كۆمەڵەیەكی شاخەوانیی شاخە بەرزەكانی كوردستان دەبڕن

:: PM:04:56:28/04/2020 ‌

كۆمەڵەی شاخەوانیی كوردستان لە ماوەی سێ ساڵدا زیاتر لە 150 گەشتی شاخەوانییان بۆ لووتكە چیا بەرزەكانی كوردستان و ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست ئەنجام داوە و سەرۆكی كۆمەڵەكەیش دەڵێ، خواست لەسەر شاخەوانی زیادی كردووە و لە هەر گەشتێكدا ژمارەی ئەندامەكانی زیاتر دەبێ.

وەرزشی شاخەوانی زۆرترین سوود دەگەیەنێت بە  مرۆڤ كە لەلایەكەوە سوودی بۆ دەروونی و كۆمەڵایەتی و جەستەیی و تەندروستی ببێت و لەلایەكیتریشەوە سوودی جوگرافی و سروشتی هەیە، چونكە زیاتر تاك ئاشنا دەبێت بە دیمەن و تایبەتمەندی ئەو شوێنەی كە ئەو وەرزشەی لێ ئەنجام دەدات، ئەمەیش وای كردووە لەم ساڵانەی دوایدا خواست لەسەر ئەم جۆرە وەرزشە زیاد بكات.

كۆمەڵەی شاخەوانی كوردستان كە كۆمەڵەیەكی سەربەخۆی خۆبەخشە، سەرەتای مانگی ئەیلوولی 2017 دامەزراوە، ئامانجی كۆمەڵەكە بە كولتووركردنی وەرزشی شاخەوانی و شاخڕەوییە و ژینگە پارێزییە، هەروەها لە كۆمەڵەكەدا پاسكیلسواری و بەردەوانیش بەشێكیتری چالاكییەكانی كۆمەڵەكەیە، كۆمەڵەكە لە سێ دەستەی سەرەكی پێكهاتووە كە دەستەی دامەزرێنەر و بەڕێوەبردن و سەرپەرشتیار، ئێستە زیاتر لە "150" كەس لە سەرجەم شار و شارۆكەكانی كورستان بوونەتە ئەندام و چەند لقێكی هەیە لە "سلێمانی، كەركووك، هەولێر، باڵەكایەتی و چۆمان و دەڤەری مەرگە و ڕاپەرین".

كۆمەڵەى شاخەوانى كوردستان کە کۆمەڵەیەکی سەربەخۆی خۆبەخشە، سەرەتاى مانگی ئەیلوولی 2017 دامەزراوە

ئەنوەر قادر پێنجوێنی سەرۆكی كۆمەڵەی شاخەوانی كوردستان، سەبارەت بە وەرزشی شاخەوانی بۆ "وشە" گوتی، وەرزشیێكی تایبەتە كە لە ناو چیا و دۆڵ و لوتكە بەرزەكان ئەنجام دەدرێت، جیاواز لە سەرجەم وەرزشەكانی تر كە هیچ بینەرێكی نییە و مرۆڤ ئاشنا دەكات بە سروشت.

زیاتر گوتی، ئەو كەسانەی كە بەشداری ئەم وەرزشە دەكەن بێ جیاوازی لە تەمەن و ئاست و ڕەگەز بەشداری لە شاخڕەوی دەكەن، جگە لەو كەسانەی كە تەمەنیان لە خوار 16 ساڵیەوە، ئەوانیش بە مەرجێك دەتوانن بەشداری شاخڕەوییەكان بكەن كە كەسی پلە یەكی خێزانیان لەگەڵ بێت، جگە لەوە هەموو چین و توێژ و ئاستێك دەتوانێت بەشدار بێت، گەشتەكانی ئەم كۆمەڵەیە هەفتانەیە و لە هەموو وەرزەكاندا بەردەوامە و لە هەر گەشتێكی نوێدا ئەندامی گرووپەكە زیاد دەكات.

تەنیا پیاوان گرنگی بەم جۆرە وەرزشە نادەن، بەڵكو كچان و ژنانیش گرنگی بەم وەرزشە دەدەن و دۆڵ و شاخەكانی كوردستان دەپێون، وەك ئەنوەر دەڵێ، ئێستە زۆریێك لە خانمان بەشداربوویەكی باشی ئەم وەرزشەن، هەروەها توانیوییانە شان بە شانی پیاوان بگەنە بەرزترین لوتكە زۆر بەرز و سەختەكان.

جگە لە شاخەكانی كوردستان، كۆمەڵەی شاخەوانی كوردستان چەندان شاخی دەرەوەی كوردستانیشیان بەسەر كردووەتەوە، كە لەبارەیەوە ئەنوەر گوتی، بێ جیاوازی سەرجەم شاخ و ناوچەكانی كوردستان گەشتمان تیێدا ئەنجام داوە و بەو هۆیەوە توانیومانە سەرجەم سنوورەكانی هەرێمی كوردستان بگەڕێین و گەشتی شاخڕەوی تێدا ئەنجام بدەین، نەك تەنیا هەرێمی كوردستان، بەڵكو بەشداری گەشتی شاخەوانی دەرەوەی وڵاتیشمان كردووە بەتایبەت ڕۆژهەڵات و شاخەكانی دەماوەند و سەبەلان و توچاڵ-یشمان بەسەر كردووەتەوە.

ئەم كۆمەڵەیە لوتكەی شاخە بەرزەكانی هەڵگورد و پیرەمەگرون و گۆمی بێ كودیان و شاخی حەسارۆست و سورێن و تالیر و لەرێ و قۆپەكانی قەرەداغ و شاخی ژیلوان و ئاسنگەران و زۆر لوتكەی بەرزی ترییان بڕیوە و بە گەشتنیان بە هەر لوتكەیەك پشویان داوە و وێنەی ئەو لوتكەیان تۆمار كردووە.

سلێمانی/ لۆڤە محەمەد












وشە - ڕۆزی عه‌بدولره‌حمان