یوسف له‌تیف
خراپه به‌رده‌وام ئه‌و ناوانه هه‌ر بهڵێیتهوه، چونكه كۆى شته‌كان كه‌ڵه‌كه‌بووى خراپ به‌ڕێوه‌بردنى وڵاته. له پاش راپه‌ڕین بۆشایى ئیدارى دروست بوو، یه‌كسه‌ر كورد بێ هیچ ئه‌زموونێك خۆى بووه حوكمڕان، له‌سه‌ر پاشماوه‌ى حوكمێكى خراوى دیكتاتۆرى، تێكه‌ڵه‌یه‌كى ئه‌م دوو به‌ڕێوه‌بردنه، به‌ڕێوه‌بردنى كوردى به‌رهه‌م هێنا.
ئه‌م ئیداره خراپه ئاسته‌نگى خراپیشى بۆ دروست بوو، دواتر شه‌ڕى ناوخۆیشى هاته سه‌ر و ئه‌و ئیداره خراپه‌ى كرده دوو له‌ته‌وه، له‌وكاته‌وه چۆن سێوه‌كه‌ى ئاده‌م هه‌ر دوو كه‌رته و لێك نادرێته‌وه، چه‌ند فڵچه و بۆیاغى لێ ده‌درێ وه‌ك ئه‌و ده‌ریایه‌ى كه ئاوه سوێر و شیرینه‌كه‌ى پێكه‌وه ده‌ڕۆن و تێكه‌ڵ نابن و ماسى هیچ لایه‌كیان له‌وى تردا ناژى و تێكه‌ڵیش نابنه‌وه. ئێسته دیسانه‌وه كۆمه‌ڵێ درز و شه‌قى گه‌وره‌تریشى بۆ په‌یدا بووه، واته لایه‌ك 180 نمره پێچه‌وانه‌ى ئه‌ویتر بیر ده‌كاته‌وه، ته‌نانه‌ت له شتگه‌له نیشتمانییه باڵاكانیشدا هاوڕا نین.
ئه‌م دوو لایه‌نه ته‌نیا كوردن، دوو ره‌نگ و بۆن و دوو پاره و سنوورن. بۆیه هه‌ڵبژاردنیش ده‌كه‌ن و ئه‌گه‌ر لایه‌نێكیش ده‌نگى پێویست نه‌هێنێ، ئه‌وا هه‌ڕه‌شه‌ى شه‌ریكى خۆى ده‌كات و توركمان گوته‌نى "یا ئۆینلهرم یا زیفلهرم" واته یا یاریى ده‌كات یان تێكى ده‌دا. بۆیه هیچ پێوه‌رێك بۆ به‌ڕێوه‌بردن و حوكمڕانى كورد نییه، له هیچ جۆر و شێوه دیموكراسییه‌كى دنیا شێوه‌ى نییه، بۆیه ساده دیموكراسییه‌كى كوردى خۆماڵییه، زاده‌ى به‌رهه‌مهێنانى كورد خۆیه‌تى و كه‌س مافى لاساییكردنه‌وه‌ى بێ پرس نییه.
ئێسته تێكڕاى سێكته‌ره‌كانى ژیان و به‌ڕێوه‌بردن پێویستیان به چاكسازى و پێداچوونه‌وه و پلانى كورت و درێژخایه‌نه، ئیتر ئه‌وانه نابێ وابه‌سته‌ى هه‌ڵبژاردن و ده‌رئه‌نجامه‌كانى بن، هه‌ر جاره‌ى هه‌ڵبژاردن نزیك ده‌بێته‌وه، ته‌نگژه و هه‌ڕه‌شه‌كانى زیاد ده‌كه‌ن، نابێ ده‌رئه‌نجامه‌كانى هه‌ڵبژاردن به لایه‌نی كه‌مه‌وه هێڵه گشتییه‌كانى پڕه‌نسیپى نیشتمانى ببه‌زێنێ و ده‌بێ هه‌ندێ خاڵ له هه‌موو ئان و ساتێك‌دا له‌سه‌رى كۆك و هاوبه‌ش بن.
رێككه‌وتنى ستراتیجى 2009 هۆكارى زۆر بوو و له كاتى خۆیدا جێى خۆى گرت، به‌ڵام ئه‌و رێككه‌وتنه‌ى ئێسته بڕیاره بۆ چوار ساڵ له نێوان پارتى و یه‌كێتى بێته واژووكردن، گرژیى زیاترى تێدایه و جێبه‌جێكردنیشى قورستره و گرهنتیشى كه‌مه، چونكه رابردوو خاوه‌ن بڕیار هه‌بوو، ئێسته لایه‌نێك شڵه‌ژانى بڕیارى هه‌یه، پێشتر خاڵه ناكۆكه‌كان به ڕوونى ده‌ستنیشان كران و كاریان له‌سه‌ر ده‌كرا، ئێسته مه‌رجى پێشوه‌خته ده‌بینرێ و خۆدزینه‌وه له چاره‌سه‌رى ریشه‌یى به‌دى ده‌كرێ و جێبه‌جێكردنیشى ئه‌و زه‌مانه‌ى جارانى نییه، كێشه‌كانیش زیادیان كردووه و كه‌ركووك و بهغدایشى هاتووه‌ته سه‌ر.
بۆیه پێویسته به گیانێكى به‌رپرسیارانه‌تر رووبه‌ڕووى ببنه‌وه، چونكه تا لێكترزانهكان نێوانیان زیاد بكات، ژیانى خه‌ڵك به‌رته‌سكتر ده‌كاته‌وه و مه‌ودایه‌كى دوورتریش له خه‌ونه گه‌وره‌كه‌ی سه‌ربه‌خۆیی دوورتر ده‌كه‌وینه‌وه.
كورد به ئاسانى زۆر شوێن و پێگه‌ى له ده‌ست داوه و به قورسیش بۆى ناگه‌ڕێته‌وه دۆخى جارانى، حه‌قه سوود له ئه‌زموونه تاڵه‌كانى خۆى وه‌ربگرێت، خۆى بگونجێنێ و ئاماده بكات بۆ رووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ى، شتى بچووك بیرى بچووك بهرههمهێنهریهتى و ساده‌یى و خۆلادان له رێیه راسته‌كه و خۆدزینهوهیهتى.
فه‌وزایه‌ك هه‌موو جارێك لێكه‌وته‌ى رازیبوونى حزبه‌كان به پێكهێنانی حكوومه‌ته‌وه ده‌بینرێ، بۆ رازیبوونى حزبهیل هه‌یكه‌لى حكوومه‌تى پێ ناشیرین ده‌كرێ و له‌كه و په‌ڵه‌ى ناشیرینى پێوه ده‌نووسێنن، ده‌ستى به‌ره‌وچوون و بهرنامهیلى كورت ده‌كه‌نه‌وه و دواتریش هێند بارى قورس ده‌كه‌ن كه له توانایدا نابێ و پێى راست نابێته‌وه، به كۆی هه‌مووان له بهرئهنجامهكانى رازى نابین و ده‌یده‌ینه به‌ر تانه و ته‌شه‌ر.
حه‌قه ویژدانمان هه‌بێ، حزبه بارى حكوومه‌ت قورس و ناشیرین و ره‌زاگران ده‌كات، ده‌زگه چاودێرییهكانیش له كاتى خۆیدا لێپرسینه‌وه‌یان نییه و ده‌ستدرێژییه‌كان راناگرن و له كۆتادا به‌سه‌ر حكوومه‌تدا ده‌یشكێننه‌وه، به‌ڵام چاوه‌ڕوانى جیاوازترین و ئومێدى زۆرمان هه‌یه.