زانیاری نوێ‌ لەسەر كوشتنی كوڕێك لەلایەن دەستگیرانەكەی ئاشكرا دەكرێت

:: PM:12:33:30/05/2020 ‌
بەرپرسێكی پۆلیس ڕای دەگەیەنێت، لێكۆڵینەوە لە كەیسی كوشتنی كوڕێك لەلایەن دەستگیرانەكەیەوە بەردەوامە و ڕەنگە پێشهاتی نوێ‌ لە ڕووداوەكە هەبێت.

ئەمڕۆ شەموو 30ـی ئایار، شۆڕش ئیسماعیل گوتەبێژی پۆلیسی ڕاپەڕین بە "وشە"ـی ڕاگەیاند، لێكۆڵینەوە لە ڕووداوی كوشتنی گەنجە دەستگیراندارەكەی قەڵادزێ‌ بەردەوامی هەیە بۆ ئەوەی ڕووداوەكە بە تەواوەتی ئاشكرا بێت.

دەستگیرانی كوڕەكە لە لێكۆڵینەوەكانی پۆلیس ددانی ناوە بەوەی خۆی دەستگیرانەكەی كوشتووە
گوتەبێژی پۆلیسی ڕاپەڕین گوتی، دەستگیرانی كوڕەكە لە لێكۆڵینەوەكانی پۆلیس ددانی ناوە بەوەی خۆی دەستگیرانەكەی كوشتووە، هەروەها ئێمە لە لێكۆڵینەوە بەردەوامین تا كەیسەكە بە تەواوەتی ڕوون بێتەوە، ئەوكات بە پەڕاوی تەواوەتی بیبەینە بەردەم دادوەر.

ڕۆژی 25ـی ئایار، تەرمی "ر . ح . ئـ" لە گوندی شۆڕانی شارۆكەی قەڵادزێ دوای چەندان ڕۆژ لە ونبوونی دۆزرایەوە، هێزە تەناهییەكان دوو كەسیان بەتۆمەتی كوشتنی گرت و پاش لێكۆڵینەوە لەگەڵیاندا، یەكێك لە تۆمەتبارەكان لە بەردەم دادوەری دادگای لێكۆڵەری پشدەر و پۆلیس، ددانی ناوە بە تاوانەكەیدا كە بەگوتەی خۆی، ئەوی كوشتووە و لێكۆڵینەوەش لەگەڵیدا بەردەوامە.

بەگوێرەی ڕاپۆرتی پزیشكی دادوەری سلێمانی، دەركەوتووە ئەو گەنجە لە ڕێی زەبری دەرەكییەوە كوژراوە و هیچ شوێنەوارێكی فیشەك بەسەر جەستەیەوە نەبووە.



وشە - رامیار جەواد