ئیسماعیل ته‌ها
لێره‌دا قسه‌یه‌كی په‌ره‌سه‌ندووی بێ كه‌ڵك و بایه‌خ له قامووسی شۆڕشگێڕی ده‌هێنمه به‌رتیشكی ئه‌م لێكدانه‌وه‌یه: زۆرجار ده‌گوترێ فڵانه كه‌س به ترازانی له ڕاسته‌ڕێی گه‌لپه‌روه‌رییه‌وه به‌ره‌و سوودی شه‌خسی و خۆپه‌رستی سه‌ره‌ولێژ بووه‌وه بۆ ناو گوفه‌كی مێژوو. گوایه به‌م توانجه ناوزڕێنه فڵانه كه‌سه‌كه‌یان نابووت كرد و ناویان سڕییه‌وه، كه‌چی ئه‌و فڵانه كه‌سه به‌ته‌ما نه‌بووه موژده‌یه‌كی له‌وه خۆشتری پێ بگات چونكه هه‌موو ئاوات و ئامانجی ئه‌وه بووه به‌هره‌وه‌ر بێ له به‌ره‌كه‌تی ئه‌و گوفه‌كه. مه‌سعوود محه‌مه‌د.
كورد یه‌كێكه له‌و گه‌لانه‌ی زۆرترین وشه‌ی خیانه‌تی مێژووی و نه‌فره‌تی مێژوو به‌كار ده‌هێنێت، له‌كاتێكدا ئه‌و دوو زاراوه‌یه، ئه‌وه‌نده‌ی بۆ دڵدانه‌وه‌یه، ئه‌وه‌نده كاریگه‌ری له‌سه‌ر كه‌سی ناپاك نابێت، چونكه ئه‌و هه‌موو هیوا و ئاواتی ئه‌وه بووه كه به مه‌به‌ستی خۆی بگات، ئیتر دوای ئه‌وه چ باكی به‌وه‌یه له مێژوو ناوی به‌پاك تۆمه‌تبار ده‌كرێت.
راسته هه‌موو ناپاكییه‌ك سته‌مێكه به‌رامبه‌ر سته‌م لێكراو، به‌ڵام كاتێك سته‌م لێكراو هیچ په‌نایه‌كی باشتر شك نه‌بات بۆ تۆڵه‌كردنه‌وه له سته‌مكار، په‌نا ده‌باته به‌ر چه‌ند چه‌مێك، له سیاسه‌تدا به‌زۆری په‌نا ده‌به‌نه به ناپاكی نیشتمانی و نه‌ته‌وه‌یی، بۆ تۆڵه‌كردنه‌وه‌ش په‌نا ده‌به‌نه به‌ر دادگایی مێژوو، بابزانین مێژوو له رابردوو كێی بۆ دادگایی كردووین؟ تا تۆماركردنی ئه‌و كه‌سه وه‌ك خائینێك ساڕێژی برینه‌كان ده‌كات.
كاتێك كه‌سێك كارێك ده‌كات پێچه‌وانه‌ی دادپه‌روه‌ریی و به‌رژه‌وه‌ندی نیشتمانییه، زۆرجار ئه‌م كاره‌ی ده‌خرێته چوارچێوه‌ی (ناپاكی مێژوویی)، ئه‌گه‌ر هه‌ڵوه‌سته‌یه‌ك له‌سه‌ر (ناپاكی مێژوویی) بكه‌ین ئه‌وه‌نده‌ی دڵدانه‌وه‌یه، ئه‌وه‌نده له ئه‌رزشێكی واقیعی نییه، چونكه ئه‌م كه‌سه‌ی كه ئه‌م كاره‌ی كردووه به بۆچوونی مه‌سعوود محه‌مه‌د بۆ ئه‌وه‌ی نه‌كردووه له‌وه زیاتری پێ بڵێن، ئه‌م قسه‌یه‌شی به قسه‌یه‌كی بێ كه‌ڵك و بێ بایه‌خ ناو بردووه، ئینجا ده‌ڵێ ئه‌م كه‌سه نابووت نابێت به‌م قسه‌یه، چونكه به ته‌مای باشتر له‌و قسه‌یه نه‌بووه، ئه‌و كه‌سه به‌لایه‌وه ئاساییه تۆ به خیانه‌تكاری ناو ببه‌ی، چونكه ئه‌و "هه‌موو ئاوات و ئامانجی ئه‌وه بووه به‌هره‌وه‌ر بێ له به‌ره‌كه‌تی ئه‌و گوفه‌كه.
دواتر ده‌ڵێ: تۆ ئه‌گه‌ر ده‌ته‌وێ بابای ئه‌وتۆیی ئیفلاس پێ بكه‌یت و به خه‌فه‌تانی بكوژیت، ڕێی گوفه‌كی مێژووی لێ كوێر بكه‌وه، ئه‌و نرخه‌ی تۆ به ناوپاكی و پیاوچاكی ده‌به‌خشیت بۆ پیاوی ته‌ماعكاری دنیاخواز و هه‌وه‌سباز ژاڵه و گوژاڵه.... "*
له‌لایه‌كی تره‌وه ئه‌م قسه‌یه قسه‌ی بێ ده‌سه‌ڵاتانه، كاتێك ده‌ڵێن: فڵان ده‌كه‌وێته به‌ر نه‌فره‌تی مێژوو، ده‌ی مێژوو كه‌سی له سێداره نه‌دا به‌هۆی خیانه‌ته‌وه، ئه‌وپه‌ڕی ناوی به‌خیانه‌تكار تۆمار كراوه.
