دیپلۆماتكارێك: ئێران چەكی بە تیرۆریستانی داعش داوە

:: PM:12:17:18/10/2016 ‌

ئەبولفەزل ئیسلامی دیپلۆماتكاری پێشووی ئێران لە ژاپۆن كە چەند ساڵێكە دەستی لە كار كێشاوەتەوە، ئاشكرای كرد كۆماری ئیسلامیی ئێران زۆرترین سوودی لە داعش وەرگرتووە و توانیویەتی بە بیانووی داعش پێگەی خۆی لە نیو عێراق و سووریا قایم بكات. ئەو هەروەها دەڵێت بەشێك لە یارمەتییە سەربازییەكان و پشتیوانییەكان بۆ داعش لە لایەن ئێرانەوە بووە.

ئەو دیپلۆماتكارە كە دوای بەدەسەڵاتگەیشتنی ئەحمەدی نەژاد سەرۆك كۆماری پێشووی ئێران، لە ساڵی ٢٠٠٥ وڵاتی بەجێ هێشت، بۆ رۆژنامەی كەیهانی لەندەن گوتوویەتی ئەو كاتەی لە وەزارەتی دەرەوەی ئێران بووە، بە چاوی خۆی بینیویەتی كۆماری ئیسلامیی ئێران بە چ شیوەیەك سوودی لە گرووپە جیاوازەكان وەرگرتووە بۆ دروستكردنی پشێوی و بە چ شێوەیەك پاڵپشتی دارایی پێشكەش كردوون.

ئەو گوتی "من چوار ساڵ لە بانكۆك بووم و هەموو هەفتەیەك مۆڵەتی ئەوەمان بۆ فڕۆكەی سوپای پاسداران وەردەگرت تا لە بانكۆك بنیشێت و سووتەمەنی وەربگرێت و دواتر بەرەو پیونگ یانگ بڕوات و لەوێوە چەك و تەقەمەنی و مووشەك بۆ حزبوڵا بنێرێت."



ئیسلامی هەروەها دەڵێت ئەوروپییەكان ئەمەیان دەبینی و جارێكیان یەكێك لە فڕۆكەكانی سوپای پاسدارانیان گرت كە بە هەزاران تۆن چەكی هەڵگرتبوو و ئێستەش دۆسیەكەی لە ئەنجوومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتییە. ئێران لەوە باكی نییە ئەوروپییەكان ئاگاداری هەنگاوەكانی بێت و دەیەوێت ئەو پەیامە بەوان بدات ئەگەر پاڵەپەستۆ بخەنە سەر ئێران ئەوا ئێرانیش لە لبنان تۆڵەتان لێ دەكاتەوە. 

ئەو لەبارەی داعش دەڵێت كۆماری ئیسلامیی ئێران زۆرترین سوودی لە داعش وەرگرتووە و بەو هۆیەوە ئێران پێگەكەی لە عێراق و سووریا بەهێز بووە و بەشێك لە چەك و پێداویستییە سەربازییەكانی داعشیش، ئێران دابینی كردوون.

لە بەشێكی تری قسەكانیدا ئەو دیپلۆماتكارە دەڵێت، "بەچاوی خۆم بینیومە پێیان گوتووین بۆ ئێمە هیچ جیاوازییەك لە نێوان كۆمۆنیست، شیعە و سونە نییە و هەر كەسێك بۆ پاراستنی پێگەی سیستەمی كۆماری ئیسلامیی ئێران بەسوود بێت، ئەوا یارمەتی دەدەن و زۆربەی بودجەی وەزارەتی دەرەوەی ئێران بۆ ئەو گرووپانە بووە كە تەنانەت موسڵمان نەبوون."

ئەو ئاماژە بە گوتەكانی زاڵمای خەلیلزاد نوێنەری پێشووی ئەمەریكا لە ئەفغانستان دەكات كە گوتبووی لەوێش ئێران یارمەتی تاڵیبان و حكوومەتی ناوەندی كردووە و زانیارییەكانی خەلیلزادی پشتڕاست كردووەتەوە، ئەو هەروەها ئاماژە بە گوتەیەكی مەنوچەهر موتەكی دەكات كاتێك پۆستی وەزارەتی دەرەوەی ئێرانی وەرگرت و گوتبووی، بەهەر ئامرازێك بێت نابێت رێگە بدەین عێراق و ئەفغانستان ئاسایش و ئارامی بەخۆیانەوە ببینن، چونكە ئەگەر ئەو وڵاتانە ئارام بوونەوە، ئەوا نۆرەی ئێران دێت و دواتریش بینرا بە دامەزراندنی سوپای بەدر و قودس و خەرجكردنی چەندان ملیار دۆلار چییان بەسەر عێراق هێنا و ئەگەر بیانەوێت ئەوا دووبارە لە ئەفغانستانیش جەنگ دەست پێ دەكەنەوە.

ئەبولفەزل ئیسلامی لەبارەی ئەوەی بۆچی رووسیا هاتە نێو گەمەی جەنگی سووریاوە؟ ئەو دیپلۆماتكارە گوتی، "رووسیا دەیەوێت پێگەی خۆی لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست قایم بكات و تا ئێستەش یاریزانێكی باشی گۆڕەپانەكە بووە و توانیویەتی لە هەریەك لە ئێران و ئەوروپا بباتەوە.

هەروەها لە قۆناغی دەسەڵاتی خاتەمی بەو دیپلۆماتكارە گوتراوە كاتێك رووسیا هاوكاریتان دەكات كە بتوانێت گیرفانتان بەتاڵ بكات و هەر كاتێك پێی خۆش بوو سوود وەربگرێت، ئەوا سوودی خۆی وەردەگرێت و لە جەنگی سووریاش دەیەوێت لە پرسی كریمیادا ئیمتیاز لە ئەوروپا وەربگرێت و ئێرانیش هاوكار بووە و رووسیا لە رێگەی ئێرانەوە توانیویەتی بەباشی گەمە بكات.

سەرچاوە/العربیە
سلێمان تاشان


وشە - سلێمان تاشان