زانیاری لەبارەی دەستپێكردنەوەی دەوامی فەرمانبەران

:: PM:11:27:30/04/2020 ‌
گوتەبێژی وەزارەتی تەندروستیی حكوومەتی هەرێمی كوردستان دووپات دەكاتەوە كە قەدەغەی هاتوچۆ پێویستە و لەبارەی كردنەوەی دەوامی فەرمانبەرانی هەرێمی كوردستانیش دەڵێ‌، هیچ پێشنیازێكمان بۆ دەستپێكردنەوەی دەوام نەداوە.

ئەمڕۆ پێنجشەم 30ی نیسان، د.محەمەد قادر گوتەبێژی وەزارەتی تەندروستی حكوومەتی هەرێمی كوردستان بۆ "وشە" گوتی، هێشتا قەدەغەی هاتوچۆ پێویستە، چونكە كۆرۆنا مەترسیییەكانی لە كوردستان ماوە.

روونیشی كردەوە، هاووڵاتییانی كوردستان پابەندی رێنوێنییەكانی وەزارەتی تەندروستی و قەدەغەی هاتوچۆ نین.
فەرمانبەران دەوام نەكەن گرنگترە لەوەی دەوام بكەن بەهۆی مەترسییەكانی كۆرۆنا

گوتەبێژی وەزارەتی تەندروستی لەبارەی دەست پێ كردنەوەی دەوامی فەرمانبەرانی كوردستان كە دوا وادە تا دووی ئایار دانراوە، د.محەمەد قادر گوتی، هێشتا دیار نییە دەوامی فەرمانبەران دەست پێ دەكاتەوە یان چۆن دەست پێ دەكاتەوە و تەواوی فەرمانبەران دەوام دەكەن یا نا، بەڵام هیچ پێشنیارێكمان لەوبارەیەوە نەداوە.

هەروەك دووپاتی كردەوە پێویستە رێنوێنی تەندروستی جێبەجێ‌ بكرێ‌ و " فەرمانبەران دەوام نەكەن گرنگترە لەوەی دەوام بكەن بەهۆی مەترسییەكانی كۆرۆنا".

كۆی گشتی تووشبووان بە ڤایرۆسی كۆڕۆنای نوێ COVID-19 لە هەرێمی كوردستان 380 تووشبوو،  لەنێویاندا پێنج مردن هەیە و 325 نەخۆش چاكبووەتەوە، تەنیا 50 نەخۆش لەژێر چاودێری پزیشكی دان.


وشە - سه‌رخێڵ هاشم