غه‌مگین بۆڵی
هزری شیعرگه‌رایی، هزرێكی ته‌واو ئاڵۆزكاو و چوون به ناو یه‌كدایه! واته ناتوانرێت له یه‌ك دیدگه‌وه ڕوانینی ته‌واوی بۆ بكرێت، یا هه‌ر له‌م دیدگه‌یه‌وه ته‌واوی ماناكانی شیعره‌كه خۆیان دا‌بێـت به تێهزرینی خوێنه‌ره‌وه، یان كۆی ماناكان له چه‌مكێكدا كۆ بكه‌ینه‌وه. شیعر هه‌یه له‌ناو فه‌زاكانیشیدا چه‌ندان مانای تر، ئاماده‌یییان تێدا هه‌یه، چه‌ندان دیدگه‌ی تری هه‌یه بۆ تێڕامان. ئه‌و شیعره‌ی له ده‌ستپێكی خوێندنه‌وه‌ی دێڕه‌كانییه‌وه مانای دێڕه‌كانی كۆتایش بدات به ئه‌قڵی خوێنه‌ره‌وه، شیعر نییه! شتێكی تره. شیعر ده‌بێت تا دوا دێڕی خۆی خوێنه‌ر په‌لكێشی خۆی بكات، خوێنه‌ر نه‌زانێت له دێڕی دواتر چی پێ ده‌به‌خشێت؟ شاعیر له دێڕی دواتریدا چی نووسیوه؟ ئاخر هه‌موو شیعرێكی باڵدار به خوێنه‌ری هۆشیاری خۆی ده‌ڵێت: (به‌شێوه‌یه‌كی گشتگیر ئه‌قڵ شیعر دروست ناكات، به‌ڵكو سه‌یرمان ده‌كات كاتێك كه شیعر ده‌نووسین).
ده‌شێت له‌ناو ئه‌و ئه‌قڵه ئاڵۆزكاوه‌یشدا جیاوازی بوونی هه‌بێت. جیاوازی ته‌نیا له نێوان دوو شتی دژ به‌یه‌كدا نییه، جیاواز زۆرجار له ناو بوونی بابه‌ته‌كانیشدایه. شیعر په‌ی بردنه به قووڵایی نهێنییه‌كانی بوون، په‌یبردنه به قووڵایی زمانیش، ئاخر زمانیش قووڵایی ئه‌و نهێنییه ده‌دۆزێته‌وه! به‌هۆی درككردن به ده‌ربڕینه‌وه. هه‌ڵبه‌ته مانای شیعر، دواجار هه‌ر له‌ناو زمانی شیعره‌كه‌دایه كه زمانێكه ته‌واو سیحری! (مانای شیعر، ئه‌زموونێكه ئه‌و شیعره ده‌ری ده‌بڕێ. ئه‌و كه‌سه‌ی دوای خوێندنه‌وه‌ی شیعرێك، گێژ و سه‌رسووڕما و ده‌پرسێت: "چ مانایه‌كی هه‌بوو؟"، به شێوه‌یه‌كی ئاسایی له شتێكی تر ده‌گه‌ڕێت)1. كه‌واته لێره‌دا خوێنه‌ر به‌هۆی ئه‌و زمانه‌وه، به هۆی ئه‌و سیحره‌وه ده‌پرسێت: "ئه‌و شیعره چی مانایه‌كی هه‌بوو؟" واته لێكدانه‌وه و پرسیار له‌به‌ر خۆیه‌وه ده‌كات. شیعر كه زاده‌ی پرسیاركردن و گومان و بیركردنه‌وه نه‌بوو، ئه‌قڵی شیعره‌كه ته‌واو نییه. هزری شیعر له‌وه‌وه به‌رجه‌سته ده‌بێـت كه خوێنه‌ر به‌هۆی كرده‌ی تێهزرین و پرسیاركردنه‌وه به‌شدار بێت له‌م پرۆسه‌یه‌دا. ئه‌قڵی شیعر به‌هۆی ئامرازی زمانه‌وه خۆی راده‌گه‌یه‌نێت. به‌ریه‌ككه‌وتنی كرده‌ی هزری هه‌یه، كاتێك (هایدیگه‌ر) یش لای وا ده‌بێـت كه زمان ماڵیبوونه، بوون به بێ زمان بێ ماڵه، ئه‌وه زمانه ماڵ بۆ ئه‌م بوونه داده‌نێت. كه‌وابێت زمانی رۆڵی كارا ده‌بینێت، هه‌م له ته‌واو تێگه‌یاندنی