یوسف له‌تیف
دوای ئه‌وه‌ی ئه‌مه‌ریكا وه‌ك فۆبیایه‌ك ده‌سه‌ڵاتی شیعی به‌كار ده‌برد بۆ دۆشینی وڵاته‌یلی كه‌نداو، تا ئێره مار و پشیله‌كه به ته‌ریبی ده‌ڕۆن و له‌ولایشه‌وه سعوودیه و سوننه‌ش كه پارێزراون به‌رامبه‌ر نه‌وت، ئه‌وانیش كاریان ده‌ڕوا وه‌ك مام عه‌زیزی ئاسنگه‌ر كه كوڕیژگه بچووكه‌كه‌ی فێر كردبوو هه‌موو جار ده‌یگوت (چه‌كوش لێ ده‌ده‌م و عه‌ل ده‌خۆم)، واته ئاسنگه‌ری خۆی ده‌كات و ماندوو ده‌بێ و ده‌ستی ماندووش له‌سه‌ر سكی تێره. به‌هه‌مانشێوه‌ش سعوودیه و وڵاته‌یلی كه‌نداو نه‌وت ده‌ده‌ن و له به‌رانبه‌ریشدا پارێزراون. وه‌ختێكیش له تێریدا كاردانه‌وه‌یه‌كی له ده‌ره‌وه‌ی ئه‌و هێڵه ته‌باشیرییه‌ی بۆیان كێشراوه ده‌كه‌ن، ئه‌وا سیناریۆگه‌لی وه‌ك به‌هاری عه‌ره‌بی و ئه‌و شتانه‌یان به‌ره‌وڕوو ده‌كه‌نه‌وه. كه عێراق له ئێرانی دا، پشتیوانی نیوه‌ی دنیای له‌گه‌ڵ بوو، بۆیه توانی هه‌شت ساڵ خۆی رابگرێ به‌رانبه‌ری. كاتێك په‌لاماری كوێت دا و پێی وابوو ده‌توانێ بیكاته پارێزگاری 19یه‌م و دواتریش بۆ وڵاته‌یلی كه‌نداو ئه‌م هه‌ر ژماری پێویست ده‌بوو وه‌ك 20 بۆ سه‌ره‌وه و بیانلكێنێ به عێراقه‌وه، بۆیه لووتیان شكاند و كردیانه‌وه به قۆزاخه‌كه‌ی خۆیدا.
ئه‌مه بۆ ئێرانیش هه‌ر راسته تا ئه‌وكاته‌ی وه‌ك فۆبیایه‌ك بۆ ترساندنی سعوودیه و وڵاته‌یلی كه‌نداو خۆی نمایش ده‌كات، به‌لایانه‌وه گرنگ نییه، چونكه ئه‌وان له‌و حاڵه‌ته‌دا وه‌ك چۆله‌كه‌ی ته‌ڕی ترسا‌و خۆیان ده‌خزێننه ماڵه گه‌وره‌كه‌وه و له‌و پێناوه‌شدا هه‌رچی شك ببه‌ن بۆ سه‌لامه‌تی رۆحیان ده‌یده‌ن، به‌ڵام كه كار ده‌گاته ئه‌وه‌ی ئێران وه‌ك ئیمپراتۆرێك خۆی نمایش ده‌كات و په‌لوپۆ ده‌هاوێ و نیوه‌ی زۆری ئه‌و وڵاتانه بۆ خۆی ده‌بات، ئه‌وا سیناریۆ زۆره، ئه‌گه‌ر پێی وایه ئه‌مه‌ریكا له به‌رچاوی كاڵی ئه‌و عێراقی رووخاند تا ئێران بۆ خۆی بیبات، ئه‌وا دیسانه‌وه ئه‌و هه‌ڵه كوشنده‌یه‌یه كه عێراقی سه‌دام حوسێن كردی و وای به‌سه‌رهات، بێگومان ئه‌میش به هه‌مان ده‌رد ده‌چێ، چونكه له كۆتادا ئه‌مه‌ریكا خۆی بڕیار ده‌دا و خۆی چاره‌نووس دیاری ده‌كات، هیچ دۆغیڵك قبووڵ ناكات جگه له به‌رژه‌وه‌ندی باڵای ئه‌مه‌ریكا خۆی نه‌بێ، شه‌ڕی ئێسته به نفووس و خاك ناكرێ و به ئاین و مه‌زه‌و و كۆمه‌كی چكۆله ده‌ره‌قه‌تی نایه، وه‌ختێك ترامپ له تویته‌كه‌ی خۆی به دێڕێك ده‌نووسێ ئه‌وا گومركمان له سه‌ر ئه‌له‌منیۆمی هاورده زیاد كرد، بۆ سبه‌ی پاره‌ی توركی داده‌پێ و هاڕه به لیره‌ی توركی ده‌كات و دیهێنێته خواره‌وه، ئه‌و كه‌سه‌ی كه هاڕه‌شی پێ كرد، ئه‌و ده‌توانێ زیاتر دایبه‌زێنێ و به پێچه‌وانه‌شه‌وه سه‌ری بخاته‌وه، كه‌واته ئاسانه شه‌ڕ بردنه‌وه لای ئه‌و.
