هەڤاڵ ئەبوبەكر وەڵامی ئەنجوومەنی پارێزگای سلێمانی ناداتەوە

:: PM:08:32:28/01/2020 ‌
لەسەر دواكەوتنی پڕۆژەی داون تاونی سلێمانی، ئەنجوومەنی پارێزگای ئەو شارە دوو جار بانگهێشتی پارێزگار دەكەن، بەڵام هەڤاڵ ئەبوبەكر وەڵامیان ناداتەوە. سەرۆكی لیژنەی پلان و پڕۆژەكان دەڵێ، بە ناچاری خۆمان چووین.

ئەمڕۆ سێشەم 28ی كانونی دووەم، ڕەمەزان نامیق، سەرۆكی لیژنەی پلان و پڕۆژەكان لە ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی بە "وشە"ی ڕاگەیاند، ئێمە دوو جار میوانداریی هەڤاڵ ئەبوبەكر، پارێزگاری سلێمانیمان كرد بۆ ئەوەی بێتە ناو لیژنەكە و ڕوونكردنەوە و زانیاری لەسەر پرۆژەیەك بدات كە دواكەوتوە.

بڕیار بوو پڕۆژەی داون تاونی سلێمانی لەسەر زەوی سایلۆنی كۆنی سلێمانی دروست بكرێت و دوو ساڵ پێش ئێستە بەردی بناغەی دانراوە و پڕۆژەكەش راستەوخۆ لەلایەن پارێزگارەوە سەرپەرشتی دەكرێت، بەڵام دوای دوو ساڵ تا ئێستە هیچ كارێك لە پڕۆژەكە نەكراوە. 
 
ڕەمەزان نامیق سەرۆكی لیژنەی پلان و پڕۆژەكان روونی دەكاتەوە كە دووجار بانگهێشتی هەڤاڵ ئەبوبەكر پارێزگاری سلێمانی كراوە بێتە بەردەم ئەنجوومەن روونكردەوە بدات لەسەر هۆكاری دواكەوتنی، بەڵام جاری یەكەم بە پاساوی گەشتی بۆ دەرەوەی وڵات نەهاتووە و جاری دووەمیش پاساوەكەی ئەوەبووە كە كاتی نەبووە.
هەڤاڵ ئەبوبەكر ناچێتە ئەنجوومەنی پارێزگای سلێمانی و ئەوان ناچار دەكات سەردانی بكەن


 زیاتر گوتی "ناچار خۆمان چووین بۆ بینای پارێزگا، ئەمڕۆ سێشەم چووین و لەگەڵ پارێزگار لەسەر هۆكاری دواكەوتنەكە كۆبووینەوە، هەڤاڵ ئەبوبەكر هۆكاری دواكەوتنی پرۆژەی داون تاونی بۆ بوونی كارگەیەكی ئارد لە ناو سایلۆ كۆنە گەڕاندەوە، كۆمپانیای هیوا ڕەئووف كە پرۆژەكە جێبەجێ دەكات گوتوویەتی تا ئەو كارگەی ئاردە لەوێ بێت ئەو ئامادە نییە پرۆژەكە دروست بكات".

سەرۆكی لیژنەی پلان و پڕۆژە باسی لەوەكرد كە پارێزگار نووسراوی بۆ شارەوانی كردووە بۆ پێدانی شوێن بە كارگە ئاردەكە، چاوەڕوانی وەڵامی شارەوانی دەكەین.
 
رەمەزان نامیق نامەیەكی هەڤاڵ ئەبوبەكر ئاشكرا دەكات كە پێش سەردانیان بۆ بینای پارێزگا، هەڤاڵ ئەبوبەكر نامەی بۆ ئەنجوومەنی پارێزگا ناردووە و داوای لێكردوون رێوشوێن بگرنەبەر تا بنگهێشتی ئەنجوومەن بكرێت، تەنانەت ئامۆژگاری ئەنجوومەنیشی كردووە. زیاتر گوتی "ناكرێت دەسەڵاتی جێبەجێكردن ئامۆژگاری دەسەڵاتی چاودێری بكات".

سلێمانی/ هۆشیار عەلی



وشە - فه‌رمان سادق