ئیحسان شێخ عه‌لی عه‌بدولعه‌زیز
مێژوو ماندوو بووه به تۆماری مه‌رگه‌سات و قوربانیی گه‌لی كورده‌وه، گه‌لێك كه به هه‌موو پێوه‌رێك ده‌بێت خاوه‌نی شوناس و ده‌وڵه‌ت و سه‌روه‌ریی بێت، به‌ڵام نه‌یاره‌كانی هێنده زۆرن، ساتێك نه‌بووه توانستی هه‌ستانه‌وه و چاوكردنه‌وه‌ی هه‌بێت، هه‌ر له سته‌می ده‌وڵه‌تانی كۆن و دنیای ڕۆژئاوای دوێنێ و ئه‌مڕۆوه تا ده‌گاته ده‌وڵه‌تانی دراوسێ و نزیكه‌كانی.
ئه‌مه‌یه چاره‌نووسی ملیۆنان مرۆڤی مسوڵمان و بێكه‌س له‌سه‌ر خاكی خۆی، ئه‌وه‌ی پێویسته ئێسته ئیتر به ده‌نگی به‌رز بگوترێت و شوێنی خۆی بگرێت ئه‌وه‌یه، كه برایانی نزیك و دراوسێی كه كۆماری ئێران و توركیا و عێراقه و هه‌رسێكیان ده‌سه‌ڵاتێكی ئیسلامین و بۆ خۆیان ڕه‌وایه خاوه‌نی سه‌روه‌ریی و شوناس و ئازادیی و ده‌وڵه‌ت بن، به‌ڵام كه دێته سه‌ر كورد نه‌ك له‌گه‌ڵی نین، بگره ڕێگریی لێ ده‌كه‌ن و هه‌موو هه‌وڵێكیش ده‌ده‌ن بۆ له‌باربردنی هه‌ر ئه‌زموونێك كه بۆنی نه‌ك ده‌وڵه‌ت قه‌واره و ده‌سه‌ڵاتێكی ناوچه‌یشی لێ بێت.
ئه‌وه‌تا ئاینزای شیعه له ئێران و عێراق سه‌ری زمان و بنی زمانیان برایه‌تی و ته‌باییی نێوان میله‌تانی مسوڵمان و یه‌كڕیزییه كه‌چی بۆ كورد تاوانه، ئه‌وان به‌رده‌وام گوتاری سته‌م و ڕشتنی خوێنی ئیمام حوسێن ده‌كه‌نه بنه‌ما بۆ سه‌رخستنی چین و میله‌ت و خه‌ڵكی سته‌م لێكراو و هه‌میشه خه‌ڵكی خۆیان به‌وه گۆش ده‌كه‌ن كه ئێمه غه‌در لێكراوین له مێژوودا و ئه‌وه‌تا به ناحه‌ق خوێنی ئیمامی حوسێنیان ڕشتووین و ده‌بێت ئه‌و خوێنه ببێته هه‌وێنی شكۆمه‌ندیی، كه‌چی كورد سه‌دان ساڵه به دیار چاویانه‌وه و به شاهیدی خۆیان خوێنی لێ ده‌ڕژێ و كیمیاباران و ئه‌نفال ده‌كرێ و ده‌چه‌وسێنرێته‌وه، ئه‌وان نه‌ك ئاماده نین له‌سه‌ر ئه‌م سته‌مه بێنه ده‌نگ، بگره به فه‌رمیی ئێسته پرسێكی وه‌ك گشت‌پرسیی كه مافێكی ئاسایییه به‌ربه‌ست ده‌خه‌نه به‌رده‌می و زۆرجاریش هه‌ڕه‌شه ده‌كه‌ن له‌و میله‌ته سته‌مدیده و چه‌وساوه، توركیا كه لافی سه‌روه‌ریی دوێنێی ده‌وڵه‌تی عوسمانیی لێ ده‌دا، به‌ڵام له‌وه‌ته‌ی هه‌یه و به ئێسته‌شه‌وه دژی ئه‌م شوناسه‌یه و ڕێگریی لێ ده‌كات، تورك مێژووی كورد باش ده‌زانێت، به‌ڵام سه‌ركرده سه‌ڵاحه‌دینی بیر چووه‌ته‌وه یان بیری خۆی ده‌باته‌وه، ئه‌وه‌یه پاداشتی نه‌وه‌كانی عوسمانیی و خۆ به‌خاوه‌ن كردووانی ده‌یان سه‌ركرده‌ی مسوڵمان و پاشماوه‌ی ئه‌و دنیا ئیسلامییه بۆ گه‌لێكی مسوڵمانی خاوه‌ن خاكی بێ ئاڵا و ده‌وڵه‌ت، وڵاتانی چوارده‌ور به ئیسلامیی و عه‌لمانییه‌وه بێ هه‌ڵوێستن و كه‌چی به زمان و میدیا له‌گه‌ڵ ئاكار و شوناسی مرۆیدان، وڵاتانی زلهێزی دنیا وه‌ك ئه‌مه‌ریكا و ڕووسیا و یه‌كێتیی ئه‌وروپا و ده‌یان وڵاتی پێشكه‌وتوو جاڕی ئازادیی و سه‌روه‌ریی مرۆڤ و ده‌وڵه‌تگه‌را لێ ده‌ده‌ن و تاك و كۆمه‌ڵگه‌ی خۆیان به‌وه په‌روه‌رده ده‌كه‌ن له‌گه‌ڵ ئازادیی و دادپه‌روه‌ریی و سیسته‌می مرۆیی و یه‌كسانیدا بن و هه‌میشه ڕێز له ڕای تاك و كۆمه‌ڵگه ده‌گرن و به‌وه‌وه شانازی ده‌كه‌ن كه ئێمه خاوه‌ن پره‌نسیپی مرۆڤدۆستی و ئازادیی و دیموكراسین، به‌ڵام بۆ كورد بوونه‌ته چه‌كوش و هه‌ر جاره و به بیانوویه‌كی هیچ، نه‌ك ڕێگریی ده‌كه‌ن بگره سووكایه‌تیش ده‌كه‌ن.