به‌هه‌مانشێوه‌ش ئه‌مه‌ریكا بینه‌قاقای ئێرانی گرتووه و فرۆشتنی نه‌وتی لێ قه‌ده‌غه كردووه و لێی كردووه به ماده‌ی هۆشبه‌ر، بۆیه به‌دڵنیاییه‌وه هه‌زاران سیناریۆی تریشی بۆی هه‌یه بۆ ئه‌نجامدانی مه‌به‌ستی له زیندووكردنه‌وه‌ی به‌رهه‌ڵستكارانی ناوخۆیی و چی و چیتر. ئه‌مه‌ریكا ده‌توانێ وا له هه‌موو دۆسته‌كانیشی بكات لێی بته‌كێنه‌وه و هه‌ریه‌كه و به شتێك بڕوایان پێ ده‌كات، له‌كۆتاشدا ده‌سه‌ڵاتی ئێران له شوێن خۆی وه‌ك به‌فر هه‌ره‌س دێنێ و له‌به‌ر تیشكی خۆری ته‌كنه‌لۆجیای ئه‌مه‌ریكا ده‌توێته‌وه.
هێنانی سوپای ئه‌مه‌ریكای زیاتر بۆ ناوچه‌كه و له‌گه‌ڵ بوونی چه‌ندان پێگه‌ی سه‌ربازی تری ئه‌و كه له مێژه بوونی هه‌یه، له‌گه‌ڵ ئه‌و زلهێزه‌ی هه‌یه‌تی، له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ی كه شه‌ڕیش روو بدات، بستێك زه‌وی نابێته گۆڕه‌پانی شه‌ڕ، هه‌موو ئه‌مانه ئه‌و تاریكییه پێشان ئێران ده‌ده‌ن كه له عه‌سره‌وه دیاره. دوو ئه‌گه‌ر هه‌یه، ئه‌ویش راده‌ستبوونیه‌تی به ئه‌مه‌ریكا، له‌و حاڵه‌ته‌دا ده‌یكات به بووكه‌ڵه‌ی خۆی و چۆنی ویست یاری پێ ده‌كات كه ئه‌مه له مێژه ده‌سه‌ڵاتی ئێران ره‌تی كردووه‌ته‌وه. ئه‌مه‌ریكا سه‌بری هه‌یه و هیچ كاریگه‌رییه‌كی له‌سه‌ر نییه، به‌ڵام ئێران ئه‌مجاره كه هه‌موو داهاتێكی بچڕاندووه، به چی سه‌بر بكات كه له به‌رژه‌وه‌ندی ئه‌و نییه.
ده‌مێنێته‌وه ئه‌و وڵاته‌یلی به ئاگری ئه‌وه‌وه تێوه‌گلاون، به‌تایبه‌تی وڵاته‌یلی دراوسێ و شوێن نفووسی شیعی عه‌له‌وی و ئێرانی، چۆن ده‌بنه فریادڕه‌سی وڵاته‌كه‌یان تێوه ده‌گلێن، حاڵیان له‌و باشتر نابێ، ئه‌گه‌ر بێلایه‌نییش هه‌ڵبژێرن، ئه‌وا وڵاتی خۆیان له سووتماك و قاتوقڕی قوتار ده‌كه‌ن. ئایا عێراق ئه‌و بێلایه‌نییه هه‌ڵده‌بژێرێ یان خۆی تێكه‌ڵی ئه‌و شه‌ڕه ده‌كات؟ هه‌رچی خوێندنه‌وه‌یه ناتوانێ راسته‌وخۆ به‌شدار بێ، به‌ڵام ناشتوانێ بێلایه‌ن بێ چونكه حاكمه‌كانی ئێسته زۆربه‌یان سه‌ربازی ئێرانن.
ماوه‌ته‌وه كورد له‌م بارودۆخه‌دا چیی به‌سه‌ر دێ و چی له به‌رژه‌وه‌ندیه‌تی هه‌ڵیبژێرێ و كاریگه‌ری رووخانی رژێمی ئێران چی لێكه‌وته‌یه‌كی ئه‌رێنی یا نه‌رێنی بۆی ده‌بێ. له هه‌موو حاڵه‌تێكدا شه‌ڕ دووره له خاكی كوردستان، ئه‌گه‌ریش تێی بكه‌وێ سووتماك جێ ده‌هێڵێ و له به‌رژه‌وه‌ندی نییه و زیانمه‌ند ده‌بێ، ئه‌گه‌ریش رژێمه‌كه هه‌ره‌س بێنێ و كوردستان پارێزراو بێ، ئه‌وا كورد هیچ زیانێك ناكان و دوژمنێكی سه‌رسه‌ختی ریفراندۆمی له كۆڵ ده‌بێته‌وه. ئه‌گه‌ریش رژێمه‌كه بمێنێته‌وه و شه‌ڕ نه‌بێ، ئه‌وا چاكتره چونكه ئێران به‌بێ ئه‌وه‌ی ببێ به ته‌یره مه‌عقووله‌كه، رزگاری نابێ، بێگومان له‌و كاته‌دا بۆ هه‌موو لایه‌ك چاكتره ئێران له ناو بازنه ته‌باشیرییه‌كه‌دا بژی و نه‌توانێ حه‌قی به‌سه‌ر كه‌سه‌وه هه‌بێ. به‌ڵام له‌وه ناچێ ئێران له خوله‌كی نه‌وه‌تیشدا ئه‌وه قبووڵ بكات، ده‌مێنێته‌وه ئه‌و چاره‌سه‌ره‌ی ئه‌مه‌ریكا دایڕشتووه، كه‌س ناتوانێ بیگۆڕێ.