كاتێك گوێمان له وشه‌ی جه‌نگ ده‌بێ، ڕاسته‌وخۆ بیرمان بۆ له‌شكركێشی و بۆمب و مووشه‌ك و خوێن و ئاگر ده‌چێت، به‌ڵام جه‌نگی ئه‌م سه‌ده‌یه به ته‌واوی جیاوازه، زۆرترین ماڵوێرانی و زیانی دارایی به دوای خۆیدا ده‌هێنێت، به‌ڵام دڵۆپێك خوێن ناڕژێنێت، ئه‌مه
جه‌نگی شاراوه‌ی پشت شاشه‌ی كۆمپیوته‌ر و لاپتۆپه‌كانه و ساڵ دوای ساڵ زیاتر په‌ره به‌خۆیه‌وه ده‌بینێت و ملیاران دۆلار زیان به وڵاتان ده‌گه‌یه‌نێت.
له‌گه‌ڵ پێشكه‌وتنی خێرای ته‌كنه‌لۆجیا و گۆڕانكاری گه‌وره له ژیانی مرۆڤایه‌تی دروست بووه، به جۆرێك خه‌ریكه رۆبۆت و ئامێره خۆكاره‌كان زۆرترین پانتایی له ژیان داگیر ده‌كه‌ن، ئه‌مه بۆ دیوه مرۆییه‌كه‌ی كارێكی مه‌زن و گرنگه، چونكه ژیانی مرۆڤ زۆر ئاسانتر ده‌كات و هه‌موو پێویستییه‌كان له‌لایه‌ن ڕۆبۆته‌كانه‌وه ئه‌نجام ده‌درێن و چیتر مرۆڤ به لێخوڕینی ئۆتۆمبێل ماندوو نابێت، به‌ڵكوو ته‌نیا ئه‌وه‌ی له‌سه‌ریه‌تی دانیشتن و پشوودانه، له ڕووی پزیشكییه‌وه‌یش سه‌دان داهێنانی گه‌وره‌ی پزیشكی به‌هۆی ته‌كنه‌لۆجیا له ساڵانی ڕابردوو له‌سه‌ر ده‌ستی پزیشكان و داهێنه‌رانی بواری ته‌كنه‌لۆجیا پێشكه‌شی مرۆڤایه‌تی كران، كه به‌وهۆیه‌وه‌یش ژیانی ملیۆنان كه‌س له مه‌رگ ڕزگار كراوه و ده‌كرێت.
له ته‌ك هه‌موو ئه‌و خاڵه ئه‌رێنیانه، پێشكه‌وتنی ته‌كنه‌لۆجیا بووه‌ته مۆته‌یه‌ك و ژیانی مرۆڤیش له هه‌مان كات به‌ره‌و وێرانی ده‌بات، گرنگترین دیوی شاراوه و تاریكیشی بریتییه له جه‌نگی سیبرانی، یان جه‌نگی شاراوه، ئه‌م چه‌مكه بریتییه له پلان و به‌رنامه‌ی تۆكمه و نه‌خشه‌ڕێژكراو، له‌لایه‌ن تیمه تایبه‌ته‌كانی پسپۆر له بواری ته‌كنه‌لۆجیا و هێرشكردنه سه‌ر سیسته‌مه ئه‌لیكترۆنییه‌كانی وڵات، كه خۆی له‌سیسته‌می ئینته‌رنێت و پێوه‌ندییه‌كان و كاره‌با و پرۆگرامی حكوومه‌ته ئه‌لیكترۆنییه‌كان و سیسته‌می كۆمپیوته‌ری ده‌زگه هه‌واڵگرییه‌كان ده‌بینێته‌وه.
له‌جیاتی شه‌ڕی تانك و مووشه‌ك شه‌ڕی هه‌زاری سێیه‌م شاشه و كلیك ده‌بێت
گۆڕانی ستراتیجی شه‌ڕ و ڕووبه‌ڕوبوونه‌وه‌كان له تانك و فڕۆكه‌وه، بۆ شاشه‌ی كۆمپیوته‌ره‌كان و كلیككردن، تێچوویه‌كی زۆر كه‌می هه‌یه، هاوكات زیانی قورس و گه‌وره‌یش له نه‌یار ده‌گه‌یه‌نێت، له‌به‌ر ئه‌وه ئێسته له دنیا كه‌سانی شاره‌زا له بواری ته‌كنه‌لۆجیا و بواری پرۆگرامینگ و هاككردن به كه‌سانی زۆر ده‌گمه‌ن و خوازراو داده‌نرێن، له سیاسه‌تی زۆربه‌ی وڵاتانی پێشكه‌وتووی دنیا، پێشتر وه‌رگرتنی په‌نابه‌ر ئه‌وانه‌ی بڕوانامه‌ی باڵای پزیشكی و ئه‌ندازیارییان هه‌بوو كارێكی زۆر ئاسان بوو، به‌ڵام ئێسته پرۆگرامه‌ره‌كان له تۆپ لیستی خواستی وڵاتانن، ئه‌و كه‌سانه‌ی كه له‌و بواره شاره‌زایان له سه‌رجه‌م وڵاتان پێشوازییان لێ ده‌كرێت.
ئه‌م جۆره كه‌سانه و ئه‌و جه‌نگه، وه‌ك كاریگه‌رترین چه‌ك و ستراتیجی سه‌ربازی له سه‌ره‌تای سه‌ده‌ی سێیه‌می زاینییه‌وه له‌لایه‌ن ده‌زگه‌ی هه‌واڵگری و سوپای وڵاتانه‌وه به نهێنی تیم و یه‌كه‌ی تایبه‌تی بۆ دروستكراوه. له‌و نێوه‌نده‌یش دا، كام وڵات خاوه‌نی زۆرترین و زیره‌كترین پرۆگرامه‌ر و هاككه‌ری لێزان بێ، به به‌هێزتر و زلهێزی دنیا داده‌نرێت.
