پیشەسازیی نەوت و غاز، سەرکەوتنێکی کتوپڕ بەدەست دەهێنن، لەکاتێکدا حکوومەتی کۆمەڵایەتیی ژینگە (ESG) لە هەوڵدایە بۆ کەمکردنەوەی ڕێژەی بەرهەمهێنانیان.

-نرخی دۆلار/ ڕاندی باشووری ئەفەریقا بە ڕێژەی 15  بۆ 20% بەرز دەبێتەوە، لەکاتێکدا دنیا ڕێژەی بەڵندەرانی بۆ باشووری ئەفەریقا کەم دەکاتەوە.

-دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمەریکا، سیستەمی باجی "ئەمەریکا پێش هەموو شتێک" بەگەڕ دەخات، بۆ ئەوەی لە هەڵئاوسانی ئابووری خۆی ڕزگار بکات.

-وڵاتی سوید "هاندانی دارایی گەورە" ڕادەگەیەنێ، بۆ کەمکردنەوەی ئەو هەڵمەتەی لە دژی کۆچبەران دروست بووە، ئەمەیش بەرزبوونەوەیەکی بەرچاوی کڕۆنی لێ دەکەوێتەوە.

-دیموکراتییەکان لە هەڵبژاردنی سەرۆکایەتیی ئەمەریکا بە ڕابەرایەتیی ژنان و گەنجانی لەدایکبووی ساڵانی 2000 سەرکەوتن بەسەر دۆناڵد ترەمپ و کۆمارییەکان دەهێنن و قۆناغێکی نوێی سیاسەت لەو وڵاتە دێتە ئاراوە.

-وڵاتی وێڵز، لە یەکێتیی ئەوروپا دێتە دەر، دوای داوایەکی جەماوەریی گەورە بۆ ڕزگاربوون لە کێشە ئابوورییەکانیان.

-ئاسا دراوێکی یەدەگی نوێ دروست دەکات، بۆ ئەوەی خۆیان لە پشتبەستن بە دۆلار ڕزگار بکەن.

ئایا ساڵی 2020 دەبێتە ساڵی چاوەڕواننەکراو بە شێوەیەکی گشتی؟
بەپێی پێشبینیی ئەو تیمەی ستین یاکوبسن، گەورە ئابووریناسی بانکی ساکسۆی دانیمارکی، ساڵەکە لە هەندێ ڕووی ئابوورییەوە دەکرێ بە ساڵێکی جیاواز تەماشا بکرێ، وەک کۆتاییهاتن بەو هێرشانەی بەسەر بانکەکانی ئەوروپادا گیراونەتە بەر.

وێڕای هەموو ئەم پێشبینییانە هێشتا دەبێ هەر وەک پێشبینی تەماشا بکرێن و مەرج نییە ڕووداو و پێشهاتەکانی داهاتوو بەپێی ئەو ڕێچکەیە بڕۆن کە تا ئێستە دەردەکەوێ، ڕەنگە زۆر شتی تری چاوەڕواننەکراو ڕوو لە دنیا بکات، بەتایبەتی لە ڕووی ئابوورییەوە کە هەمیشە ئەمەریکا لەو ڕووەوە هەنگاوی چاوەڕواننەکراوی پێیە.



وشە - كوردۆ شابان