"یەكێتی لەبەر دوو باڵ هاوسەرۆكیی هەڵبژارد”

:: AM:10:03:21/05/2020 ‌
چاودێرێكی سیاسی ڕای دەگەیەنێت، ئەو كێشانەی لەناو یەكێتی هەن، وایانكرد هاوسەرۆكیی هەڵبژێرن و خۆیانی پێ‌ پەردەپۆش بكەن.

ئەمڕۆ پێجشەم 21ـی ئايار، رێبین سەلامی چاودێری سیاسی بە "وشە"ـی ڕاگەیاند، بەشێك لە سەركردایەتیی یەكێتی كاتێك دژی حكوومەت لێدوان دەدەن، ئەوا خۆیان زیان لە یەكێتی دەدەن، چونكە خۆیان بەشێكن لە حكوومەت.

بۆ وەرگرتنی پۆستی جێگری سەرۆكی هەرێمی كوردستان هیچ نەما نەیكەن تا ئەو پۆستەیان بۆ داتاشرا
ئەو چاودێرە سیاسییە گوتی، یەكێتی لە هەڵوێستەكانی دووفاقی دەكات، لە خولەكانی پێشوو دەیگوت سەرۆكایەتی هەرێمی كوردستان شتێكی زیادەیە، كەچی ئێستە لەو خولە بۆ وەرگرتنی پۆستی جێگری سەرۆكی هەرێمی كوردستان هیچ نەما نەیكەن تا ئەو پۆستەیان بۆ داتاشرا.

ئەوەشی ڕوون كردەوە، یەكێتی لەبەر باڵەكانی، هاوسەرۆكی بۆ حزبەكەی جێگیر كرد و وەرگرتنی جێگری سەرۆكی هەرێمی كوردستانیش بەهۆی دەنگەكانی نەبوو، بەڵكو بوونی هێزی چەكداری بوو، بۆیە پێویستە بزانرێت هەموو هێزە سیاسییەكان باسی باڵباڵێن بكەن، نابێ یەكێتی باسی بكات.

ماوەی چەند ڕۆژێكە ئەندامانی سەركردایەتی یەكێتی هێرشی میدیای دەكەنە سەر حزبەكانی هەرێمی كوردستان و بە باڵباڵێن ناوی دەبەن، لە كاتێكدا ئێستە یەكێتی زۆرترین كێشەی هەیە و ڕۆژانە بەرپرسانی دژی یەكتر لێدوان دەدەن.



وشە - رامیار جەواد