به پێی ئاماره‌كانی لقی سلێمانی سه‌ندیكای كرێكاران و پیشه‌وه‌رانی كوردستان له ساڵی 2019 دا 11 كرێكار گیانیان له‌ده‌ستداوه و زیاتر له 36 كرێكاریش بریندار و كه‌مئه‌ندام بوون، سه‌رۆكی سه‌ندیكاش ڕای ده‌گه‌یه‌نێت كه كۆرۆنا ژیانی كرێكارانی قورس‌تر كرد.
یه‌كی ئایاری هه‌موو ساڵێك، ڕۆژی جیهانی كرێكارانه، له‌و ڕۆژه‌دا ئاماری پێشێلكارییه‌كان به‌رانبه‌ر كرێكاران و گیان له‌ده‌ستدان و بریندار بوونیان له شوێنی كار ده‌خرێته‌ڕوو، به چه‌ند چالاكیه‌كی جۆراوجۆریش یادی ئه‌و ڕۆژه ده‌كرایه‌وه، به‌ڵام ئه‌مساڵ به‌هۆی بڵاوبوونه‌وه‌ی ڤایرۆسی كۆرۆناوه ڕۆژه‌كه بێ چالاكی یادی ده‌كرێته‌وه.
ره‌وشى كرێكاران خراپه و به‌پێى یاسا كاریان له‌گه‌ڵ ناكرێ
چالاك ڕه‌ئووف، سه‌رۆكی لقی سلێمانی سه‌ندیكای كرێكاران و پیشه‌وه‌رانی كوردستان، به "وشه"ی گوت، له ساڵی 2019دا 11 كرێكار گیانیان له‌ده‌ستداوه كه یه‌كێكیان كرێكاری بیانی بووه و زیاتر له 36 كرێكاریش بریندار بوون، كه هه‌ندێك له‌و كرێكارانه برینداریان سووك بووه و چاكبوونه‌ته‌وه و چوونه‌ته‌وه سه‌ر كار، به‌ڵام هه‌ندێك له‌و كرێكارانه تووشی برینداری قورس بوون و كه‌مئه‌ندام بوون و توانای دووباره كاركردنیان نه‌ماوه.
له مانگی ئاداره‌وه كه به‌هۆی ڤایرۆسی كۆرۆناوه قه‌ده‌غه‌ی هاتوچۆ ڕاگه‌یه‌ندرا و كه‌ره‌نتین كردن ئه‌نجامدرا، به‌شێكی زۆری ئه‌و هاووڵاتییانه‌ی كه له كه‌رتی تایبه‌تدا كاریان ده‌كرد كاره‌كانیان له‌ده‌ستدا، بۆیه ڤایرۆسی كۆرۆنا كاریگه‌ری نه‌رێنی ڕاسته‌وخۆی له‌سه‌ر ژیان و گوزه‌رانی كرێكاران دروست كرد.
سه‌ندیكای كرێكارانیش بۆ به‌ده‌مه‌وه‌چوونی چاره‌سه‌ری كێشه‌كانی ژیانی كاری كرێكاران، چه‌ند داواكارییه‌كیان ئاڕاسته‌ی لیژنه‌ی باڵای ئۆپه‌راسیۆنه‌كانی پارێزگای سلێمانی بۆ ڕوبه‌ڕووبونه‌وه‌ی كۆرۆنا كردووه و وه‌ك چالاك ده‌ڵێت" داوامان كردووه به جێبه‌جێكردنی ماده‌ی 65 له یاسای كار كه باس له‌وه ده‌كات مووچه‌ی دوو مانگ به كرێكار بدرێت، داوامان له حكوومه‌ت كردووه كه له باج و ڕسووماتی كه‌رته تایبه‌ته‌كان خۆشبێت تا ئه‌وان تووشی داڕمانی ئابووری نه‌بن و كرێكار له كار ده‌ربكه‌ن و بێ كار بێت".
سه‌رۆكی لقی سلێمانی سه‌ندیكای كرێكاران و پیشه‌وه‌ران ئاماژه‌ی به‌وه دا، پێویسته كرێكاران له سه‌ندیكای كرێكاران فۆڕم پڕبكه‌نه‌وه و له ده‌سته‌به‌ری كۆمه‌ڵایه‌تی خۆیان تۆمار بكه‌ن، بۆ ئه‌وه‌ی دواتر كه پێشێلكاریان به‌رانبه‌ر كرا بتوانین داكۆكی له مافه‌كانیان بكه‌ین.
مێژووی ڕۆژی كرێكاران له چیه‌وه هاتووه؟
له‌ساڵی 1856 دا كرێكارانی ئۆسترالیا له پێناوی چه‌سپاندنی هه‌شت سه‌عات كار له ڕۆژێك دا كۆبوونه‌وه، ئه‌م ڕۆژه‌ی ئه‌و رێوره‌سمه‌یان تێیدا به‌رپاكرد 21 ی نیسان بوو، له سه‌ره‌تادا كرێكارانی ئوسترالیا به ته‌نیا ساڵی 1856 یان له به‌ر چاو گرتبوو، به‌ڵام رێوره‌سمی یه‌كه‌مین ساڵ كاریگه‌ری گرنگی دانا له سه‌ر جه‌ماوه‌ری پرۆلیتاریای ئوسترالیا، بۆیه‌ش وابڕیاردرا ھه‌موو ساڵێك بكرێته‌وه.
له یه‌كی ئایاری 1886دا، زیاتر له 340 هه‌زار كرێكار له ئه‌مه‌ریكا ده‌ستیان له‌كار كێشایه‌وه، ته‌نیا له شیكاگۆدا ھه‌ژماری كرێكارانی مانگرتوو 40 هه‌زار كه‌س بوو، چه‌ند ڕۆژ دواتر پۆلیس له مه‌یدانی ھایماركت ده‌ستیان به ڕه‌شه‌كوژی كرد، سه‌ره‌نجام له‌و پێكدادانه‌دا زیاتر له حه‌وت كه‌س كوژران.
دوای ماوه‌یه‌كی زۆر له شه‌ڕ و توندتیژی دواجار كۆنگره‌ی دامه‌زراندنی "ڕۆژنامه‌ی نێونه‌ته‌وه‌یی" سۆشیالدێمۆكرات له ساڵی 1889دا بڕیاری دا یه‌كی ئایار بكرێته "ڕۆژی خه‌باتی كرێكارن" ساڵانه‌ی بزووتنه‌وه‌ی كرێكاری و له‌و كاته‌وه ئه‌م ڕۆژه به كۆبوونه‌وه‌ی جه‌ماوه‌ری و مانگرتن ده‌ستی پێ كردووه.
سلێمانی/ لۆڤه محه‌مه‌د