هاوڕێیه‌كم تێلی بۆ كردم و گوتی، به‌و خوایه حه‌ز ده‌كه‌م تووشی ڤایرۆسه‌كه ببم و خه‌ڵاس.. یان تێدا ده‌چم یان زیندوو لێی ده‌رده‌چم، ئه‌و به‌رده‌وامی به‌قسه‌كانی دا و گوتی، به‌س نییه ئیتر ئه‌وه‌نده هه‌واڵی ناخۆشی ئه‌م كه‌ناڵانه‌ی خۆمان كه به‌تایبه‌ت ژێرنووس ده‌كرێن و یه‌كێك ده‌ڵێ (به‌په‌له، بله‌ز، نها، ئێستا، هه‌ر ئێستا)یه نابینم و نابیستم، منداڵه‌كانم لای دایه‌گه‌وره‌یان به‌ده‌نگی به‌رز نایخوێننه‌وه و تۆقین و تۆقاندنی دوو ئه‌وه‌نده‌ی تر لێ ناكه‌ن، دایهیهك كه نه‌خۆشیی شه‌كره و پاڵه‌په‌ستۆی خوێن له‌م كۆتایی ته‌مه‌نه‌یدا ته‌نگی پێ هه‌ڵچنیوه.
چیرۆكی هاوڕێكه‌م، چیرۆكی 70%ی خێزانه‌كانی كوردستانه، كێ هه‌یه له‌م كوردستان و عێراقه‌ی خۆماندا پاش مه‌ینه‌تییه‌كانی ژیانی ئه‌وه‌نده مێشكی ئاسووده بێت، له ته‌مه‌نه‌كانی سه‌رووتر تووشی ئاوا نه‌خۆشیی نه‌بووبێت و ساغڵه‌م له ئاوا دۆخ و نه‌خۆشییه‌كی گوازراوه وه‌ك په‌تای ڤایرۆسی كۆڕۆنا له‌مڕۆدا ده‌ربچێت.
كه به‌پێی ئاماره‌كان ڕێژه‌یه‌كی زۆری ته‌مه‌نه‌كانی سه‌رووتر كه ئاوا نهخۆشیگهلێكیان هه‌یه، توانای به‌رگه‌ی ئاوا ڤایرۆسێكیان له جۆری خراپیدا ناگرن و به‌هۆیه‌وه ڕه‌نگه گیان له ده‌ست بده‌ن؛ یانیش ئه‌گه‌ر زیندوو مانه‌وه له‌پاڵ موعجیزه‌ی خودایی، ئه‌و ڕۆحه‌ی پێشووی ژیانیان بۆ نامێنێت و جه‌سته لاوازترهكهیان له‌دوای قۆناغی تێپه‌ڕاندنی ڤایرۆسه‌كه ده‌كات.
له ماوه‌كانی ڕابردوودا ڕێنوێنیی و ڕاسپارده‌ی زۆر بۆ كه‌ناڵه‌كان له‌لایه‌ن حكوومه‌ت و وه‌زاره‌تی وه‌زاره‌تی ڕۆشنبیرییه‌وه به‌تایبه‌ت ڕاسپارده كرا، به‌ڵام وه‌خته ئاستی تۆقاندنهكهیان له ڕێنوێنییه خۆپارێزییه‌كان بۆ هاووڵاتییان زیاتر ده‌بێت و له ئاستی خۆی ده‌رده‌چێت.
