عێراق.. سوننە كار بۆ بەیاساییكردنی حەشدی هۆزەكانی دەكات

:: PM:11:08:28/01/2020 ‌

پەرلەمانتارێكی سوننە سەر بە پارێزگای دیالە باس لەوە دەكات كە ئەوەان وەك سوننە لەهەوڵی بەیاساییكردنی هێزەكانی حەشدی هۆزەكانیانن بەهاوشێوەی حەشدی شەعبی، ئەوەیش ناشارێتەوە كە لەو رووەوە هەوڵیان داوە، بەڵام سەكەوتوو نەبوون.
دەیانەوێ بەهاوشێوەی حەشدی شەعبی بوونیان بەردەوام بێت
عەبدولخالق عەزازی، پەرلەمانتاری عێراق لە لیستی هاوپەیمانی نیشتمانی سوونە بۆ "وشە" ئاشكرای كرد، وەك پەرلەمانتارانی سوونە ویست و نیازمان هەیە بۆ ئەوەی هێزەكانی حەشدی هۆزەكان، بەهاوشێوەی حەشدی شەعبی بكەین بە هێزێكی دانپێدانراوی عێراق.

زیاتر گوتی، لەماوەی رابردوودا بۆ ئەو مەبەستە لە رووی پێشنیازكردن بۆ پەرلەمان و چ بەخستنەڕووی داواكاری بۆ حكوومەتی ناوەند، هەندێك هەنگاومان ناوە، بەڵام هەنگاوەكانمان سەركەوتوو نەبووە و حكوومەت وەڵامی نەداینەتەوە .

لەبارەی ئەوەی كە ئاخۆ دروستكردنی هێزی زیاتر پشتكردن نییە لە سوپا یان بۆ داهاتوو پێوەندی هێزەكان چۆن دەبێت، ئەو پەرلەمانتارە پێی وایە لە وڵاتی نەتەوە و مەزەوی جیاواز ئاساییە هێزی زیاتر هەبێ و بۆ داهاتوو پێوەندی سەركردەی نەتەوە پێكهاتە جیاوازەكان پێوەندی ئەو هێزانە دیاری دەكەن .

هێزەكانی حەشدی هۆزەكانی سوننە دوای ئەوە پێكهاتن كە هێزی بەناو سەحوە لە ساڵانی رابروودا بۆ پاراستنی ناوچە سوننەنشینەكان لە تیرۆریستانی رێكخراوی قاعیدە دامەزرێنرا .

گەرمیان/ سەبری هۆرێنی



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل