ئیسماعیل ته‌ها
ده‌مێكه شاعیرانی كورد هاواری یه‌كڕیزی ده‌كه‌ن، پڕ به گه‌رووی خۆیان له شیعره‌كان داوای ته‌باییان كردووه، ئێسته‌یش زۆرجار قسه له‌سه‌ر یه‌كڕیزی كورد ده‌كرێته‌وه و وه‌ك پێویستییه‌كی نیشتمانی سه‌یر ده‌كرێت، ئه‌وه‌ش له‌پێناو به‌هێزكردنی پێگه‌ی كورده له به‌غدا، به‌هۆی ئه‌وه‌ی پته‌ویی ریزی كورد هه‌میشه فاكته‌ری به‌هێز بووه له به‌ده‌ستهێنانی مافه‌كانی كورد.
ئه‌گه‌ر ئاوڕێك له رابردوو بده‌ینه‌وه، به‌روونی دیاره لاوازی كورد له به‌هێزی دوژمنه‌كانی نییه، به‌ڵكو ناكۆكی ناوخۆییه، بۆیه ئه‌گه‌ر سه‌یر بكه‌ین ئه‌وكاته‌ی كورد یه‌كده‌نگ بووه، توانیویه‌تی مافه‌كانی زیاتر ده‌سته‌به‌ر بكات، له كاتی ناكۆكییه‌كانیش كه‌مترین مافی خۆی به‌ده‌ستهێناوه، چونكه نه‌یاره‌كانی به لاواز سه‌یریان كردووه، بۆیه نه‌یارانی كورد هه‌میشه ناكۆكییه‌كانیان قۆستووه‌ته‌وه بۆ په‌رتكردنی زیاتری ناوماڵی كورد، تا زیاتر بێبه‌ش بن له مافه‌كانیان.
له‌گه‌ڵ دروستكردنه‌وه‌ی عێراقی دوای رژێمی سه‌دام، كورد تا ئه‌ندازه‌یه‌ك یه‌كگرتوو بوو، ئه‌وه‌ش كاریگه‌ریی گه‌وره‌ی هه‌بوو بۆ به‌ده‌ستهێنانی زۆر له مافه‌كانی، به‌تایبه‌ت له كاتی نووسینه‌وه‌ی ده‌ستووری عێراق، كورد یه‌كگرتوو بوو، ئه‌و یه‌كگرتووییه ره‌نگی دایه‌وه له‌سه‌ر چه‌سپاندنی مافه‌كانی له ده‌ستوور.
له كاتی پێكهێنانی حكوومه‌ته‌كانیش كه كورد به یه‌كگرتوویی چووه‌ته دانوستانه‌وه، توانیویه‌تی مافی خۆی به‌ده‌ست بێنێت، كاتێكیش لایه‌نه كوردییه‌كان پشتیان له یه‌كتر كردووه، كاریگه‌ری نه‌رێنی دروست كردووه و كه‌مترین مافیان پێ ره‌وا بینراوه.
ساڵی 2010 پارته سیاسییه‌كانی به‌غدا له ململانێیه‌كی توند بوون بۆ وه‌رگرتنی پۆستی سه‌رۆك وه‌زیرانی عێراق و نه‌یانتوانی یه‌كلا ببنه‌وه، ململانێی به‌هێزیش له نێوان نووری مالیكی و ئه‌یاد عه‌لاوی بوو، دواتر له‌سه‌ر ده‌ستپێشخه‌ری بارزانی توانرا رێككه‌وتن له نێوان لایه‌نه سیاسییه‌كانی به‌غدا به‌دی بێت، بۆ جارێكی تر نووری مالیكی كرایه‌وه به سه‌رۆك وه‌زیرانی عێراق.
رێككه‌وتنه‌كه كۆمه‌ڵێك خاڵی له‌خۆ گرتبوو، به‌ڵام نووری مالیكی كه‌مترین خاڵی لێ جێبه‌جێ كرد، ئه‌وه كه كردیشی بۆ ئه‌وه‌بوو تا دۆخه‌كه هێمن بكاته‌وه، دواتر پابه‌ندی ئه‌و به‌ڵێنانه‌یش نه‌بوو كه به كوردی دا، دواتر بینیمان له نه‌ورۆزی ساڵی 2012 بارزانی به توندی ره‌خنه‌ی له مالیكی گرت. دواتر ده‌ستی به هه‌وڵ كرد بۆ لێسه‌ندنه‌وه‌ی متمانه له نووری مالیكی، له هه‌وڵه‌كانی تا ئه‌ندازه‌یه‌كی زۆر توانی سه‌ركه‌وتوو بێت و ڕای گشتی بۆ دروست بكات. له‌سه‌ر ئاستی عێراق موقته‌دا سه‌در، ئه‌یاد عه‌لاوی، ئوسامه نوجێفی پشتیوانی ته‌واوی خۆیان بۆ هه‌وڵه‌كان ده‌ربڕی، له ناوخۆی كوردستانیش هه‌ریه‌ك له كۆمه‌ڵ و یه‌كگرتووی ئیسلامی پاڵپشتی ته‌واویان له بارزانی كرد، به‌ڵام بزووتنه‌وه‌ی گۆڕان و یه‌كێتیی نیشتمانیی كوردستان پاڵپشت نه‌بوون بۆ ئه‌و هه‌وڵانه.
