مۆڵەتی وەزارەتی ناوخۆشت هەبێ دەبێ چەند سەعاتێک لە بازگەکان بمێنیتەوە

:: AM:11:28:07/06/2020 ‌
بەرپرسێكی تەندروستی ڕای دەگەیەنێت، هەر هاووڵاتییەك پێش ئەوەی داخڵی ناو شار بێت پشكنینی بۆ دەكرێت تا تووشبووان بەناو كۆمەڵگە بڵاو نەبنەوە.

ئەمڕۆ یەكشەم حەوتی حوزەیران، بژار مووسا گوتەبێژی بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی تەندروستی هەولێر بە "وشە"ـی ڕاگەیاند، ئەو هاووڵاتییەی مۆڵەتی هاتوچۆی نێوان شارەكانیشی هەبێت پشكنینی بۆ دەكرێت ئینجا ڕێگەی پێ دەدرێت بێتە ناو هەولێر.


دوای دەرچوونی ئەنجامەكان ئەوجا ڕێگە دەدرێت بە هاتنە ناوەوەی شار
گوتەبێژی تەندروستی هەولێر گوتی، ئەو كەسەی بیەوێت بێتە ناو هەولێر سەرەتا نموونەی لێ‌ وەردەگیرێت و دواتر دەبرێت بۆ تاقیگەی‌ ناوەندی هەولێر دوای دەرچوونی ئەنجامەكان ئینجا ڕێگە دەدرێت بە هاتنە ناوەوەی شار.

باسی لەوەش كرد، تیمە پزیشكییەكان لە سەرجەم دەروازە سنوورییەكان بۆ ماوەی 24 سەعات دەوام دەكەن، هیچ كەسێك بەبێ‌ پشكنین ڕێگەی پێ نادرێت بێتە هەولێر ئەوەیش بۆ پاراستنی هاووڵاتییان و ڕەوشی تەندروستییە بەگشتی؛ دەستنیشانكردنی ئەو سێ‌ كەسەی ئەمڕۆش لە ئەنجامی ئەو پشكنینانەیە کە لە بازگەی دێگەڵە کراون.

ئێستە بە ڕێگەپێدانی وەزارەتی ناوخۆ هاووڵاتییان بۆ كاری پێویست دەتوانن سەردانی شارەكانی هەرێمی كوردستان بكەن، بەڵام ماوەی چەند ڕۆژێكە ئەو ڕێگەپێدانەش وەستاوە.



وشە - رامیار جەواد