له‌ ده‌ره‌وه‌ كۆرۆنا و له‌ ماڵه‌وه‌ توندوتیژیی ناو خێزان

:: PM:10:25:18/04/2020 ‌

وه‌ك زۆر گرفتی ئابووری و سیاسی كه‌ په‌تای ڤایرۆسی كۆرۆنا له‌گه‌ڵ خۆیدا هێنا، بێبه‌ش نه‌بوو له‌و گیروگرفته‌ كۆمه‌ڵایه‌تییانه‌ی به‌هۆی مانه‌وه‌ له‌ ماڵه‌وه‌ خێزانه‌كان تووشی بوون، ئه‌مه‌یش دیارده‌یه‌كه‌ له‌سه‌ر ئاستی هه‌موو دنیا به‌ربڵاوه‌.

خێزانه‌كان به‌ شێوه‌ی ئاسایی وا ڕاهاتوون، به‌ڕۆژ له‌ ده‌ره‌وه‌ خه‌ریكی كار و خوێندن و سه‌رقاڵییه‌كانی ژیانن، ئێواران دێنه‌وه‌ ماڵه‌وه‌، كاتێكی كه‌م پێكه‌وه‌ ده‌بن و ده‌خه‌ون، بۆ سبه‌ی هه‌مان به‌رنامه‌ دووباره‌ ده‌بێته‌وه‌، بۆیه‌ كه‌مترین به‌ریه‌ككه‌وتن دروست ده‌بێ، به‌ڵام دوای ئه‌وه‌ی ڤایرۆسی نوێبووه‌وه‌ی كۆرۆنا (كۆڤید 19) زۆربه‌ی خه‌ڵكی گۆی زه‌وی له‌ ماڵه‌كانیان گیر كرد، بووه‌ هۆی ئه‌وه‌ی زۆرترین كات پێكه‌وه‌ بن، ئه‌مه‌یش واته‌ زۆرترین گفتوگۆ و زۆرترین لێكهه‌ڵپژان و دواتریش زۆرترین توندوتیژی لێ ده‌كه‌وێته‌وه‌.
توندوتيژیی ناو خێزان بەهۆی زۆر مانەوەی ئەندامان بەیەکەوە دروست دەبێ
وێڕای ئه‌وه‌ی وه‌ك چۆن خه‌ڵكی له‌ ماڵه‌وه‌ن، به‌شێكی زۆری ده‌زگه‌كانی حكوومه‌ت و ڕێكخراوه‌كانی مافی مرۆڤیش له‌كار كه‌وتوون، بۆیه‌ ناتواندرێ ڕووپێوێكی دروست له‌سه‌ر ڕێژه‌ی توندوتیژی له‌م ماوه‌یه‌دا بزاندرێ، به‌ڵام ئه‌وه‌ی هه‌رچۆنێك بێت ڕێكخراوی نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتووه‌كان پێی گه‌یشتووه‌ ئه‌وه‌یه‌ كه‌ ڕێژه‌كه‌ له‌ به‌رزبوونه‌وه‌یه‌كی به‌رچاودایه‌، ئه‌مه‌یش به‌پێی شیكردنه‌وه‌ی توێژه‌رانی كۆمه‌ڵایه‌تی چاوه‌ڕوانكراو بووه‌.

ئه‌نتۆنیۆ گۆتیریش ئه‌مینداری گشتیی نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتووه‌كان، داوای له‌ حكوومه‌تی وڵاتان كرد، دۆخێك دروست بكه‌ن بۆ ئه‌وه‌ی ژنان له‌ناو خێزانه‌كانیاندا سه‌لامه‌ت بن، سه‌ره‌تا سه‌لامه‌تیی ته‌ندروستی بۆ ڕووبه‌ڕوبوونه‌وه‌ی كۆرۆنا، پاشان سه‌لامه‌تیی به‌رانبه‌ر توندوتیژی خێزانی.

ماریان هیستر پسپۆڕی كۆمه‌ڵناسی له‌ زانكۆی بیستۆل ده‌ڵێ، هه‌موو هۆكاره‌كانی زیادبوونی توندوتیژی به‌هۆی مانه‌وه‌ له‌ ماڵه‌وه‌ دروست بووه‌، چونكه‌ هه‌تا زیاتر خێزانه‌كان له‌گه‌ڵ یه‌كدا بمێننه‌وه‌، ڕێژه‌ی توندوتیژی زیاد ده‌كات، پێشتریش ئه‌وه‌ سه‌لماوه‌، له‌ جه‌ژنه‌كانی سه‌ری ساڵ و پشووه‌كاندا، ڕێژه‌ی توندوتیژی به‌رز بووه‌ته‌وه‌.