ئه‌و شێوازی جه‌نگ و ستراتیجه نوێیه‌یش دابه‌ش ده‌بێ به‌سه‌ر دوو ته‌وه‌ری سه‌ره‌كی، یه‌كێكیان لایه‌نی هێرشبردنه كه زۆرێك له وڵاته زلهێزه‌كانی دنیا و نه‌یاره‌كان دژی یه‌كتر پشتی پێ ده‌به‌ستن، وه‌كو جه‌نگی نێوان ڕووسیا و ئه‌مه‌ریكا، چین و ئه‌مه‌ریكا و ئێران و ئه‌مه‌ریكا و كۆریای باكور، ئه‌و وڵاتانه به‌هۆی ململانێی قورس له نێوانیان بۆ تۆڵه‌كردنه‌وه له‌یه‌كتر زۆرجار په‌نا بۆ ئه‌و جۆره جه‌نگه ده‌به‌ن.
لایه‌نی دووه‌می بریتییه له به‌رگریكردن، كه ئه‌مه‌یش خۆی له به‌هێزكردنی سیسته‌می به‌رگری ته‌واوی سیسته‌مه ته‌كنه‌لۆجییه‌كانی وڵاته‌كه ده‌گرێته‌وه، له‌لایه‌ن گه‌شه‌پێده‌رانی بواری ته‌كنه‌لۆجیا و پرۆگرامه‌كان، ئه‌وان به‌رنامه‌ی زۆر ئاڵۆز و پێشكه‌وتوو دروست ده‌كه‌ن، سه‌دان دیواری ته‌ناهی له گه‌یشتنی هاككه‌رزان به نێو سیسته‌م و به‌رنامه‌ی وڵاته‌كان داده‌نێن، جیا له‌وه‌یش به به‌رده‌وامی چاودێری تۆڕ و سیسته‌مه‌كان ده‌كه‌ن، بۆ ئه‌وه‌ی له ئه‌گه‌ری هه‌ر هێرشێك ئاماده‌یی ته‌واویان هه‌بێت و به‌رگری بكه‌ن و ڕێ نه‌ده‌ن كه زیان به‌ر سیسته‌می ئه‌لیكترۆنی وڵاته‌كه له بواره جیا جیاكان بكه‌وێت.
ئه‌مجۆره جه‌نگه یه‌ك دڵۆپ خوێنی لێ ناڕژێ، به‌ڵام به ملیاران دۆلار زیانی لێ ده‌كه‌وێته‌وه
به گوێره‌ی داتا و ئاماره‌كانی جه‌نگی ئه‌و بواره، ئه‌مه‌ریكا زۆرترین هێرشی ده‌كرێته‌سه‌ر و زۆرترین هێرشیش بۆ سه‌ر نه‌یاره‌كانی ئه‌نجام ده‌دا، له ڕیزبه‌ندی دووه‌میش جه‌زائیر دێ، كه ساڵانه 130 هه‌زار هه‌وڵی هاككردنی سیسته‌می كۆمپیوته‌ری وڵاته‌كه و تۆڕی ئینته‌رنێت ده‌درێت، پاشان ئێران و ڕووسیا دێن، زۆرترین ئه‌و هێرشانه‌ی كراوه‌ته سه‌ر ئێرانیش سیسته‌می وێستگه ئه‌تۆمییه‌كانی ئێرانن، بۆ ئه‌وه‌ی سیخوڕییان به‌سه‌ره‌وه بكرێ و زانیاری‌یان له‌سه‌ر كۆ بكرێته‌وه.
له ساڵانی ڕابردوویش گه‌نجێكی ته‌مه‌ن 20 ساڵی ئه‌ڵمانی هێرشێكی گه‌وره‌ی كرده سه‌ر سیسته‌می ئه‌لیكترۆنی حكوومه‌تی وڵاته‌كه‌ی و داتا تایبه‌ته‌كانی ئه‌نگێلا مێركلی ڕاوێژكاری وڵات و هه‌زار به‌رپرسی تری برد، كه له ڕێی ئه‌سپی ته‌ڕواده‌وه كه پێوه‌ستی كردبوو به فایلی وۆرد و پاوه‌رپۆینته‌وه، توانای بچێته ناو سیسته‌می هه‌واڵگری وڵاته‌كه، ئه‌و پرۆسه‌یه‌ش به ئابوورچوونه گه‌وره‌كه‌ی ئه‌ڵمانیا ناوبرا.
پێشبینی ده‌كرێ له ده‌یه‌ی دووه‌می هه‌زاره‌ی سێیه‌می زاینی ئه‌و بواره زۆرترین پانتایی له نێو ناكۆكی و ململانێی وڵاتان بگرێته‌وه و حكوومه‌ته‌كانی دنیا زۆرترین گرنگی پێ بده‌ن، هه‌ر ئه‌مه‌یش هۆكاری ئه‌وه‌یه كه وڵاتان و ده‌زگه هه‌واڵگرییه‌كان زۆرترین سه‌رمایه و ده‌رفه‌ت ده‌خه‌نه به‌رده‌م كه‌سانی شاره‌زای ئه‌و بواره و له هه‌ر كوێی دنیا بن، ده‌یانه‌وێ بۆ لای خۆیان كێشیان بكه‌ن.