ئه‌وكاته‌ی مرۆڤ له دۆخێكی ئاساییدایه، ده‌توانێ زۆر شت بڵێ، زۆر شت بكات و هه‌موو شتێك به به‌رانبه‌ره‌كانی بفرۆشێته‌وه، وا بكات هه‌میشه به‌رانبه‌ر شه‌رمه‌زار بكات، به‌ڵام ئه‌و جۆره گوتاره كورتخایه‌نن، چونكه گوتارێكه هیچ هاوسه‌نگیی تێدا نییه و له‌پێناو شكاندنه‌وه‌ی ئه‌وانی تره، بۆیه مرۆڤی ژیر ئه‌وه‌یه هه‌میشه گوتارێكی هاوسه‌نگی هه‌بێت، به‌تایبه‌ت له پرسه سیاسییه‌كان، چونكه به‌رژه‌وه‌ندی زۆربه‌ی گوتاره‌كان ئاوێته بوون به سیاسه‌ت، ئه‌گه‌ر مرۆڤ توانای هه‌بوو، ده‌بێ هه‌وڵ بدات به هاوسه‌نگی مامه‌ڵه له‌گه‌ڵ پرسه سیاسییه‌كان بكات، باری خۆی لار نه‌كات به‌لایه‌كدا، چونكه دواجار به خراپ له‌سه‌ری ده‌شكێته‌وه، به‌تایبه‌ت ئه‌گه‌ر ئه‌و كه‌سه لایه‌نگری سیاسیی بۆ هیچ پارتێك نه‌بوو.
هاوسه‌نگی را‌گرتن له مامه‌ڵه‌كردن له‌گه‌ڵ پرسه‌كان به لایه‌نگریی بوو یان دژایه‌تی، ده‌بێت مرۆڤ ئه‌و هاوسه‌نگییه بپارێزێت، ئه‌و پرسه ناوخۆیی بوو، یان ده‌ره‌كی، پێویستی به مامه‌ڵه‌یه‌كی هاوسه‌نگه، چونكه دواجار ئه‌و مرۆڤانه سه‌ركه‌وتوون كه مامه‌ڵه‌یه‌كی هاوسه‌نگیان كردووه له‌گه‌ڵ پرسه سیاسییه‌كان، به‌ڵام كاتێك مرۆڤ له پرسێكی گرنگ زۆر رژده له‌سه‌ری، له پرسێكی تری هاوشێوه، هه‌مان مرۆڤ ئه‌و رژدییه‌ی نییه، ئه‌وا نیشانه‌ی پرسیار له‌سه‌ر هه‌ڵوێستی یه‌كه‌می داده‌نێت، به‌تایبه‌ت كاتێك هه‌ردوو پرسه‌كه لێك نزیكن، زۆرترین خاڵی هاوبه‌شیان هه‌بوو.
كاتێك ده‌ڵێین هاوسه‌نگی را‌گرتن، مه‌به‌ست ئه‌وه نییه توركیا یان ئێران كه سته‌م له كورد ده‌كه‌ن، نه‌رمی بنوێنین له ناڕه‌زایی ده‌ربڕین، به‌ڵكو ده‌بێ ناڕه‌زاییه‌كان ئه‌وپه‌ڕی توند بن، به‌ڵام هاوسه‌نگی را‌گرتن لێره ئه‌وه‌یه ناڕه‌زاییمان دژ به سته‌مه‌كانی توركیا و ئێران به قه‌باره‌ی سته‌مه‌كانیان بێت، نه‌ك كاتێك ئێران و توركیا به یه‌ك ئه‌ندازه سته‌ممان لێ ده‌كه‌ن، ئێمه دژی لایه‌ك زۆر توند بین، به‌ڵام دژی لایه‌كه‌ی تر یان بێ ده‌نگ یان هه‌ر قسه نه‌كه‌ن.
