كۆلكەمەلا یان بانگخواز؟

PM:05:16:11/08/2019 ‌

بەدرێژایی مێژووی زانایانی كورد ئەركی رێنوێنییە ئاینییەكانیان لە ئەستۆ بووە، ئەوان رێنوێنیی خەڵكیان دەكرد، ئەو كەسانەی دەبوون بە مەلا، دەبوو لای مەلایەكی ناودار خوێندنیان تەواو بكردایە و مۆڵەتی مەلایەتییان وەربگرتایە، ئینجا لە گوندێك وەك مەلا وەردەگیران. زۆرجاریش كەسانێك هەبوون هەر خەڵكی گوند بوون، بەڵام خوێندنیان تەواو نەكردبوو پێیان دەگوترا (كۆلكەمەلا)، ئەو جۆرە خوێندەوارە تەنیا بۆ هەندێك شتی زۆر سەرەتایی پەنایان بۆ دەبرا، وەك بانگدان و نوێژی مردوو و چەند شتێكی سەرەتایی.
ئەو كەسانەی دەبوون بە مەلا هەمیشە لە خوێندنی ئاینی حوجرەكانی كوردستان دەگەڕان، حوجرەكان خاوەن میتۆدێكی دیاریكراو‌ بوون، ئەو كەسەی دەستی بەو خوێندنە دەكرد،‌ ئەگەر بیویستایە ببێت بە مەلا، دەبوو ئەو میتۆدە تەواو بكات، بۆیە هەمیشە هەوڵی دەدا لای باشترین زانا ئەو میتۆدە بخوێنێت، هەریەك لەو مەلا باشانە چیرۆكێكی دیاریان هەیە تا گەیشتوون بە مەلایەكی باشی سەردەمەكەی خۆیان بۆ ئەوەی مۆڵەتی زانستی وەربگرن. 
ئەگەر سەیری زانایانی وەك شێخ عومەری قەرەداغی، مەلا عەبدولڕەحمانی پێنجوێنی، مەلای گەورە، مەلا فەندی هەولێر، مەلا باقری باڵەك، مەلا ساڵحی كۆزە پانكەیی و مامۆستای كانیسانانی بكەین، خۆیان لەسەر دەستی باشترین زانای سەردەمەكە خوێندوویانە، دواتریش بوون بە مەلا ئەو كەسانەی ئیجازەیان پێ داون، زۆر دەگمەنە ئاستی زانستییان لاواز بێت، ئەمەیش بۆ دوو هۆكار دەگەڕێتەوە. یەكەم: ئەو كەسانەی ئیجازەیان لێ وەرگرتوون، كەسی لێهاتوو و خۆماندووكەر بوون. دووەم: ئەو مامۆستایانە خۆیان ئیجازەیان نەداوە بە كەسێك كە شایستە ‌نەبێت. 
ئەمە تا بەر لە راپەڕین بەدەر لە زانكۆكانی بەغدا، شێوازی پێگەیاندنی مەلاكان بەم جۆرە بوو، ئەوانەیشی لە كۆلێژ دەیانخوێند بەشی زۆری ئەو قوتابییە كوردانەی لە كۆلێژی شەریعە بوون، لەگەڵ ئەوەی زانكۆكانی بەغدا خاوەنی مامۆستای بە توانا بوون، بەڵام قوتابییە كوردەكان هەوڵیان دەدا سوود لەو مەلا كوردانەیش كە لە بەغدان وەربگرن، لە سەرووی هەموویانەوە مامۆستا مەلا عەبدولكەریمی مودەریس.