گرفته‌كه‌ له‌وه‌دایه‌، ئێسته‌ به‌گشتی پلانه‌كان بۆ یه‌ك خاڵه‌ ئه‌ویش مرۆڤ له‌ده‌ست ئه‌و ڤایرۆسه‌ ڕزگاری ببێت كه‌ تا ئێسته‌ زیاتر له‌ 155 هه‌زار كه‌سی كوشتووه‌ و زیاتر له‌ دوو ملیۆن و 230 هه‌زار كه‌س له‌ سه‌رانسه‌ری دنیادا تووش بوون. 
توندوتیژیی بەرانبەر پیاویش هەر ڕووی لە هەڵکشانە
زۆر جار كاتێك باسی توندوتیژیی خێزانی ده‌كرێ، ته‌نیا یه‌ك ڕووی ده‌گێڕدرێته‌وه‌ كه‌ توندوتیژیی پیاوه‌ به‌رانبه‌ر ئافره‌ت. ئه‌گه‌رچی ئه‌وه‌ دیارده‌ هه‌ره‌ زۆره‌كه‌یه‌، به‌ڵام توندوتیژیی به‌رانبه‌ر پیاوانیش هه‌ر به‌هۆی ئه‌م زۆر مانه‌وه‌ له‌ ماڵه‌وه‌ ڕووی له‌ هه‌ڵكشان كردووه‌. ئه‌وه‌تا به‌پێی ئه‌و زانیارییانه‌ی بورهان عه‌لی سه‌رۆكی یه‌كێتیی پیاوانی كوردستان به‌ "وشه‌"ی راگه‌یاند، له‌ ماوه‌ی یه‌ك مانگدا واته‌ له‌ 10ی ئادار بۆ 10ی نیسان كه‌ كه‌ره‌نتین هه‌بووه‌ و هاووڵاتییان له‌ ماڵه‌كانیان ماونه‌ته‌وه‌، زۆرترین حاڵه‌تی خۆكوشتنی پیاوان به‌راورد به‌ مانگه‌كانی تر تۆمار كراوه‌. له‌و ماوه‌یه‌دا حه‌وت پیاو خۆیان كوشتووه‌ و یه‌ك پیاوی تریش له‌لایه‌ن ژنه‌كه‌یه‌وه‌ به‌ هاوكاریی كه‌سانی تر كوژراوه‌، هاوكات نزیكه‌ی 90 پیاویش سكاڵایان تۆمار كردووه‌ به‌هۆی ئه‌وه‌ی توندوتیژییان له‌لایه‌ن ژنه‌كانیانه‌وه‌ به‌رانبه‌ر كراوه‌.

ئه‌وه‌یشی خستووه‌ته‌ ڕوو ئه‌و ئاماره‌ به‌راورد به‌ مانگی پێشوو زیادی كردووه‌، هاوكات له‌ ماوه‌ی سێ مانگی یه‌كه‌می ساڵی 2019، 136 سكاڵا تۆمار كرابوو، 13 حاڵه‌تی خۆكوشتنی پیاوان و چوار حاڵه‌تی كوشتنی پیاوان له‌لایه‌ن ژنه‌كانیانه‌وه‌ به‌ هاوكاری كه‌سانی تر هه‌بووه‌.

لە کوردستان توندوتیژی بەرانبەر ژنان کەمی کردووە

ئه‌وه‌ی جێی سه‌رنجه‌، به‌پێی ئه‌و ئامارانه‌ی له‌ كوردستان تۆمار كراون، جیاواز له‌و داتایانه‌ی له‌سه‌ر ئاستی دنیا لای نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتووه‌كانه‌، توندوتیژی به‌رانبه‌ر ژنان ڕووی له‌ كه‌می كردووه‌. كوردۆ عومەر بەڕێوەبەری بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی دژی ژنان و خێزان به‌ "وشه‌"ی گوت، لەوەتەی قەدەغەی هاتوچۆ بەهۆی بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی كۆرۆنا لە هەرێمی كوردستان جێبەجێ كراوە، توندوتیژییەكانیش دژ بە ژنان زۆر كەمیان كردووە.

