وەزارەتی تەندروستی: سەرچاوەی تووشبوونی هاووڵاتییان بە کۆرۆنا نادیارە

:: AM:09:31:31/05/2020 ‌
بەرپرسێكی وەزارەتی تەندروستی دەڵێت، ئەوەی لە تووشبوون بە ڤایرۆسی كۆرۆنا لای ئێمە جێی مەترسییە، ئەوەیە کە سەرچاوەی تووشبوونی نەخۆشەکان بە ڤایرۆسەکە نادیارە.

پێویستە هاووڵاتییان هۆشیار بن و گرنگی بە خۆپارێزی خۆیان بدەن
ئەمڕۆ یەكشەم 31ـی ئایار، محەمەد قادر گوتەبێژی وەزارەتی تەندروستی هەرێمی كوردستان بە "وشە"ـی ڕاگەیاند، رەوشی تووشبووان بە ڤایرۆسی كۆرۆنا، بەشێكیان تەندروستییان جێگیرە و بەشێكیشیان پێویستیان بە ئۆكسجینە و بە ئاسانی هەناسەیان پێ‌ نادرێت.

گوتەبێژی وەزارەتی تەندروستی گوتی، ئەوەی جێی مەترسییە و پێویستە هاووڵاتییان هۆشیار بن  و گرنگی بە خۆپارێزی خۆیان بدەن، ئەوەیە كە سەرچاوەی تووشبوونی بەشێك ئەو كەسانەی نیشانەكانیان لێ‌ بەدەركەوتووە، نادیارە.

باسی لەوەش كرد، بەشێك لە هەڵگرانی ئەو ڤایرۆسە دوای دەركەوتنی نیشانەكان سەردانی نەخۆشخانەكانیان كردووە، بۆیە نازانرێت چەند كەسی تری تووش كردووە، بۆیە دەبێت هاووڵاتییان مەترسییەكە بە گرنگ وەربگرن.

كۆی گشتی تووشبووان بە ڤایرۆسی كۆڕۆنای نوێ COVID-19 لە هەرێمی كوردستان 606 تووشبوون، لەناویاندا شەش مردن هەیە و 409 نەخۆش چاك بوونەتەوە، ئێستەش 191 نەخۆش لەژێر چاودێری پزیشكیدان.



وشە - رامیار جەواد