وەزارەتی تەندروستی: بەڵێنمان پێدراوە كارمەندانی گرێبەست بە هەمیشەیی بكرێن

:: PM:08:56:16/02/2020 ‌
هەوڵەكان بەردەوامە بۆ دامەزراندنی كارمەندانی گرێبەستی سەر بە وەزارەتی تەندروستی. گوتەبێژی وەزارەتی تەندروستی دەڵێ، بەڵێنمان وەرگرتووە گرێبەستەكان بە هەمیشەیی بكرێن.

ئەمڕۆ یەكشەم 16ی شوبات، محەمەد قادر گوتەبێژی وەزارەتی تەندروستی بە "وشە"ـی راگەیاند، هەوڵی رژد لە ئارادایە بۆ ئەوەی كارمەندە گرێبەستەكانی وەزارەتی تەندروستی هاوشێوەی وەزارەتی پەروەردە بە هەمیشەیی بكرێن. 

گوتەبێژی وەزارەتی تەندروستی ئاشكرای كرد، حكوومەتی هەرێمی كوردستان بەڵێنی بە وەزارەتی تەندروستی ژمارەیەك كارمەندی گرێبەست بە هەمیشەیی بكات، بۆ پڕ كردنەوەی بەشێك لە گرفتی كەمی و نەبوونی میلاكی نەخۆشخانە و بنكە تەندروستییەكان. 

بەڵێنمان وەرگرتووە لە ماوەی نزیكی داهاتوودا كارمەندانی گرێبەست بە هەمیشەیی بكەین


زیاتر گوتی " ئێستە هەوڵێكی رژد هەیە و بەڵێنیش دراوە ژمارەیەك لەو گرێبەستانە بەپێی پێویستی و پسپۆڕی بە هەمیشەیی بكرێن، بەڵام هێشتا كاتەكەی دیاری نەكراوە". 

قسەكانی گوتەبێژی وەزارەتی تەندروستی لە كاتێكدایە هەر ئەمڕۆ وەزیری پەروەردەی حكوومەتی هەرێمی كوردستان لە لێدوانێكی رۆژنامەوانی رای گەیاند، لە داهاتووێكی نزیك، مامۆستایانی گرێبەستی سەر بە وەزارەتی پەروەردە، بە هەمیشەیی دەكرێن و دەتوانن مامەڵەی دامەزراندن ئەنجام بدەن.

پرسی دامەزراندنی كارمەندانی گرێبەستی وەزارەتی تەندروستی و مامۆستایان و سەرجەم فەرمانبەرانی وەزارەتەكانی تری حكوومەتی هەرێمی كوردستان، یەكێكە لەو تەوەر و باسانەی كە پەرلەمانی كوردستان یاسای دامەزراندنی بۆ دەركردن، بەڵام لەلایەن حكوومەتی هەرێمی كوردستانەوە رەوانەی پەرلەمان كرایەوە بەهۆی لێكەوتەی دارایی یاساییەكە لەسەر حكوومەت، هاوكات حكوومەتی هەرێمی كوردستان بەڵێنی ئەوەی داوە، ئەگەر دۆخی دارایی حكوومەت باشتر بێت، ئەوا هەنگاو بۆ دامەزراندنی فەرمانبەرانی گرێبەست هەڵدەگرێت بە مەبەستی بە هەمیشەیی كردنیان. 
 
راپەرین/ دڵشاد كەریم


وشە - فه‌رمان سادق