جێگری وەزیری تەندروستی ئێران تووشی کۆرۆنا بوو

:: PM:03:53:25/02/2020 ‌
دوێنێ گومانی تووشبوونی جێگری وەزیری تەندروستی ئێران بە ڤایرۆسی کۆرۆنا وای کرد پشکنینی بۆ ئەنجام بدرێت و کەمێک پێش ئێستە وەزارەتی تەندروستی ئەو وڵاتە رای گەیاند، ئەنجامی پشکنینەکە ئەرێنی بووە.
لە ئەنجامی پشکنینەکە دەرکەوتووە تووشبووی ڤایرۆسی کۆرۆنایە

ئەمڕۆ سێشەم 25ی شوبات، وەزارەتی تەندروستی ئێران لە راگەیەنراوێکدا بڵاوی کردەوە، ئەنجامی پشکنینی عەلیڕەزا وەهابزادە، جێگری وەزیری تەندروستی ئێران گەڕاوەتەوە و دەرکەوتووە تووشبووی ڤایرۆسی کۆرۆنایە.

لە بەشێکی تری راگەیەنراوەکەدا هاتووە، هۆی تووشبوونی وەهابزادە بەو ڤایرۆسە ئەوە بووە لە شاری قوم راستەوخۆ لەگەڵ تووشبووانی ئەو ڤایرۆسە پێوەندی هەبووە.

"عەلیرەزا وەهابزادە پزیشکی پسپۆڕی نەخۆشییەکانی هەناوە و بۆ پشکنین و چارەسەرکردنی تووشبووانی کۆرۆنا چووەتە مەشهەد" لە راگەیەنراوەکەدا وا نووسراوە.

تا ئێستا گومان لە تووشبوونی چەندان بەرپرس و وەزیری کۆماری ئیسلامی ئێران دەکرێت کە تووشی ڤایرۆسی کۆرۆنا هاتبن، دوێنیش لە هۆڵی پەرلەمان ئەندام پەرلەمانێک لەکاتی وتارخوێندنەوەدا لە هۆش خۆی چوو و دواتر دەرکەوت تووشبووی ئەو ڤایرۆسەیە.

پێشتر میدیاکحان بڵاویان کربۆوە کە محەمەد جەواد زەریف بەهۆی پێوەندی و کۆبوونەوەی لەگەڵ سەرۆکی شارەوانی 13ی تاران کە تووشبووی کۆرۆنا بووە، ئەویش گیرۆدەی ئەو ڤایرۆسە بووە.

ڤایرۆسی کۆرۆنا لە ئێران بە خێراییەکی زۆر تەشەنە دەکات و تا ئەمڕۆ بەپێی ئامارە فەرمییەکانی وەزارەتی تەندروستی ئەو وڵاتە 95 تووشبوو و 12 حاڵەتی مردن بەهۆی کۆرۆناوە هەیە.



وشە - هیدایه‌ت جان