رۆژی 28ی نیسانی 2012 كۆبوونه‌وه‌یه‌ك له سه‌رۆكایه‌تیی هه‌رێمی كوردستان ئه‌نجام درا كه هه‌ریه‌ك له مه‌سعوود بارزانی سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان، جه‌لال تاڵه‌بانی سه‌رۆك كۆماری عێراق، موقته‌دا سه‌در سه‌رۆكی ره‌وتی سه‌در و ئه‌یاد عه‌لاوی سه‌رۆكی لیستی عێراقییه، ئوسامه نوجێفی سه‌رۆكی ئه‌نجوومه‌نی نوێنه‌ران ئاماده‌ی بوون. له‌و كۆبوونه‌وه‌یه گفتوگۆ كرا له‌سه‌ر ته‌نگژه‌كانی عێراق و دواتر گه‌یشتن به رێككه‌وتننامه‌یه‌ك كه ناونرا "رێككه‌وتننامه‌ی هه‌ولێر"، ئه‌و رێككه‌وتننامه‌یه له 18 خاڵ پێكهاتبوو، تێیدا داوا كرا پابه‌ند بن به ده‌ستوور و میكانیزمی بڕیاره‌كانی حكوومه‌ت و سیاسه‌تی حكوومه‌تی عێراقی دیاری كرا.
پشتكردنی یه‌كێتی له پارتی كاریگه‌ریی نه‌رێنی دروست كرد، له‌سه‌ر ئاسۆی روانینی پارته عێراقییه‌كان به‌رانبه‌ر كوردستان، به‌تایبه‌ت پێشتر كورد ئه‌و ناكۆكییانه‌ی له به‌غدا نه‌بوو. له دوای ئه‌وه‌وه ورده ورده حكوومه‌تی عێراقی هه‌وڵی ده‌دا رێوشوێنی جیاواز بگرێته‌به‌ر، تا دواجار گه‌یشته بڕینی بودجه.
گرفتی سه‌ره‌كیی یه‌كنه‌بوونی كورد له به‌غدا، ده‌گه‌ڕێته‌وه بۆ یه‌كنه‌بوونی كورد له كوردستان، تا ئێسته كورد له ناوخۆی ناكۆكه، ناكۆكی كوردی جیاوازه له‌گه‌ڵ ناكۆكی هێزێكی وه‌ك شیعه، شیعه‌كان له‌لایه‌ن گه‌وره‌ترین زلهێزی ناوچه‌كه پاڵپشتیان لێ ده‌كرێ، به‌ڵام كورد كێی پاڵپشته جگه له خۆی؟ هه‌موو ئه‌و ده‌وڵه‌تانه‌ی كورد دڵی پێیان خۆش بوو، بینیمان له چركه‌ساتێكدا هێرش كرایه سه‌ر كوردستان، به‌بێ هاتنه ده‌نگی هیچ وڵاتێكی دنیا.
ئێسته ئه‌گه‌ر كورد بیه‌وێ له به‌غدا یه‌كگرتوو بێت، ده‌بێ یه‌كگرتوویی له هه‌رێمه‌وه سه‌رچاوه بگرێت، بۆ ئه‌وه‌ی لێره‌وه بگوازرێته‌وه به‌غدا، چونكه هه‌ركات ناكۆكی له نێوان پارته سیاسییه‌كانی كوردستان نه‌بووه، به‌غدا حیسابی تایبه‌ت بۆ هه‌رێمی كوردستان ده‌كات.
ئه‌وه‌ی ئێسته له هه‌رێمی كوردستان ده‌گوزه‌رێت بۆ به‌غدا، دۆخی كۆتایی نییه تا به‌غدا كاره‌كانی له دژی هه‌رێمی كوردستان به‌رز بكاته‌وه، چونكه دۆخێكی كاتییه، به‌تایبه‌ت رێككه‌وتنی نێوان پارتی و یه‌كێتی رێككه‌وتنێكی حه‌تمییه، زوو یا دره‌نگ هه‌ر رێك ده‌كه‌ون، بۆیه پارته‌كانی به‌غدا چاوه‌ڕوانی حكوومه‌تی داهاتووی هه‌رێم ده‌كه‌ن.
له دوای پێكهێنانی حكوومه‌ت، ئه‌وكات به روونی پارته‌كانی به‌غدا هه‌ڵوێستیان ده‌رده‌كه‌وێت، بوونی ئۆپۆزسیۆن به‌هێز بێت یان لاواز، هیچ له هاوكێشه‌كه ناگۆڕێت، چونكه له هه‌ندێك قۆناغی رابردوو ئۆپۆزسیۆنی به‌هێزیش بوونی هه‌بوو، به‌ڵام یه‌كڕیزی كورد له به‌غدا تا ئه‌ندازه‌یه‌كی باش پارێزراو بوو، ئه‌وه‌ی مه‌ترسیداره ململانێی به‌هێزی حزبه‌كانه وه‌ك ئه‌وه‌ی رابردوو له نێوان پارتی و حزبه‌كانی تر به گشتی و دواتریش پارتی و باڵێكی ناو یه‌كێتی رووی دا كه بووه هۆی زیانی گه‌وره بۆ پرۆسه‌ی سیاسی له كوردستان.
یه‌كڕیزی كورد و هه‌رێمی كوردستان، هیچ كه‌لێنێكی گه‌وره ناهێڵێته‌وه كه پارته‌كانی به‌غدا بیقۆزنه‌وه بۆ دژایه‌تی هه‌رێمی كوردستان.
تا ئێسته به‌گشتی هێزه سیاسییه‌كانی كوردستان له به‌غدا له هه‌وڵی ئه‌وه‌دان لێك تێگه‌یشتنێكی هاوبه‌ش هه‌بێت بۆ كاره‌كانیان، ئه‌وه‌ش كاریگه‌ری دروست ده‌كات له‌سه‌ر ڕێگرتن له هه‌ر هه‌وڵێك به ئاراسته‌ی دژایه‌تی هه‌رێمی كوردستان بێت.