ئه‌مڕۆی په‌روه‌رده‌

سه‌ربه‌ست قادر

په‌روه‌رده‌ دڵی كۆمه‌ڵگه‌یه‌، عه‌قڵی پێشكه‌وتن و هه‌ڵكشانه‌.
په‌روه‌رده‌ پرۆسه‌یه‌كی تێكه‌ڵه‌ له‌ نێوان خێزان و قوتابخانه‌ و كۆمه‌ڵگه‌.
هه‌موو ئه‌مانه‌ كاریگه‌ر و ڕێخۆشكه‌رن بۆ په‌روه‌رده‌یه‌كی ئاراسته‌كراو.

به‌پێی یاسا ده‌رونناسییه‌كان، شه‌ش ساڵی یه‌كه‌می منداڵ كه‌ له‌ ماڵه‌وه‌یه‌، بناغه‌ و ڕه‌نگڕێژی په‌روه‌رده‌یه‌، به‌م پێیه‌ ئه‌گه‌ر په‌روه‌رده‌ له‌سه‌ر بناغه‌یه‌كی به‌هێزی عه‌قڵانی داڕێژرا، ئه‌وا هه‌ر له‌و سه‌ره‌تایه‌وه‌ بناغه‌ی كۆمه‌ڵگه‌یه‌كی سه‌ركه‌وتووی پڕ جووڵه‌ی مرۆڤایه‌تی داده‌نرێت.
پاش تێپه‌ڕاندنی شه‌ش ساڵی یه‌كه‌می ته‌مه‌نی منداڵ، په‌روه‌رده‌ له‌ڕێی قوتابخانه‌كان و كۆڵان و كۆمه‌ڵگه‌وه‌ ڕۆڵی خۆی ده‌خاته‌سه‌ر ئه‌و بناغه‌یه‌ی كه‌ دانراوه‌.

هه‌ركاتێك ئه‌م سێ ئاراسته‌یه‌ یه‌كیان گرت و بوونه‌ پاڵپشت و ته‌واوكه‌ری یه‌كتر، په‌روه‌رده‌ ده‌بێته‌ سه‌رچاوه‌ی دروستبوونی مرۆڤی دروست و دنیایه‌كی پڕاوپڕ له‌ ژیاندۆستی و چاكسازی.

مه‌به‌ستی من لێره‌ باسكردن نییه‌ له‌ گرنگی و كاریگه‌ری په‌روه‌رده‌ له‌سه‌ر تاك و كۆمه‌ڵگه‌ و شوێنه‌واره‌كانی.
مه‌به‌ستی منه‌ بچمه‌سه‌ر كاریگه‌ری ڕاگه‌یاندن له‌سه‌ر په‌روه‌رده‌ به‌تایبه‌ت ئه‌و ڕاگه‌یاندنه‌ پڕ ئاریشه‌ و ناته‌ندروسته‌ی كوردستانی به‌مڕۆ گه‌یاندووه‌ و زیانمه‌ندی سه‌ره‌كی ده‌ستیشی په‌روه‌رده‌یه‌ به‌هه‌موو ئاسته‌كانیه‌وه‌، به‌تایبه‌ت دوو شه‌ش ساڵی یه‌كه‌م.

له‌ كوردستاندا وه‌ك په‌روه‌رده‌ له‌وپه‌ڕی سه‌رگه‌ردانی و ناته‌واوی و خراپیدایه‌، ڕاگه‌یاندن له‌وپه‌ڕی ده‌ستبڵاوی و كراوه‌یی و خراپگه‌یاندنایه‌، كه‌ ئه‌مه‌ ته‌واو پێچه‌وانه‌ی مه‌به‌ستی په‌روه‌رده‌یه‌ و دژه‌ به‌وه‌ی كۆمه‌ڵگه‌ داوای ده‌كات.

كۆمه‌ڵگه‌ له‌گه‌ڵ هه‌بوونی په‌روه‌رده‌یه‌كی سه‌رده‌مییانه‌ی ته‌ندروستدا، پێویستی به‌ ڕاگه‌یاندنێكی ته‌واوكه‌ر و ئاگادار له‌ ته‌واوی ڕێكاره‌ په‌روه‌رده‌یی و ڕاگه‌یاندنكارییه‌ جیهانییه‌كان هه‌یه‌ له‌ بواری په‌روه‌رده‌ و پێگه‌یاندنی تاك و كۆمه‌ڵگه‌دا به‌هه‌موو جۆره‌كانیه‌وه‌.

