ئەنجامی پشكنینەكانی ڤایرۆسی كۆرۆنا لە سلێمانی ڕاگەیەنرا

:: PM:02:01:29/02/2020 ‌
وەزیری تەندروستی حكوومەتی هەرێمی كوردستان ئاشكرای دەكات، پشكنین بۆ ئەو كەسانە تەواو بووە كە گومانی هەڵگری ڤایرۆسی كۆرۆنایان لێ دەكرا.

ئەمڕۆ شەموو 29ـی شوبات، سامان بەرزنجی وەزیری تەندروستیی حكوومەتی هەرێمی كوردستان لە كۆنگرەیەكی ڕۆژنامەوانیدا ڕای گەیاند، ئەو گومان لێكراوانە لە شار و شارۆكە جیاوازەكانی هەرێمی كوردستان بوونە، لە نەخۆشخانەكان بە ئامێری پشكنینی ڤایرۆسی كۆرۆنا پشكنینیان بۆ كرا. 

هەموو رێكارەكانمان لەگەڵ تەندروستی و پارێزگاری سلێمانی تاوتوێ كردووە 
وەزیری تەندروستی گوتی، خۆشبەختانە تا ئێستە هیچ تووشبوویەك بە ڤایرۆسی كۆرۆنا نییە، ئەمڕۆش سەردانی نەخۆشخانەیەكمان كرد كە وەك پلان بی بۆ ئەگەری بەرزبوونەوەی ژمارەی تووشبووان دانراوە، هەموو رێكارەكانمان لەگەڵ تەندروستی و پارێزگاری سلێمانی تاوتوێ كردووە. 

ئاشكرای كرد، بەرەنگاربوونەوەی ڤایرۆسی كۆرۆنا بەردەوامی هەیە و دۆزینەوەی گومان لێكراوانیش گرنگترین كارێكە كە بیكەین، چونكە ئێستە تەنیا لەو رێیەوە دەتوانین رێ لە بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسەكە بگرین. 

ڕوونی كردەوە، پێویستە هاووڵاتییان چاوپۆشی لە گومان لێكراوان نەكەن، ئەگەر هەستیان بە نیشانەكانی كۆرۆنا كرد سەردانی لیژنە پزیشكییەكان و سەنتەرەكانی تەندروستی بكەن و نەیشارنەوە، چونكە دەبێتە هۆی زیان بۆ كەسوكاری خۆیان.
ماوەی زیاتر لە هەفتەیەكە بەهۆی بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی كۆرۆنا لە ئێران و تۆماركردنی چەند حاڵەتێكی لە عێراق، حكوومەتی هەرێمی كوردستان ڕێوشوێنەكانی توندتر كردووە. هاوكات دوێنی بەڕێوەبەرایەتی تەندروستی سلێمانی داوای كرد هاووڵاتییان لەو سنوورە زیاتر بە ڕێنوێنییە تەندروستییەكان پابەند بن.



وشە - رامیار جەواد