ئیتر جیاواز له پزیشك و پسپۆڕان له‌م ناوه‌نده‌شدا، شرۆڤه‌ی هه‌ندێك به‌ناو پاڵه‌وانی فه‌یسبووك و لایڤهكانیش بوه‌ستێت. یه‌كێك ده‌ڵێت: فشه‌یه و یه‌كێ گۆرانی بهباڵایهوه ده‌ڵێت و یه‌كێكی تر وڵاته‌كه‌ی خۆی له ده‌ره‌وه گیری خواردووه به‌ده‌ست په‌تا ڤایرۆسێكه‌وه، به‌ڵام له ئێمه بووه به پڕۆفیسۆری زانیاری گه‌یاندن و وه‌ك ناحاڵێك له ژیان ئێمه تێده‌گه‌یه‌نێت، له‌كاتێكدا وه‌خته بلیتی گه‌ڕانه‌وه بۆ كوردستان به‌هۆی دۆخی كونتڕۆڵ نه‌كراوی ڤایرۆسه‌كه‌وه، له وڵاته‌كانیان ده‌بڕن و ده‌گه‌ڕێنه‌وه (ئه‌گه‌رچی وڵات و ماڵی خۆیانه) به‌ڵام شرۆڤه‌ی نابه‌رپرسانه هه‌ڵه‌یه و كاره‌ساته و ئیشی هه‌موو كه‌سێك نییه.
من بیستم وڵاتانی ئه‌وروپا و چین به‌تایبه‌ت قه‌ده‌غه‌ی لێدوانیان له خه‌ڵكی نه‌شاره‌زا و ناپسپۆڕ جگه له پزیشكان و ڕێپێدراوانی ته‌ندروستی كردووه؛ ئه‌وانه‌ی كاری وا ده‌كه‌ن، سزای توندیان ده‌ده‌ن. چونكه زۆرجار قسه ئه‌وه‌نده‌ی رێوشوێنێكی یاسایی كاریگه‌ره و دۆخه‌كان به‌ره‌و ئاراسته‌ی قسه‌كان ده‌گۆڕێت.
با تۆڕه‌كانی فه‌یسبووك به‌تایبه‌ت و ئینیستاگرام و تویته‌ر و شرۆڤه و وێنه و ڤیدیۆ نامۆكانی ئه‌وانیش بوه‌ستێت كه ئاماده‌ن بۆ لایك و كۆمێنت، دۆخی شارێك و ناوه‌ندێكی حكوومیی ناشیرینتر بكه‌ن و دوو ئه‌وه‌نده‌ی تر مێشكی خه‌ڵك ئاڵۆزتر بكه‌ن.
وه‌زاره‌تی ڕۆشنبیری ئێسته با پێشنیاری بۆ لیژنه‌ی ڕووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ی ڤایرۆسی كۆرۆنا له هه‌رێمی كوردستان، ئه‌وه بێت كه یان هه‌ندێك تۆڕی كۆمه‌ڵایه‌تی دابخه‌ن، یا له‌ڕێی جۆراوجۆره‌وه چاودێری په‌یامی هه‌ندێك ئه‌كاونت و په‌یج و گوفتی نابه‌رپرسانه له‌ڕێی وه‌زاره‌تی ناوخۆوه بكه‌ن، یان تكایه لایڤ و ژێرنووسی به‌په‌له‌ی كه‌ناڵه ته‌له‌ڤزیۆنه‌كان و هه‌ندێك پێگه و سایتی نابه‌رپرس ڕابگرن؛ كه دۆخه‌كه له تۆقین و تۆقاندنه‌وه به‌ره‌و دۆخی شڵه‌ژاوی ناخۆش له به‌رگری جه‌سته و دڵه‌ڕاوكێی هاووڵاتییان له ماڵه‌كانیان وا ده‌به‌ن.
ئیتر ئه‌و كاته‌یه هه‌مووان به ڕاگه‌یاندن و هاووڵاتیی ئاسایی و نائاسایی و به‌رپرس و نابه‌رپرس ده‌توانین بڵێین: پابه‌ندین به‌ڕێنوێنییه‌كان و به پابه‌ندیش ده‌مێنینه‌وه، پشتیوان به‌خودا به‌ڵا و نه‌خۆشی و ناخۆشی لێمان دوور ده‌بێت و به‌هیمه‌تی هه‌موو لایه‌كمان به‌سه‌ری ئه‌م به‌ڵا نه‌خوازراوه‌دا زاڵ ده‌بین.