 پێی وایە هۆكاری كەمبوونەوەی ئامارەكان بۆ چەند فاكتەرێك دەگەڕێتەوە، پێش كۆرۆنا، پیاو هەبووە هیچ كات نانی لە ماڵەوە نەخواردووە و لەگەڵ ژنەكەی لەسەر یەك سفرەی خوان نەبووە، كاتی نەبووە لەگەڵ منداڵەكانی دابنیشێت، جگە لەمەش پیاوی وەها هەبووە پەنای دەبردە بەر خیانەتی هاوسەری. گوتی "ئەو پیاوانە هێندەی لە دەرەوە خەریكی موجامەلەی ژنان بوون، لە ماڵەوە دیالۆگی لەگەڵ ژن و منداڵەكانی نەكردووە، بۆیە ئەوانە كاریگەری خۆیان هەیە، بە پێچەوانەوەش ئێستە كە لە ماڵەوەن دەرفەتی گفتوگۆ و چارەسەری كێشەكانیان هەیە و خۆشەویستی و ئاشتی گەڕاوەتەوە ماڵەکان".

ڤایرۆسەکانی کۆرۆنا، گرووپێک ڤایرۆسن کە مەمکدارەکانه‌وه‌ ده‌گوازرێنه‌وه‌، لەوانەش بۆ مرۆڤەکان و باڵندەکان. لە مرۆڤەکاندا، دەبنە ھۆی ھەوکردنی کۆئەندامی ھەناسە، بەڵام لە ھەندێک بارودۆخدا ڕەنگە کوشندە بن. لە مانگا و بەرازدا لەوانەیە ببنە ھۆی سکچوون، لە کاتێکدا لە مریشکدا دەبیتە ھۆی ژەھراویبوونی بەشی سەرەوەی کۆئەندامی ھەناسە. تا ئێستا ھیچ دەرمانێکی کوتانی یان خۆراکی بۆ چارەسەر و ڕێگرتن لە ئەم ڤایرۆسە نەدۆزراوەتەوە.

ناوی کۆرۆنا لە وشەی لاتینی corona وەرگیراوە کە بە مانای تاج دێت ئەمەش بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە کە شێوەی ڤایرۆسەکە لەژێر مایکرۆسکۆپدا بە شێوەی تاج دێتە بەرچاو. ئەم جۆرە لە ڤایرۆسانە بۆ یەکەم جار لە ساڵی 1965ز دۆزرایەوە و لێکۆڵینەوەکان لەسەری تا ساڵی ١٩٨٠ بەردەوام بوو. ئەو کەسانەی کە پێشتر ھەڵگری نەخۆشی تر بێت یاخود ئەو مناڵانەی کە ناخۆشی دڵیان ھەبێت خێراتر توشی ئەم نەخۆشیە دەبن. ڤایرۆسە کڕۆنیەکان زیادتر لە زستان و بەھاراندا خەڵک توشی نەخۆشی دەکەن. ھەرچەند ئەم خانەوادەیە لە ڤایرۆسەکان زیادتر لە ئاژەڵاندا بەدی کراوە بەڵام پێنج جۆریان کاریگەری دەخەنە سەر ھەناسەدانی مرۆڤ.

ئەم ڤایرۆسە لە شاری وۆھان لە وڵاتی چینەوە لە مانگی كانوونی یه‌كه‌می ساڵی پار دەرکەوته‌وە و پەرەی سەند. ڤایرۆسەکە تایبەت بە ئاژەڵان بووە کە بە ھۆکارگەلێکەوە بۆ مرۆڤ گوازراوەتەوە. لە نیشانەکانی نەخۆشییەک کە لەم ڤایرۆسەوە سەرچاوە دەگرێت، دەکرێت ئاماژە بە تا، کۆکە و ھەندێک جار کێشەی ھەناسەدان بکرێت. تیمی فریاگوزاری سەنتەری کۆنتڕۆڵکردن و پێشگیریکردن لە نەخۆشییەکانی ئەمریکا لە توێژینەوەیەکدا بۆیان دەرکەوتووە 81٪ی تووشبووان دۆخی تەندروستییان جێگیرە، بەساڵاچووان زۆرترین مەترسییان لەسەرە و لە دۆخێکی سەختدان.



وشە - كوردۆ شابان