ئەو جۆرە خوێندنە تا دوای راپەڕینیش بەگشتی هەروابوو، بەڵام دوای راپەڕین دۆخی خوێندنی حوجرەكان بەشێوەیەكی تر گۆڕا، بەتایبەت هەندێك حوجرەی سەر بە هەندێك حزب كرانەوە، لەبری پێگەیاندنی مامۆستای لێهاتوو و كارامە لەسەر میتۆدی زانایانی پێشوو، هاتن چەند نامیلكەیەكی بچووكیان كرد بە میتۆد بە بیانووی رۆشنبیری ئاینی، كە ئەمە دەتوانرا بەشێوەیەكی تر بێت. لەوێوە خەڵكێكی زۆری بەناو مەلا دروستبوون و بوون بە موفتی، وای لێ هات هەموو شت لە قسەكردن كۆ كرایەوە، زانست بوو بەوەی كە كێ زۆرترین قسە ریز دەكات، گرنگ نییە ئەو قسانە چەند زانستین، گرنگ قسە زۆر بكات. سەیر بوو، خۆماندووكردن بە زانستەكانی وەك "منطق و بلاغە و كلام أصول الفقه" خۆ ماندووكردنی بێ سوودە‌، ئێستە زیانەكانی ئەو جۆرە قسانە وردە وردە دەردەكەوێت، چونكە هێشتا كۆمەڵێك مامۆستای بە ئەزموون و خاوەن زانست لە گۆرەپانەكەدا هەن، لە چەند ساڵی دادێ باشتر روونتر دەردەكەوێت، چونكە ئەوكات بە یەكجاری كۆمەڵێك نەخوێندەواری ناو لاپەڕەی چەند نامیلكەیەكی بچووك دەبن بە دەمڕاستی خەڵك.
سەرەڕای ئەو بێسەروبەرییە كە كەڵەبووی چەند ساڵی رابردووە، لە دوو ساڵی پێشوودا وردە وردە بەناوی پێگەیاندنی بانگخوازی تازە، كۆمەڵێك ناوەند دەستیان داوەتەوە دروستكردنی بانگخواز، لەڕێی كردنەوەی هەندێك خول بۆ كەسانێك بە مەرجی شارەزاییەكی سەرەتایی لە زانستە شەرعییەكان، ئیتر دوای خولێكی چەند مانگی ئەوان دەبن بە بانگخواز، بەڵام پێگەیاندنی بانگخوازی لەو جۆرە كارێكی زۆر مەترسیدارە، كارەسات ئەوەیە دوای ماوەیەكی تر ئەوانە دەست دەكەن بە فەتوادان.
ئاخر بابەتی فەتوا بابەتێكی یەكجار گرنگ و ئاڵۆزە، لەناو بابەتەكانی پێوەست بە ئیسلام، هەمیشە زانایانی پێشوو خۆیان پاراستووە، مەلای گەورەی كۆیی كە باس لە باپیرە مەلا ئەسعەدی جەلی زادە دەكات، دەڵێ: هەر كات پرسیارێكی ئاراستە دەكرا، دووجار ناوەڕۆكی پرسیارەكەی لە پرسیارەكە دەپرسییەوە، دەگەڕایەوە سەر كتێبەكان، ئینجا وەڵامی پرسیارەكەی دەدایەوە.
بەشێكی زۆر لەو بانگخوازانەی ئەمڕۆ لەسەر تەلەڤزیۆن بە تەلەفۆن پرسیاری زۆر گرنگیان لێ دەكرێت، هێشتا پرسیارەكە تەواو نەبووە، مامۆستا دەڵێت: تێگەیشتم، دواتر راستەوخۆ وەڵامی دەداتەوە، بەبێ بەدواداچوونی ورد بۆ كەسی پرسیاركەر.
ئەو جۆرە بانگخوازە بۆچی ئەوەندە بە ئاسانی فەتوا دەدەن؟ بۆ دوو هۆكار دەگەڕێتەوە: 
یەكەم: خۆیان ئەهلی فەتوا نین.
دووەم : ناگەڕێنەوە بۆ سەر سەرچاوەكان.
