به بڕوای وه‌زاره‌تی شاره‌وانی و گه‌شتوگوزاری حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان، یه‌كێك له هۆكاره سه‌ره‌كییه‌كانی گه‌نده‌ڵی له‌ناو وه‌زاره‌ته‌كه و ڕازی نه‌بوونی خه‌ڵك له كاره‌كانی ئه‌و وه‌زاره‌ته، بوونی به‌رپرسی به‌ش و دانانی لیژنه‌كان و به‌رپرسی هۆبه‌كانه كه پێشتر له‌لایه‌ن حزبه‌كان یان به‌بێ وه‌رگرتنی تایبه‌تمه‌ندی و بڕوانامه دانراون.
بۆ ڕووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ی ئه‌و دیارده‌یه، ساسان عه‌ونی وه‌زیری شاره‌وانی و گه‌شتوگوزاری حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان بڕیارێكی گرنگ ده‌رده‌كات له‌پێناو داخستنی كه‌ناڵێكی گه‌وره و سه‌رانسه‌ری گه‌نده‌ڵی.
سه‌رچاوه‌یه‌ك له وه‌زاره‌تی شاره‌وانی و گه‌شتوگوزار پشتڕاستی ئه‌وه‌ی كرده‌وه كه یه‌كێك له هۆكاره‌كانی گه‌نده‌ڵی له‌ناو سه‌رۆكایه‌تیی و به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تییه‌كانی شاره‌وانی بنبڕ ده‌كرێ. سه‌رچاوه‌كه ورده‌كاریی زیاتری خسته ڕوو به"وشه"ی گوت، له‌ڕێی پلانێكه‌وه چاره‌سه‌ر دانراوه بۆ گۆڕانكاری له هه‌موو به‌شه‌كانی شاره‌وانی كه پێشتر ده‌سته‌وه‌ردانی حزبی ڕۆڵی هه‌بووه له كاروباری حكوومه‌تدا.
به‌پێی به‌دواداچوونه‌كانی "وشه"، خه‌ڵك له ڕابردوودا زیانمه‌ندی یه‌كه‌م بوون به‌هۆی ئه‌و لیژنانه‌ی شاره‌وانی كه سه‌رپه‌رشتی خزمه‌تگوزاری و زێده‌ڕۆیی و قیركردن و پڕۆژه‌كانیان ده‌كرد، ده‌یان جار به‌رتیل وه‌رگیراوه. ئێسته‌یش نموونه‌ی چه‌ندان لیژنه له كۆیه و سۆران و چه‌ند ناوچه‌یه‌كی تر هه‌ن كه له‌سه‌ر به‌رتیل لیژنه‌كان گیراون و دواتر به ده‌سته‌به‌ری ئازاد كراون.
سوبحی نه‌بی هاووڵاتییه‌كی نیشته‌جێی هه‌ولێر، یه‌كێكه له‌و هه‌زاران كه‌سه‌ی گله‌یی له شاره‌وانی هه‌یه و بۆ "وشه" روونی كرده‌وه، ده‌یان جار له‌لایه‌ن شاره‌وانییه‌كانه‌وه كاروبارم ڕایی نه‌كراوه. نموونه‌ی ئه‌وه ده‌خاته ڕوو كه له سێبه‌ردان سه‌تان لیژنه‌ی شاره‌وانی هه‌بووه به‌رتیلیان وه‌رگرتووه، به‌بێ ئه‌وه‌ی لێكۆڵینه‌وه‌یان له‌گه‌ڵ بكرێ.
به‌ختیار ئه‌حمه‌د هاووڵاتییه‌كی تره و به گرنگی زانی حكوومه‌ت گۆڕانكاری له‌و به‌رپرسانه‌ی ئێسته بكات كه له وه‌زاره‌تی شاره‌وانی و شاره‌وانییه‌كان كار ده‌كه‌ن، چونكه به‌گوته‌ی ئه‌و "به‌شێك له‌وانه سته‌م له خه‌ڵك ده‌كه‌ن".