كورد گه‌لێكی سته‌ملێكراوه، دوژمنه‌كانی به یه‌ك چاو سه‌یری ده‌كه‌ن، له‌لایه‌كی تریش هه‌ندێك جار خۆیان وه‌ك دۆستی كوردی پارچه‌كانی تر حیساب ده‌كه‌ن، به‌ڵام ئه‌و دۆستایه‌تییه درۆیینه، ئه‌وه وایكردووه كورد بكه‌وێته دۆخێكی ئاڵۆزه‌وه، بۆیه ئه‌گه‌ر له‌سه‌ر ئاستی سیاسیش حزبه‌كانی كوردستان نه‌توانن هه‌موو شتێك بكه‌ن به‌هۆی كۆمه‌ڵێك فاكته‌ری سیاسی، ئه‌وا له‌سه‌ر ئاستی كۆمه‌ڵایه‌تی و رۆشنبیری ده‌توانرێ زۆر شت بكرێت، كه‌مترینی ئه‌وه‌یه مرۆڤ هاوسۆزی و ناڕه‌زایی ده‌ربڕێت به‌رانبه‌ر داگیركه‌رانی كورد، به‌ڵام ئه‌وه‌ی جێی تێڕامانه، زۆرجار ئه‌و نووسه‌رانه‌ی خۆیان وه‌ك سه‌ربه‌خۆ پێناسه ده‌كه‌ن، هه‌مان مامه‌ڵه‌ی هێزێكی سیاسی ده‌كه‌ن.
كورد تا ئێسته‌یش له هه‌ر به‌شێكی كوردستاندا خاكی خۆی وه‌ك یه‌ك پارچه سه‌یر ده‌كات، كاتێك ده‌ڵێین "باكور، یان باشوور، یا رۆژهه‌ڵات، یاخۆ رۆژئاوا"ی كوردستان، واته ئێمه جیاوازیی نێوان خاكی دابه‌شكراومان ناكه‌ین، ئێسته‌یش له ناخماندایه كه كوردستانێكی پێكه‌وه گرێدراومان هه‌یه، ناتوانین لێكی جیا بكه‌ینه‌وه، هه‌ر لایه‌ك ناخۆشییه‌كی بێته سه‌ر، ناخۆشییه بۆ سه‌ر هه‌موو كورد، له هه‌موومان ده‌خوازێ پاڵپشتیی مادی و مه‌عنه‌ویی بكه‌ین.
مانگی رابردوو سه‌ره‌تای ده‌ستپێكی هێرشێكی نابه‌رانبه‌ری سوپای توركیا بوو بۆ سه‌ر رۆژئاوای كوردستان، له‌گه‌ڵ ده‌سپێكی ئه‌و هێرشه، له هه‌ر چوار لاوه جۆش و خرۆشی ناڕه‌زایی به‌رز بووه‌وه، به‌هۆی سته‌مكاری تورك به‌رانبه‌ر رۆژئاوای كوردستان وه‌ستانه‌وه. له باشووری كوردستان نووسه‌ران به قه‌ڵه‌مه‌كانیان سه‌ركۆنه‌ی ئه‌و كاره‌یان كرد و داوای بایكۆتی كاڵای توركییان كرد، ئه‌وه یه‌كێك بوو له‌و رێ دروستانه‌ی به‌كار هات دژی داگیركاری سوپای توركیا.
وه‌ستانه‌وه به رووی سته‌مكاری تورك، جۆرێك له یه‌كده‌نگی له‌سه‌ر بوو، ئه‌گه‌ر سه‌یری نووسه‌رانی باشوورت بكردایه، به روونی ئه‌و یه‌كده‌نگییه دیاربوو، دوای هێرشه‌كانی سوپای توركیا، جارێكی تر خۆپێشاندانه‌كانی ئێران ده‌ستی پێ كرد، له‌گه‌ڵ فراوانبوونی رووداوه‌كان له شاره‌كانی ئێران، رۆژهه‌ڵاتی كوردستانی گرته‌وه، كۆماری ئیسلامیی به توندی رووبه‌ڕووی خۆپێشانده‌ران بووه‌وه، تا ئێسته چه‌ندان خۆپێشانده‌ری كورد به فیشه‌كی هێزه‌كانی ئێرانی شه‌هید كراون. ئه‌وه‌ی جێی تێڕامانه، له گوتاری به‌شێكی زۆری ئه‌و نووسه‌رانه‌ی زۆر به‌توندی دژی داگیركاریی سوپای توركیا وه‌ستانه‌وه، ئه‌مجاره بۆ سه‌ركوتكردن و شه‌هیدكردنی هاونیشتمانی كورد له رۆژهه‌ڵات، بێده‌نگییان هه‌ڵبژارد، زۆرینه‌یان به ژێر لێویشه‌وه باسیان له رووداوه‌كانی رۆژهه‌ڵاتی كوردستان نه‌كرد.