بوون و هه‌میش بۆ كرده‌ی شیعرنووسین، چۆن ئه‌قڵ به‌ته‌نیا ناتوانێت شیعر به‌رهه‌م بهێنێت به بێ بوونی زمان. كه‌واته ده‌شێت زمان به‌شێك بێت له‌و ماڵه. ئه‌گه‌ر (هایدیگه‌ر) مه‌به‌ستی كۆی ئه‌و ماڵه بێت، من ته‌واو دژی ئه‌وم! به بڕوای من زمان به‌شێكه له‌و ماڵه. لێره‌دا واقیعێك له به‌رده‌مماندا بوونی ده‌بێت، شاعیرێك هزرێكی جوان له خه‌یاڵیدا ده‌خولێته‌وه و ده‌یه‌وێت بیكات به شیعر، وه‌لێ زمان ناتوانێت ئه‌وه‌ی شاعیر مه‌به‌ستیه‌تی بیگه‌یه‌نێت، ئه‌وه‌ی له هزره‌كه‌دایه وه‌ك خۆی جوان نابینرێت، ئه‌وه جوانییه‌ی له خه‌یاڵه‌كه‌دا هه‌یه، له شیعره‌كه‌دا هه‌مان جوانی نییه! یان زۆرجار هزری شیعرێكمان به‌لاوه جوانه، وه‌لێ زمانه‌كه‌مان به‌لاوه جوان نییه. له‌م حاڵه‌دا بێ هێزی زمان و به‌هێزی خه‌یاڵ – هزر – به‌ریه‌ككه‌وتن له نێوانیاندا دروست ده‌بێـت.
ده‌شێت زۆرجار زمان به‌شی ده‌ربڕین نه‌كات، یان ده‌شێت زمان نه‌توانێت له‌ناو هزره‌كه‌دا ته‌واو بتوێته‌وه و جوانتر وێنای بكاته‌وه. بۆیه به‌ریه‌ككه‌وتنی زمان و خه‌یاڵیش رۆڵی بنه‌ڕه‌تی هه‌یه له‌سه‌ر چییه‌تی شیعرگه‌رایییه‌وه، ئه‌م به‌ریه‌ككه‌وتنه ده‌شێت زۆرجار پێچه‌وانه‌یش بێت، وه‌لێ دیسان زمان خۆی به‌رجه‌سته ده‌كاته‌وه وه‌ك بوونێكی بنه‌ڕه‌تی شیعر. زمانیش له شیعردا پێوه‌سته به چۆنیه‌تیی كاراتری ئه‌قڵی شاعیره‌وه، راسته ئه‌قڵ كرۆكی شته‌كانه، وه‌لێ به‌هۆی زمانه‌وه ئاراسته‌كانی ئه‌م كرۆكه ده‌گه‌نه شوێنی دیاریكراو، شوێنی مه‌به‌ست. لێره‌دا زمانیش جیاوازه، وه‌ك زمانی جه‌سته، زمانی ئاخاوتن، زمانی هێماگه‌ریی، زمانی نووسین. ئه‌وه‌ی ده‌مێنێته‌وه بریتییه له ئه‌فسانه و نهێنی له‌ناو ئه‌م ئاراسته‌كردنه. شاعیری ئیسپانی (لۆركا) رۆشنایی خستووه‌ته سه‌ر نهێنیی كاری داهێنه‌رانه، ئه‌و لای وایه: كاری داهێنه‌رانه‌ی شاعیر له نهێنیی شیعره‌كانیدایه كه كه‌س ناتوانێت په‌ی پێ ببات، ته‌واو له نهێنیی ده‌نگه‌كانی سروشت ده‌گات، وه‌ك ده‌نگی هه‌وره‌تریشقه، وه‌ك ده‌نگی هاژه‌ی ئاو، وه‌ك گڤه‌ی با... هتد). واته ئه‌م كۆده‌نگه‌ی ناو شیعری باڵدار و به‌رزه‌فڕ له‌ناو قووڵایی نهێنییه‌كانه‌وه دێت. شیعریش هه‌ڵزنانێكی سه‌خته به باڵای فانتازیاكانی ئه‌قڵگه‌رایییه‌وه. ئه‌م تیۆره‌ی باس كراوه كه ئه‌م تیۆره‌ی كه ئاماژه‌مان بۆی كردووه كه ئه‌قڵ شیعر دروست ناكات! له‌وه‌وه سه‌رچاوه‌ی گرتووه كه ته‌واوی مرۆڤه‌كان خاوه‌ن ئه‌قڵ و دیدگه‌ی خۆیانن.
