چل هەزار كەس لە خەلیفان كەرەنتیەنە كراون

:: PM:10:05:31/03/2020 ‌

بەهۆی تۆماركردنی حاڵەتێكی كۆرۆنا لە شارەدێی خەلیفان سەر بە شارۆكەی سۆران، ماوەی دوو رۆژە كەرەنتینەی سنوورەكە كراوە و هەموو جموجۆڵێکی هاتوچۆ قەدەغە كراوە.

رۆژی یەكشەم، 29ی ئادار، یەكەم حاڵەتی تووشبوو بە كۆرۆنا لە شارەدێی خەلیفان راگەێندرا كە 19 رۆژ بوو لە وڵاتی بەریتانیا گەڕابووەوە، رۆژی دواتریش وەزارەتی تەندروستی پێنج  تووشبووی تری لە هەمان شارەدێ راگەیاند كە سەرجەمیان كەس و كار و خزمی تووشبووەكەبوون.

بەپێی زانیاریەکانی "وشە" باری  تەندروستی کەسە تووشبووەکەی خەلیفان جێگرە، لە 10ی ئادار،  دوای نۆ ساڵ و حەوت مانگ بۆ یەکەم جار گەڕاوەتەوە و کوردستان و لە رێگەی فڕۆکەخانەی هەولێر گەیشتووەتەوە کوردستان و  پشکنینی بۆ کراوە و ئەوکات نێگەتیف دەرچووە، پاش 19 رۆژ لە هاتنەوەی لەسەر بڕیاری وەزارەتی تەندروستی  دووبارە پشکنینی بۆ کراوەتەوە و دەرکەوتووە هەڵگری ڤایرۆسی کۆرۆنایە.

عەلی شەریف گەنجێكی دانیشتووی شارەدێی خەلیفانە بە "وشە"ی راگەیاند، حكوومەت و لایەنە پەیوەندی دارەكان بودجەیەكی تایبەت بۆ شارەدێی خەلیفان دابین بكەن، چونكە ژمارەیەك تووشبووی كۆرۆنا هەیە و رۆژ بە رۆژیش رێژەكە لە هەڵكشانە و شارەدێییەكەش بە تەواوی دانیشتوانانییەوە كەرەنتیینە كراوە، بەشی زۆری خەلكی خەلیفان باری ئابوورییان باش نییە و ئێستە دۆخەكە بە تەواوی گۆڕاوە

زیاتر گوتی، وەک دانیشتوانانی خەلیفان پابەندی ڕێنماییەكانی وەزارەتی تەندروستی و ناوخۆی  حكوومەتی هەرێمین و ڕێز لە ماندووبوونی هێزی ئەمنی و پزیشکان و کارمەندانی تەندروستی دەگرین بۆ خۆپارێزی لەم ڤایرۆسە، چونكە چەند كەسێك تووشی هەڵگری ئەم ڤایرۆسە بوونە.

لەوبارەیەوە، د.كاروان جەمال بەڕێوەبەری تەندروستی سۆران بە "وشە"ی راگەیاند، دوای راگەیاندنی یەكەم حاڵەتی كۆرۆنا لە شارەدێی خەلیفان، خێزان و كەس و كاری ئەو كەسەمان هەمووی كەرەنتینە كرد كە ژمارەیان 19 كەس بوو، دوای پشكنین دەركەوت لە كەس و كارەكەی پێنج كەس بەركەوتەی کەسەکەیان هەبووە و كۆرۆیان گرتووە.

لە مەودوا پشكنینی كۆرۆنا لە سۆران دەكرێت و پێویست بە هەولێر ناكات

ڕوونیشی کردەوە، تیمەكانمان رۆژانە سەردانی خەلیفان دەكەن و رێكارەکان دەگرنەبەر، لە ماوەی دوو رۆژەدا 152 نموونەی پشكنینمان بۆ دراوسێ و هاوڕێ و كەسە نزیكەكانی ئەو كەسە كردووە كە هەڵگری ڤایرۆسی كۆرۆنا بووە، لە قۆناغی یەكەمدا 76 كەسیان پشكنینەكەیان نێگەتیف  و خاوێن دەرچوون، بەربەیانی سبەی چوارشەم ئەنجامی پشكنینی كۆرۆنا دەردەچێت.

جیا لە شارەدێی خەلیفان، هاوكات كۆمەڵگەی سێبیران لە هەولێر و شارۆكەی دەربەندیخانی سلێمانیش بەهۆی هەبوونی حاڵەتی ڤایرۆسی كۆرۆنا،  بە تێكرای دانیشتوانانەوە لە شوێنەكانی خۆیان كەرەنتیینە كراون.

كاروان كەریمخان بەڕێوەبەری شارەدێی خەلیفان بە "وشە"ی راگەیاند، رێكارەكانی خۆپارێزی لە خەلیفان گەیشتووەتە بەرزترین ئاست ئەویش كەرەنتینە كردنی خەلیفان و دەرووبەری و قەدەغەی تەواوەتی هاتوچۆ بۆ ئۆتۆمبێل و پیادەیە، بۆ سەلامەتی گشتی هاووڵاتییان رێكارەكان زۆر توند كراون و هاتوچۆ لە خەلیفانەوە بۆ شوێنەكانی تر بە هیچ شێوەیەك رێگە پێدراو نییە.

ئاماژەی بەوەیش داوە، ئەوانەی مووچە خۆرن لە خەلیفان قسە لەگەل گەنجینەی سۆران کراوە رێوشوێنی گونجاو دابنێن بۆ دابەش کردنی مووچە لەرێی بەرێوەبەرایتیەکانەوە بەشێوەی دیلێڤەری، لەو چەند رۆژەیش بەشە خۆراکی مانگانە بۆ ئەو مانگە روون و شەکرە دەکاتە دەستی هاووڵاتییان لە سنوورەکەمان.

كەرەنتیینەكە بۆ ماوەی 14 رۆژ بەردەوامی دەبێت، لەو ماوەیەدا رۆژانە لەلایەن تیمەكانی بەرگری شارستانی بە مەوادی تایبەت سەرجەم شوێنەكان دەڕشێندرێت، هەوڵی تەوامان داوە لە رێگەی حكوومەت و دەزگا خێرخوازیەكان هاوكاری دەگێندرێتە خەلیفان بەسەر كەسانی كەمدەرامەت و بێدهات دابەش دەكەین. كاروان كەریمخان وای گوت.

خەلیفان لە رووی کارگێریەوە سەر بە شارۆکەی سۆرانە لە پارێزگەی هەولێر، رێژەی دانیشتوانانی 40 هەزار کەسە و بەشێوەیەک 20 هەزار سەنتەری شارەدێ و 20 هەزاریش گوند و ئاوایەکان رێژەی دانیشتوانی خەلیفان پێکدێنن.

سۆران/ موڕشید برادۆستی


وشە - ڕۆزی عه‌بدولره‌حمان