دەرمانێكی دژ بە كۆرۆنا لە تاقیكردنەوە سەركەوتوو دەبێت

:: PM:08:28:08/04/2020 ‌

تا ئێستەیش بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی كۆرۆنا لە وڵاتانی دنیا روو لە هەڵكشانە، لە ئەمەریكا دەرمانێكی نوێ بەرهەمدێت، كە بە شێوەی حەبە، ئەنجامی باشی بەدەست هێناوە بۆ رێگرتن لە زۆربوونی ڤایرۆسی كۆرۆنا، ئەو لەسەر ئاژەڵی تاقیگە بەكارهێنراوە و خەریكە لەسەر مرۆڤیش بەكاردێت، ئەگەر سەركەوێت، دەبێتە یەكەم چارەسەری بۆ رووبەڕووبوونەوەی ڤایرۆسەكە.
ئەگەر تاقیكردنەوەی لەسەر مرۆڤ سەركەوت دەبێتە یەكەم چارەسەری دژ بە كۆرۆنا
توێژەرانی ئەمەریكی دەڵێن، ئەو دەرمانە توانوویەتی زۆربوونی ڤایرۆسەكە لە سییەكانی مشكێكی تووشبووی چەند رۆژە بە كۆرۆنا بوەستێنێت و كاری سییەكانی باشتر بكات، لە تاقیكردنەوەی دەرمانەكە بەسەر خانەی وەرگیراوی سییەكانی تووشبووی مرۆڤ لە لوولەی تاقیكردنەوەیش هەمان ئەنجامی هەبووە.

ئەو دەرمانە ناوی " EIDD-2801  "یە و بەپێی توێژینەوەیەك لە بڵاوكراوەی " Science Translational Medicine  "ی زانستی بڵاو كراوەتەوە، ئەو كار بۆ بەربەستكردنی میكانیزمی سەرەكیی زۆربوونی ڤایرۆسەكە دەكات، بۆ زیادبوونی ژمارەیان و بوونە هۆی دروستبوونی پەتاكە، بۆیە ئەگەر ئەو دەرمانە لەسەر مرۆڤ سەركەوت، دەبێتە یەكەم چارەسەری شێوە حەب كە بۆ رێگرتن لە بڵاوبوونەوەی پەتاكە بەكاردەهێنرێت.

ئەمە و كۆمپانیای "Ridgeback Biotherapeutics"ی دەرمان، مۆڵەتی لە بەڕێوەبەرایەتی دەرمان و خۆراكی ئەمەریكی وەرگرتووە بۆ تاقیكردنەوەی دەرمانەكە لەسەر مرۆڤ لە ماوەی چەند مانگی داهاتوودا.





وشە - مه‌حموود ئیسماعیل