ئیتر ئه‌وه چاره‌نووسی كورد و ئه‌وه‌ش دۆست و نه‌یاره‌كانی، بۆیه كورد كه‌سی نییه خۆی نه‌بێت، ده‌بێت ئه‌و ڕاستییه تاڵه نۆش بكات و بگاته یه‌قین كه ڕۆڵه‌كانی خۆی و ئیراده‌ی به‌هێزی خۆی ده‌توانن چاره‌ی ئه‌م بیمارییه بكه‌ن و به یه‌كده‌نگیی یه‌كڕیزییه‌كی له بننه‌هاتوو بگات به ماف و سه‌روه‌رییه‌كانی.
ئێمه وه‌ك ئه‌ركی له مێژینه و سروشتی خۆمان، دوێنێی شاخ و ئه‌مڕۆی سه‌رشه‌قام، وه‌ك باوك و باپیران و كه‌سه مه‌زنه‌كانی 50 ساڵی ڕابردووی ئه‌م خاكه، وه‌ك هه‌ڵگرانی مه‌شخه‌ڵی ئازادیی كورد و ڕێنیشانده‌رانی نه‌وه‌كانمان كه مێژوو بۆ هه‌موو لایه‌كی سه‌لماندووه به هه‌ڵایسانی شۆڕشه‌كه‌ی بزووتنه‌وه ئه‌م به‌ره‌باب و نه‌وه بۆ خوا سوڵحاو و بۆ نه‌ته‌وه پشتگیره چی‌یان نه‌كردووه بۆ نه‌ته‌وه‌كه‌ی خۆیان و چۆنیش باج و قوربانی گه‌وره‌مان داوه له پێناویدا، یه‌ك سات سازشمان نه‌كردووه له‌سه‌ر پرسه نه‌ته‌وه‌یییه‌كانی گه‌له‌كه‌مان و باشیش حاڵی بووین كێ دۆسته به‌م گه‌له و كێ نه‌یار، نزیك بن یان دوور، خۆمان به‌رچاومان ڕوونه و ئه‌و به‌رچاوڕوونییه‌ش ده‌ده‌ین به گه‌له‌كه‌مان كه ئیراده‌ی خۆدێتیی مه‌زنتره له‌و ئیراده ئێكسپایه‌رانه‌ی ڕۆژانه ئه‌م و ئه‌و به گه‌لی ده‌فرۆشنه‌وه به هه‌زار جۆر گه‌مه‌ی سیاسیی و خۆڵكردنه چاو.
په‌یامی ئێمه به ئیراده‌ی باوك و پێشه‌وا و پێشه‌نگه‌كانی بزووتنه‌وه‌ی ئیسلامیی به نموونه‌ی شێخی زانا و موجاهیدی ئیسلام و كورد (شێخ عوسمان عه‌بدولعه‌زیز و شێخ عه‌لی عه‌بدولعه‌زیز) و سه‌دان پیاو و مه‌زنه سه‌ركرده و پێشه‌وای تر له‌م سه‌روه‌خته ناسك و چاره‌نووسسازه‌دا، ئه‌وه‌یه كه كورد به‌رده‌وام بێت له هاواری دلێری خۆی و به خوێن و بیركردنه‌وه‌ی حه‌كیمانه تا دوا وێستگه نه‌وه‌ستێت و ئێمه‌ش ئه‌و پاڵپشته خۆڕسك و خۆماڵییه‌ین كه مێژووی 50 ساڵی ڕابردوو سه‌لماندوویه‌تی بۆ دۆست و دوژمن كه كێین و چیمان له ده‌ست دێت، وه‌ك چۆن دوێنێ به‌رگریمان له شه‌ره‌فی ئه‌م گه‌له كردووه و له شاخ بووین، ئه‌مڕۆش دیسانه‌وه ئاماده‌ین له پێناو شوناس و شه‌ره‌ف و ئاینده‌ی كورد و كوردستاندا هه‌زار جاری تر بێینه‌وه ده‌نگ و تفه‌نگ و ڕێی نه‌هات بگرینه‌وه به‌ر تا دوا دڵۆپی خوێنمان، تا ئه‌م گه‌له به ئامانجه باڵاكانی خۆی ده‌گات كه مافه سیاسی و كولتووری و مرۆیییه‌كانیه‌تی له دنیای نوێی گڵۆباڵ و سه‌رده‌می تازه‌ی دنیادا.
ئه‌وه‌ش به بیری هه‌موو لایه‌ك دێنینه‌وه كه هه‌میشه ماف سه‌نراوه نه‌ك به‌خشرابێت.