ئه‌گه‌ر نه‌توانن له دنیا خۆی سزا بده‌ن، چاوه‌ڕوانی ده‌ستی مێژوو مه‌كه‌ن مێژوو سێداره‌ی بۆ دانێ، مێژوو سێداره بۆ كه‌س دانانێ، ئه‌وه مرۆڤه‌كان پێویسته تۆڵه‌ی خۆیان له به‌رانبه‌ره‌كانیان بكه‌نه‌وه نه‌ك مێژوو، بۆ مێژوو خه‌می كه‌سی نه‌بووه تا خه‌می كه‌سی تری بێت؟ ئێسته ئێمه چیمان به‌رانبه‌ر ئه‌و كه‌سانه پێ ده‌كرێت كه له مێژوو به‌خیانه‌تكار تۆمار كراون، ئه‌ی نه‌وه‌كانی ئێمه چی‌یان پێ ده‌كرێت بۆ ئه‌وانه‌ی ئه‌مڕۆ ناوزه‌د ده‌كرێن به‌خیانه‌تكار، ئه‌گه‌ر خۆتان شتێكتان پێ ده‌كرێت، به‌رانبه‌ر هه‌ر كه‌سێك كه خیانه‌تی كردووه، به‌ڵگه هه‌یه فه‌رموون بیكه‌ن، ئه‌گه‌رنا واز له‌وه بێنن تۆڵه‌ی خۆتان بكه‌نه‌وه به وشه‌گه‌لێكی وه‌ك "نه‌فره‌تی مێژوو" و "خیانه‌تكار" و "رووڕه‌شی مێژوو"، ئه‌وانه وشه‌ی زارانن، چونكه تا ئێسته مێژوو كه‌سی دادگایی نه‌كردووه و به‌سزایان بگه‌یه‌نێ، ناوی هیتله‌ر و عومه‌ری كوڕی عه‌بدولعه‌زیز و حاته‌می تائی وه‌ك یه‌ك دێت، ئه‌وپه‌ڕی ده‌ڵێن: هیلته‌ر سته‌مكار بوو، حاته‌م سه‌خی بوو، عومه‌ری كوڕی عه‌بدولعه‌زیز دادپه‌روه‌ر بوو.
ئه‌گه‌ر سه‌یری نووسینی كوردی بكه‌ین پڕه له چه‌مكی خیانه‌تی مێژوویی، تۆڵه‌ی ئه‌و خیانه‌ته سپێردراوه به‌مێژوو، مێژووش مرۆڤ ده‌ینووسێته‌وه، زۆرجار خائین ئه‌وه‌نده زمانپاراوه، ئه‌و كاره‌ی ده‌یكات به گه‌وره‌ترین شانازی، له به‌رانبه‌ر كه‌سی خیانه‌ت لێكراو ده‌بێت به خائین، ئیتر لێره‌وه مێژوو ئاوه‌ژوو ده‌بێته‌وه، خائین ده‌بێت به نیشتمانپه‌روه‌ر، نیشتمانپه‌روه‌ر ده‌بێت به خائین.
گه‌وره‌ترین ئاواتی كه‌سی خائین گه‌یشتنه به ده‌ستكه‌وته مادییه‌كانی خۆی، ئیتر ئه‌و باكی به‌وه نییه كه چیی پێ ده‌گوترێت، كه‌سی خائین وه‌ك ئه‌و دزه‌یه كه له دزی راهاتووه، هه‌ركات دزییه‌ك ده‌كات، ده‌گیرێت و ده‌خرێته گرتووخانه‌وه، ئه‌و له گرتووخانه پیلان داده‌نێت كه دوای ئازادبوونی چیتر بدزێت، كاتێكیش ده‌رده‌چێت زۆر به‌لایه‌وه ئاساییه كه پێی ده‌گوترێت دز، چونكه ئه‌و تازه راهاتووه له دزیكردن، كه‌سی خائین وه‌ك مه‌سعوود محه‌مه‌د ده‌ڵێ: گه‌یشتووه به ئاواتی خۆی، ئیتر چ گوێی له‌وه‌یه پێی بگوترێت خیانه‌تی مێژوویی كردووه، كاتێكیش پارێزگاری له خۆی ده‌كات زۆر رووقایمانه پارێزگاری ده‌كات، هه‌موو پێ‌ناخۆش بوونه‌كه‌ی ناكاته ئه‌و كاره‌ی ئه‌نجامی داوه.
له‌بری تۆڵه‌كردنه‌وه به مێژوو، ده‌بێ هه‌وڵ بدرێت ئه‌وجۆره كه‌سانه به كرده‌نی دادگایی بكرێن، ئه‌وه‌ی به‌هۆی خیانه‌ته‌وه ده‌ستیان كه‌وتووه لێیان بسێندرێته‌وه، تۆڵه‌ی راسته‌قینه ئه‌وه‌یه هه‌موو ساتێك بۆ ئه‌وانه مردنه، چونكه ئاواته‌كه‌یان زینده‌به‌چاڵ ده‌كرێت، له به‌رهه‌می خیانه‌ته‌كه‌یان ناخۆن، خائین كه به‌هۆی خیانه‌ته‌وه تا له دنیایه به‌وپه‌ڕی خۆشی ده‌ژیت، ئیتر دوای مردنی چ باكی به‌وه هه‌یه پێی ده‌ڵێن: خائین و مێژوو ناوی به كه‌سێكی خائین تۆمار كردووه.
تا ئێسته كه‌س نه‌بینراوه به‌هۆی ده‌سته‌واژه‌ی خیانه‌تی مێژوویی بتلێته‌وه، ئه‌وه‌ی كه پێی دڵخۆش ده‌بێت، ته‌نیا ئه‌و كه‌سانه‌ن كه خیانه‌تیان لێ كراوه.
بۆ ئه‌میری حه‌سه‌ن پوور له هه‌ر كوێیه‌ك بێت
لاپه‌ره: 49 چاپی یه‌كه‌م'