كه‌وابێت بۆچی ته‌واوی مرۆڤه‌كان شیعر نانووسن؟ ئه‌گه‌ر به‌م پێوه‌ره نه‌بێت ئه‌وه‌ی خاوه‌ن ئه‌قڵ بێت و ده‌بێـت شیعر بنووسێت. به‌هۆی پاڵنه‌ری ده‌روونی و ئه‌زموونكردنی ژیان، مرۆڤه‌كان ده‌توانن راڤه‌ی ئێسته و داهاتوو و رابردوویان بكه‌ن، وه‌لێ ناشێت ئه‌م راڤانه بخرێنه چوارچێوه‌ی شیعره‌وه. واته ناشێـت ئه‌وه‌ی شتێكی به‌ناوی شیعره‌وه نووسی شیعر بێت! ئاخر شیعر ده‌بێت، شیعر بێت! به‌و واتایه‌ی به فیلته‌ری شیعرییه‌ته‌وه تێبپه‌ڕێت، چۆن تێپه‌ڕبوون به فیلته‌ری شیعر وشه‌ی رووت وه‌ك خۆی نامێنێت! وشه‌ی رووت بارگاوی ده‌بێـت به خه‌یاڵی شیعرییه‌ته‌وه. لێره‌دا مه‌به‌ست ئه‌وه نییه ئێسته و داهاتوو و رابردووی ته‌واوی مرۆڤه‌كان شیاوی ئه‌وه نین ببن به شیعر، به‌ڵكو كێشه‌كه له‌وه‌دایه كه ئه‌وه‌ی ده‌ینووسێت له‌باره‌ی ئه‌مانه‌ی خۆیه‌وه تا چه‌ند شیعره و په‌ی به شیعرییه‌ت بردووه؟ واته هه‌موو مرۆڤێك خاوه‌ن ئه‌قڵه، وه‌لێ هه‌موو ئه‌قڵێك له توانایدا نییه ببێته بناغه‌ی شیعرییه‌ت! هه‌موو كه‌سێك ده‌توانێت گوزارشت له خۆی بكات، هه‌موو خوێنده‌وارێك و بنووسێك، ده‌توانێت بنووسێت و گوزارشت له شته‌كان بكات، وه‌لێ مه‌رج نییه ئه‌وه‌ی به‌ناوی شیعره‌وه نووسرا، شیعر بێت!
سه‌رچاوه و په‌راوێز:
شیعر چییه؟ لۆرانس پیرین، وه‌رگێڕانی له فارسییه‌وه: ئه‌بوبه‌كر خۆشناو- له بڵاوكراوه‌كانی خانه‌ی وه‌رگێڕان/ چاپی یه‌كه‌م 2008. چاپخانه‌ی پیره‌مێرد. سلێمانی – لاپه‌ڕه 78.