ئەمە جگە لەوەی یەكسەر فتوا لە شتێك دەدەن كە خۆی بابەتێكی خیلافییە، چەند ساڵێك لەمەوبەر مامۆستا فارووق حوسێن باسی نامیلكەیەكی بچووكی كرد كە چەند لاپەڕەیەكی كەم بوو بە ناونیشانی "یەكلاكردنەوەی حەڤدە بابەتی خیلافی"، ئێستە ئەگەر سەیری هەندێك بەناو خەڵكی مەلا بكەیت، دەبینی نامیلكەیەكی لەم جۆرەی خوێندووەتەوە، ئیتر دێت ئەوەی خیلافییە مادام خۆی پێی حەرامە، یەكسەر لەسەر بنەمای ئەم جۆرە نامیلكەیە بۆ خەڵكی تریشی حەرام دەكات، ئیتر بوار نادات بەوەی ئەمە بابەتێكی خیلافییە ناكرێت ئەوەندە زوو حوكمی بەسەردا بدەیت. چونكە زۆرجار كەسانێك كە شارەزاییان لە سروشتی ئاین نییە، تووشی دوودڵی و دڵەڕاوكێ دەبن، لە ئەنجامی ئەو جۆرە بێسەروبەرییەی لە كاری بانگخوازی هەیە.
بۆیە تا ئێستە هیچ بوارێك وەك بواری مەلایەتی بێسەروبەر نەبووە، هەر كەسێك راست دەبێتەوە بە خوێندنەوەی دوو كتێب دەبێتە مەلا، كارەسات ئەوە نییە بووە بە مەلا، بەڵكو ئەوەیە خۆی راستی رەهایە و ئەوانەی تریش نەخوێندەوار و سەرلێشێواو. 
كۆتایی مانگی رابردوو رێوڕەسمی رێزلێنان بۆ 276 بانگخوازی نوێ بەڕێوە چوو كە تازە لە خولەكانی بوون بە بانگخواز تەواو بووبوون.  
ئەگەر بەراوردێك لە نێوان بانگخوازانی كوردستان و بانگخوازانی وڵاتان بكرێت، جیاوازییان زۆرە، ئەوان كە دەبن بە بانگخواز، دوای ماندووبوونێكی زۆر و هەوڵدان بۆ ئەوەی ئەو بنەمایەی كاری لەسەر دەكەن، بە وردی شارەزای بن، بۆ نموونە بانگخوازێكی سعوودی ئەگەر سەلەفیش بێت، توانیویەتی لە سەلەفیەتی خۆی شارەزا بێت، كەسێكی سۆفی لەو وڵاتانەی تر‌ كە دەبێتە بانگخواز، شارەزاییەكی زۆر وردی لە ئیسلام و كاری بانگخوازی هەیە، هەرچەندە لە كوردستان هیچ كەسێكی سەر بە ئەهلی تەسەوف نییە خۆی وەك بانگخواز ناساندبێت.
زۆرجار بانگخوازانی وڵاتانی ئیسلامی دەكەونە دیبەت و گفتوگۆ لەگەڵ كەسە بەناوبانگەكانی وڵاتانی تر، دەچن بۆ كەناڵە ئینگلیزییە ئاینییەكان دیبەیت ئەنجام دەدەن، بانگخوازی كورد تەنیا لە چوارچێوەكەی خۆی خەریكی كاركردنە، زۆر جاریش كە دەچێتە بەرانبەر كەسێك كە فكری جیاوازە لەگەڵی، ئەوەندە لاواز دەردەكەوێت، خۆزگە دەخوازی هەر قسەی نەكردایە، چونكە بەشی زۆری بانگخوازەكان هەر بارتەقای كۆلكە مەلایەكی خراپ خوێندوویانە، بۆیە هی ئەوە نین لە نوێژی مردوو و بانگدان زیاتریان پێ بسپێردرێت، بۆ بانگدانەكەیش ئەگەر دەنگیان خۆش نەبوو، نابێ بانگیش بدەن. 
تێبینی: بەكارهێنانی وشەی مەلا لە كوردی رەسەنترین وشەیە بۆ ئەو كەسانەی لە حوجرە خوێندوویانە، چونكە زانا گەورەكانی كورد كەسیان پێیان نەگوتراوە مامۆستا، هەموویان هەڵگری ناوی مەلا بوونە.