ئه‌و هاووڵاتییه‌ش نموونه‌یه‌كی تری گه‌نده‌ڵی به‌هۆی ئه‌و لیژنه و سه‌رۆك به‌شه‌كانی شاره‌وانییه‌وه ده‌خاته ڕوو و ده‌ڵێت، "خانووه‌كه‌م ڕووبه‌ره‌كه‌ی 80 مه‌تره، دوو ملیۆن و 500 هه‌زار دینار وه‌ك باج ده‌ده‌م به‌هۆی ئه‌وه‌ی به كرێم داوه، به‌ڵام خه‌ڵك هه‌یه ئه‌و باجه نادات و له شاره‌وانییه‌وه چاوپۆشی لێ ده‌كرێ". ئه‌و هاووڵاتییه داوا ده‌كات سیستمی باج و كاری شاره‌وانییه‌كانیش ڕێك بخرێته‌وه.
هه‌مووان گیرۆده‌ی ده‌ستی لیژنه و چاودێره‌كانی شاره‌وانین. كۆچه‌ر گه‌رمیانی چالاكی مه‌ده‌نی له كه‌لار، بۆ "وشه" دووپاتی كرده‌وه، زۆرینه‌ی سه‌رۆك شاره‌وانی و به‌رپرسی به‌شه‌كان له گه‌رمیان به فه‌رمان و قسه‌ی حزبی ناوچه‌كه دانراون و بۆ ئه‌وانیش كار ده‌كه‌ن.
سه‌مه‌د ساڵح هاووڵاتییه‌كی دانیشتووی سۆران، به به‌ڵگه‌وه دووپاتی ده‌كاته‌وه كه ئه‌نجامدانی گه‌نده‌ڵی له‌ناو شاره‌وانییه‌كاندا بووه‌ته دیارده، له زۆربه‌ی شاره‌وانییه‌كانی كوردستان و ده‌ڤه‌ری سۆران، ژماره‌یه‌ك كه‌سی ده‌ستڕۆیشتوو پێی ده‌وڵه‌مه‌ند بوون.
ئه‌و به"وشه" ده‌ڵێت "به‌شێكی زۆری سه‌رۆك به‌ش و سه‌رۆك شاره‌وانییه‌كان له ڕێی وه‌رگرتنی به‌رتیل كارئاسانییان بۆ هاووڵاتییان كردووه و زه‌وییه نایاساییه‌كانیان به سه‌ردانێك و واژوویه‌ك یاسایی كردووه".
یه‌كێك له ئامانجه‌كانی كابینه‌ی نۆیه‌می حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان بنبڕكردنی ده‌ستی حزبه له كاروباره‌كانی حكوومه‌ت، بۆیه ئه‌و بڕیاره‌ی شاره‌وانیش له‌وه‌وه سه‌رچاوه ده‌گرێ كه چیتر سه‌رۆك شاره‌وانی و به‌رپرسانی ناو شاره‌وانی له ناوچه‌كانی كوردستان، پۆست بۆ به‌رژه‌وه‌ندی كه‌سیی و حزبی به‌كار نه‌هێنرێن.
له سلێمانی شاره‌وانی ته‌نیا كێشه‌ی بۆ هاووڵاتییان دروست نه‌كردووه، به‌ڵكو بووه‌ته كێشه بۆ به‌شێك له فه‌رمانگه‌كانی تریش
له سلێمانی حاڵه‌ته‌كه جیاوازه، شاره‌وانی ته‌نیا كێشه‌ی بۆ هاووڵاتییان دروست نه‌كردووه، به‌ڵكو بووه‌ته كێشه بۆ به‌شێك له فه‌رمانگه‌كانی تری ده‌ڤه‌ره‌كه‌یش، ئه‌وه‌یش به‌ڕێوه‌به‌ری گشتیی وه‌به‌رهێنانی سلێمانی به ڕوونی باسی ده‌كات.
عه‌زیز سه‌عید به‌ڕێوه‌به‌ری گشتیی وه‌به‌رهێنانی سلێمانی به وه‌كاله‌ت، به"وشه"ی راگه‌یاند، یه‌كێك له‌و فه‌رمانگانه‌ی زۆر ئازاری ڕۆحمان ده‌دات، شاره‌وانی سلێمانییه كه مامه‌ڵه‌كانمان زۆر دوا ده‌خات.
