سزای ئەو كەسانە ڕاگەیەنرا كە هاووڵاتی بە قاچاخ دەگوازنەوە

:: AM:10:00:31/03/2020 ‌
دادوەرێكی داواكاری گشتی هەرێمی كوردستان، سزای ئەو كەسانە ئاشكرا دەكات كە خەڵك بە قاچاخ دەگوازنەوە.

ئەمڕۆ سێشەم 31ـی ئادار، داواكاری گشتی هەرێمی كوردستان لە روونكردنەوەیەكدا كە لەلایەن دادوەر ئازاد حاجی كاكۆل ئەندامی داواكاری گشتی ڕای گەیاندووە، چەند ڕۆژێكە لە ڕاگەیاندنەكان گوێبیستی ئەوە دەبین كە كەسانێك كە ڕێ پێدراون لەلایەن قایمقامییەتەوە بۆ گواستنەوەی خۆراك بە ئۆتۆمبێلی بارهەڵگر، بەڵام لە بری ئەوە هەڵساون بە هێنانی خەڵك بۆ شاری هەولێر.

سزا دەدرێ بە بەندكردن بە پێنچ تا 15 ساڵ 
ڕوون كراوەتەوە، ئەو كارە بە ڕێی قاچاخ ناو دەبرێ كە لە ناو ئۆتۆمبێلی بارهەڵگرە، ئەمەش بە پێی یاسای ژمارە (28) ساڵی (2012) قەدەغەكردن و بازرگانیكردن بە مرۆڤ بەپێی مادە پێنج، بە تاوان هەژمار دەكرێ كە سزای هەیە.

باسی لەوەش كردووە، بەپێی مادەی پێنج، هەر كەسێك هەڵسێت بە شاردنەوە یان گواستنەوەی خەڵك لە شارێكەوە بۆ شارێكی تر بەشێوەكی قاچاخ بۆ هەر مەبەستێك بێت، بەرانبەر بڕێك پارە بەشێوەیەكی نایاسایی و فێڵكردن لە دەسەڵات، سزا دەدرێ بە بەندكردن بە پێنچ تا 15 ساڵ، هەروەها پێژماردن (غەڕامە) لە پێنج ملیۆن تا 10 ملیۆن دینار.

ڕاگەیاندنی ئەو سزایە لە كاتێكدایە ئێستە هەشت ئۆتۆمبێل لە هەولێر دەستیان بەسەردا گیراوە بەهۆی گواستنەوەی خەڵك بە ڕێی قاچاخ.



وشە - رامیار جەواد