دوو حاڵەتی گوماناویی ڤایرۆسی کۆڕۆنا لە ئێران تۆمار کراوە

:: PM:04:08:28/01/2020 ‌
ماڵپەڕە تەندروستییەکانی ئێران، هەواڵی دوو حاڵەتی گوماناویی ڤایرۆسی کۆڕۆنایان بڵاو کردووەتەوە و وەزیری تەندروستی ئەو وڵاتەیش دەڵێ، هیچ حاڵەتێک تۆمار نەکراوە و ناشتوانین گەرەنتی ئەوە بدەین کە ڤایرۆسەکە لە ئێران بڵاو نەبووەتەوە.
ناتوانین گەرەنتی ئەوە بدەین ڤایرۆسەکە لە ئێران بڵاو نەبووبیتەوە

ئەمڕۆ سێشەم 28ی کانوونی دووەم، ئاژانسی "دویچەڤێلە"ی ئەڵمانی بڵاوی کردووەتەوە، کۆمەڵێک ماڵپەڕی تەندروستیی ئێران، هەواڵی تۆمارکردنی دوو حاڵەتی گوماناوی ڤایرۆسی کۆڕۆنایان لە شاری یەزدی ئێران بڵاو کردووەتەوە.

دوابەدوای بڵاوبوونەوەی ئەو هەواڵە سەعید نەمەکی، وەزیری تەندروستی ئێران لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا رای گەیاند، تا ئێستا بە فەرمی هیچ حاڵەتێکی تووشبوون بە ڤایرۆسی کۆڕۆنا لە ئێران تۆمار نەکراوە.

زیاتر روونی دەکاتەوە، ئێمە وەک وەزارەتی تەندروستی، ناتوانین گەرەنتی ئەوە بدەین کە ئەو ڤایرۆسە لە ئێران بڵاو نابێتەوە، لەبەر ئەوەی بە پشمینێک لە ئیمارات ئیرلاینەوە دەتوانێ بۆ دوورترین وڵاتی سەر گۆی زەوی بگوازرێتەوە.

لەبارەی ئەو پرسیارەی کە دوو حاڵەتی گوماناوی لە شاری یەزدی ئەو وڵاتە تۆمار کراوە، وەزیری تەندروستی ئێران گوتی، تا ئێستا هیچ راپۆرتێک لەو بارەوە بۆ وەزارەتەکەیان رەوانە نەکراوە.

وەزارەتی تەندروستیی ئێران، لەبارەی ئەو نەخۆشی و ڤایرۆسانەی مەترسیدارن و دەگوازرێنەوە، هەمیشە ئامارەکان دەشارێتەوە و مانگی رابردوویش وەزیری تەندروستی رای گەیاند، هیچ حاڵەتێکی تووشبوون بە ئەنفلەوەنزای بەراز تۆمار نەکراوە، بەڵام هەفتەیەک دوای ئەو راگەیەنراوە وەزارەتی تەندروستی، مردنی 63 هاووڵاتی بەهۆی ئەنفلەوەنزاوە راگەیاند.

ڤایرۆسی کۆڕۆنا بە خێراییەکی زۆر لەسەر ئاستی دنیا بڵاو دەبێتەوە و لە شەوی رابردووەوە لە ئەڵمانیا و تایلەند 15 حاڵەتی تووشبوون تۆمار کرا، لەسەر ئاستی ئەوروپا فڕەنسا و ئەڵمانیا تا ئێستا ئەو ڤایرۆسەیان بۆ گوازراوەتەوە، ژمارەی قوربانیانی کۆڕۆنا لە چین کە ناوەندی بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسەکەیە، گەیشتووەتە 106 کوژراو و چوار هەزار و 927 کەس.



وشە - هیدایه‌ت جان