ڕوونی كرده‌وه كه په‌سه‌ندكردنی نه‌خشه و دابینكردنی زه‌وی له شاره‌وانی، زۆر دوا ده‌كه‌وێ كه بابه‌تی سه‌ره‌كییه بۆ وه‌به‌رهێنان و هاوئاهه‌نگیمان ناكه‌ن.
" مامه‌ڵه هه‌بووه ساڵێك دواكه‌وتووه، سه‌رۆك به‌ش ده‌یدا به هۆبه و هۆبه به خۆی خوارتر و ئه‌م ده‌ڵێ بڕۆ هه‌فته‌یه‌كی تر وه‌ره‌وه، ئه‌مه‌ش كاره‌كانی ته‌واو قورس كردووه" به‌ڕێوه‌به‌ره گشتییه‌كه‌ی وه‌به‌رهێنان وای گوت.
سه‌رچاوه‌كه‌ی وه‌زاره‌تی شاره‌وانی ئاماژه‌ی بۆ ئه‌وه‌ش كرد كه به ڕوونی دۆكیۆمێنت و به‌ڵگه‌یان له‌سه‌ر هه‌موو كاره نایاسایی و گه‌نده‌ڵییه‌كان هه‌یه، بۆیه وه‌زاره‌ته‌كه‌یان ده‌ستی كردووه به ئه‌نجامدانی قۆناغێكی تری چاكسازی، ئه‌ویش گۆڕینی سه‌رجه‌م سه‌رۆك به‌شه‌كانی خزمه‌تگوزاری له سه‌رۆكایه‌تیی و به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تییه گشتییه‌كانی شاره‌وانی، به فه‌رمانێكی وه‌زاری له پۆسته‌كانیان لاده‌برێن.
دووپاتیشی كرده‌وه كه بۆ له‌مه‌ودوا ئه‌وه جێگیر ده‌كرێت كه "كه‌سانی پسپۆڕ ئه‌و پۆستانه به‌ڕێوه ده‌به‌ن و مه‌رجه ئه‌ندازیاری شارستانی یان میكانیك بن".
كرمانج ده‌شته‌كی گوته‌بێژی شاره‌وانی هه‌ولێر، بۆ "وشه" پشتڕاستی ئه‌و زانیارییانه ده‌كاته‌وه و ڕای ده‌گه‌یه‌نێت، هه‌ر گۆڕانكارییه‌ك ده‌كرێت له رێی وه‌زاره‌ته‌وه ده‌كرێت و گرنگیشه كه كه‌سه‌كان دێنه گۆڕێن، باشتر وایه كه‌سی شیاو له شوێنی شیاو بێت.
ئاماژه‌ی دا، دوای ئه‌و گۆڕانكارییانه هه‌وڵه‌كان چڕتر ده‌كرێنه‌وه، بۆ ئاشكراكردنی هه‌ر حاڵه‌تێكی به‌رتیل وه‌رگرتن یان كارێكی نایاسایی، ئه‌وه هه‌ر كه‌سێك بێت سزا ده‌درێ.
ده‌شته‌كی روونی كرده‌وه، ئه‌وانه‌ی ده‌خرێنه جێی ئه‌و كه‌سانه‌ی لاده‌درێن و پێشتر به بڕیاری حزبی دانراون، كه‌سی شیاو و ئه‌ندازیار ده‌بن و به هه‌ڕه‌مه‌كی دانانرێن.
نزار جه‌لال به‌رپرسی به‌شی خزمه‌تگوزارییه‌كان له سه‌رۆكایه‌تی شاره‌وانیی سلێمانی، بۆ "وشه" ده‌ڵێت، هه‌ر یه‌كێك له‌و كه‌سانه‌ی پۆستیان وه‌رگرتووه به هه‌ر جۆر و فه‌رمانێك بووبێت، ئه‌گه‌ر بۆ ماوه‌ی 10 ساڵ له پۆسته‌كانیان بمێننه‌وه، قۆرخكاری دروست ده‌بێت، هیچ مه‌ودایه‌ك نامێنێته‌وه بۆ ئه‌و كه‌سانه‌ی شاره‌زان و مافی وه‌رگرتنی به‌رپرسیارێتییان هه‌یه. نزار "گۆڕانكاریی به گرنگ ده‌زانێ".