ئه‌و جۆره بێده‌نگییه پێمان ده‌ڵێت كه ئه‌وانه هه‌موو ئه‌و هات و هاواره‌ی بۆ رۆژئاوای كوردستان ئه‌نجامیان دا، جگه له جه‌نگێكی ئایدۆلۆجی هیچ شتێكی تر نه‌بوو، ئه‌وه‌ش ئه‌وپه‌ڕی ترسنۆكی ئه‌و جۆره كه‌سانه ده‌رده‌خات، كاتێك له په‌نای جه‌نگی نه‌ته‌وه‌یی، جه‌نگی ئایدۆلۆجی ده‌كه‌ن.
ئه‌گه‌رنا، سته‌مكاریی تورك و فارس به‌رانبه‌ر رۆژهه‌ڵات و رۆژئاوای كوردستان جیاوازی چییه؟ كۆماری ئیسلامی تا ئه‌وپه‌ڕی وڵاتێكی مه‌زه‌وییه، هه‌موو ئه‌وانه‌ی ئێران به‌ڕێوه ده‌به‌ن كه‌سانی عه‌مامه‌به‌سه‌ر و پیاوی ئاینین، به‌ڵام سه‌یره رۆشنبیرێكی عه‌لمانی عه‌یار 24 دژی ئه‌و سته‌مكارییه‌ی ئێران بێده‌نگه.
بۆچی ده‌بێ هه‌ر ئه‌و رۆشنبیره عه‌لمانییه دژی تورك بێته سه‌رشه‌قام و هێرشه‌كانی وه‌ك هێرشێكی ئاینی لێكدانه‌وه بۆ بكات، خۆ راسته ئه‌وه‌ی تورك ناوێكی ئاینیی لێ نا، به‌ڵام خۆ ئه‌وه‌ی ئێران تا سه‌رئێسك به‌ناوی ئاینه‌وه‌یه.
هه‌ر چالاكییه‌ك له رۆژئاوای كوردستان ئه‌نجام بدرایه، ئه‌و رۆشنبیرانه خۆیان ده‌گه‌یاندێ، به‌ڵام بۆ ئه‌وانه‌ی ئێران بێده‌نگییان ده‌نواند.
ئه‌و دۆخه‌ی رۆژهه‌ڵاتی كوردستان به زوویی سیحری كوردبوون پێش هه‌موو شت و كوردایه‌تی فرۆشتنه‌وه‌ی هه‌موو ئه‌وانه‌ی به‌تاڵ كرده‌وه كه ساڵانێكه لافی كوردبوون به‌سه‌ر خه‌ڵكدا لێ ده‌ده‌ن، خه‌ڵكی تر به دارده‌ستی تورك وه‌سف ده‌كه‌ن، ده‌ركه‌وت ئه‌و خه‌ڵكه‌ی ئه‌وان به دارده‌ستی توركیان وه‌سف ده‌كرد، هه‌ڵوێستیان زۆر كوردانه‌تر بوو له خۆیان، چونكه ئه‌و خه‌ڵكه به یه‌ك هه‌ناسه هه‌م دژی داگیركاریی تورك وه‌ستانه‌وه و به توندی سه‌ركۆنه‌یان كرد، هه‌م دژی سته‌مكاری فارس وه‌ستانه‌وه و به توندی سه‌ركۆنه‌یان كرد، نه‌ك بۆ سته‌مكاری فارس ده‌نگ به‌رز بكه‌نه‌وه، به‌ڵام بۆ ئه‌وه‌ی توركیا بێده‌نگ بن. ئه‌وه‌یش ده‌ریخست كێ كوردانه بیر ده‌كاته‌وه و كێی تریش به‌پێی به‌رژه‌وه‌ندی.
ئه‌و رووداوانه په‌رده‌ی له‌سه‌ر ئه‌و گوتاره درۆیینه هه‌ڵماڵی كه ئه‌وان پارێزه‌ری كوردایه‌تی بن، ده‌ركه‌وت رۆژئاوای كوردستان بۆ ئه‌وان كوردبوون نییه، به‌ڵكو سه‌نگه‌ری جه‌نگێكی ئایدۆلۆجی بوو.