هاوكات بارزان كه‌ریم به‌ڕێوه‌به‌ری شاره‌وانییه‌كانی گه‌رمیان، پێچه‌وانه‌ی بۆچوونه‌كانه بۆ گۆڕانكاری و به"وشه"ی راگه‌یاند، پێویسته ته‌نیا ئه‌و كه‌سانه بێنه گۆڕین كه گه‌نده‌ڵییان كردووه یان كارێكی نایاسایی، به‌ڵام سه‌رۆك شاره‌وانی پێویسته دوای چوار ساڵ بێته گۆڕین. دووپاتیشی كرده‌وه كه چاودێریی وردی سه‌رۆك به‌شه‌كانی شاره‌وانییه‌كان ده‌كه‌ن و به‌گوته‌ی خۆی "یه‌ك به‌ڵگه بكه‌وێته ده‌ستمان، له‌كار لایان ده‌به‌ین".
هاوكات خالید رێكانی جێگری به‌ڕێوه‌به‌ری گشتیی شاره‌وانییه‌كانی دهۆك، دووپاتی كرده‌وه، پێویسته ئه‌ندازیار سه‌رپه‌رشتی كاره‌كانی شاره‌وانی بكه‌ن.
لای خۆیه‌وه دیار برادۆستی شاره‌زا له بواری كارگێڕی و ئابووری، به"وشه"ی راگه‌یاند، له ڕووی كارگێڕییه‌وه پێویسته یه‌كه كارگێڕییه‌كان گۆڕانكارییان تێدا بكرێت، له‌پێناو په‌یداكردنی توانا و شاره‌زایی جیاواز، به‌ڵام گۆڕانكارییه‌كان ده‌بێت "ته‌كنۆكراتی بن"، واته ئه‌و كه‌سانه‌ی له‌و یه‌كه كارگێڕییانه داده‌نرێن، پێویسته تایبه‌تمه‌ندبن له بواره‌كه‌ی خۆیاندا.
دووپاتی له‌وه‌یش كرده‌وه كه سه‌رۆك به‌ش و شاره‌وانییه‌كان زۆرترین هاوئاهه‌نگی له‌گه‌ڵ خه‌ڵك په‌یدا ده‌كه‌ن، له‌و ڕێیه‌یشه‌وه ده‌توانن كاره‌كانیان وه‌ك سه‌رچاوه‌ی وه‌رگرتنی به‌رتیل به‌كار بێنن.
چه‌ندان حاڵه‌تی وه‌رگرتنی به‌رتیل له ڕێی لیژنه و شاره‌وانییه‌كانه‌وه هه‌بووه
لای خۆیه‌وه لوقمان وه‌ردی سه‌رۆكی لیژنه‌ی شاره‌وانی له په‌رله‌مانی كوردستان، بۆ "وشه" گوتی، هه‌ر گۆڕانكارییه‌ك بكرێت گرنگی خۆی هه‌یه، له‌وه‌ش گرنگتر ئه‌وه‌یه كه‌سه‌كان كه دێنه گۆڕین، كه‌سی شیاو و پیشه‌یی و تایبه‌تمه‌ند بن، چونكه به‌و شێوه‌یه ده‌توانن زیاتر خزمه‌ت بكه‌ن به‌تایبه‌ت بۆ شاره‌وانی كه كه‌سێك ئه‌ندازیار بێت باشتره.
ئه‌و په‌رله‌مانتاره ئاماژه به‌وه ده‌كات كه چه‌ندان حاڵه‌تی وه‌رگرتنی به‌رتیل هه‌بووه و له ڕێی لیژنه و شاره‌وانییه‌كانه‌وه ئه‌نجام دراوه، ڕه‌نگه ده‌یان گه‌نده‌ڵیی گه‌وره‌تریش كرابێ.
وشه/راپۆرتی په‌یامنێران و سەرخێڵ هاشم