چونكه‌ ڕاگه‌یاندن به‌سروشتی خۆی كاریگه‌ری و توانای بڵاوكرنه‌وه‌ی زیاتره‌ له‌ په‌روه‌رده‌ی قوتابخانه‌كان، ته‌نانه‌ت زانكۆ و په‌یمانگه‌كانیش به‌تایبه‌ت له‌م سه‌رده‌مه‌ی پێشكه‌وتنی ته‌كنه‌لۆجیادا، چونكه‌ پێشكه‌وتن و داهێنانی ئه‌و ده‌یان و سه‌دان جۆر ئامێر و كارئاسانكه‌ره‌ی كه‌ ئه‌مڕۆ هه‌موو كووچه‌ و كون و قوژبنێكی بازاڕ و كۆڵان و ماڵ و كۆمه‌ڵگه‌یان ته‌نیوه‌، هۆكاره‌ بۆ كاریگه‌ری زیاتر و خێراتر و بڵاوبوونه‌وه‌ی ده‌یان په‌تای بێ چاره‌سه‌ری خێزانی و كۆمه‌ڵایه‌تی، كه‌ به‌هه‌موویانه‌وه‌ هۆكارن بۆ سه‌رگه‌ردانكردن و به‌لاڕێدابردنی تاكه‌كانی كۆمه‌ڵگه‌.

ئه‌وه‌ی ئه‌مڕۆ له‌ ڕاگه‌یاندنی كوردیدا ده‌گوزه‌رێ، ته‌واو پێچه‌وانه‌ی یاسا و سروشتی مرۆڤایه‌تییه‌، بازاڕێكه‌ بۆ به‌تاڵكردنه‌وه‌ی ده‌یان بیرۆكه‌ و بیردۆزی خراپ و ماوه‌به‌سه‌رچووی وێرانكه‌ر.

ئه‌وه‌ی كێشه‌كه‌ش گه‌وره‌تر ده‌كات، نابه‌رانبه‌ری په‌روه‌رده‌ و ڕاگه‌یاندنه‌، چونكه‌ په‌روه‌رده‌ به‌هه‌موو لقه‌كانیه‌وه‌ توانای به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ی ڕاگه‌یاندن و به‌رنامه‌ كۆمه‌ڵگه‌ شێوێنه‌كانی ڕاگه‌یاندنی نییه‌.

له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ی له‌ كوردستاندا هه‌زاران قوتابخانه‌ بنیات نراون و منداڵی كوردی تێدا فێر ده‌كرێت، به‌ڵام به‌هه‌موویان له‌ توانایاندا نییه‌ كاریگه‌ری تاكه‌ كه‌ناڵێكی ڕاگه‌یاندن بخه‌نه‌سه‌ر منداڵی كورد، چونكه‌ منداڵی كورد یه‌كه‌م شه‌ش ساڵی ته‌مه‌نی كه‌ بناغه‌ و كۆڵه‌كه‌ی په‌روه‌رده‌یه‌تی، به‌دیار ڕاگه‌یاندن و به‌كارهێنانی ئامێره‌ ئه‌لیكترۆنییه‌ وێرانكه‌ره‌كانه‌وه‌ به‌سه‌ر ده‌بات و هه‌ر له‌و ته‌مه‌نه‌ بچووكه‌وه‌ تێكه‌ڵ به‌ده‌یان كایه‌ی بێ سه‌روبه‌ری خێزانی و كۆمه‌ڵایه‌تی ده‌بێت به‌تایبه‌ت له‌ڕێی دراما بیانییه‌كانه‌وه‌.

به‌ده‌رله‌مه‌ پاش تێپه‌ڕبوونی شه‌ش ساڵی یه‌كه‌م كه‌ كاره‌كانی په‌روه‌رده‌ له‌ قوتابخانه‌كانه‌وه‌ ده‌ست پێ ده‌كات، خاوه‌ن په‌روه‌رده‌یه‌كی سه‌رده‌مییانه‌ی وا كاریگه‌ر و گشتگیر نییه‌ بتوانێ كاریگه‌ری ڕاگه‌یاندنه‌كان له‌ شه‌ش ساڵی یه‌كه‌مدا له‌ مێشك و زه‌ینی منداڵی كورددا بشواته‌وه‌ و بیخاته‌ سه‌ر ڕاسته‌ڕێیه‌كی نوێی په‌روه‌رده‌یی باوه‌ڕ پێكراو.

ڕاگه‌یاندن له‌مڕۆدا قوتابخانه‌یه‌كی په‌روه‌رده‌یی ۲٤ سه‌عاتییه‌، له‌ هه‌موو ماڵه‌كاندا به‌كه‌مترین تێچوو زۆرترین شوێنه‌وار و شوێنپه‌نجه‌ی به‌سه‌ر كۆمه‌ڵگه‌وه‌ جێده‌هێڵێت.

ئه‌وه‌ی په‌روه‌رده‌ له‌ ساڵێكدا له‌ توانایدا نییه‌ بیكات، ڕاگه‌یاندن به‌وپه‌ڕی سه‌ركه‌وتوویی له‌ مانگێكدا ته‌واوی ده‌كات و به‌رهه‌مه‌كه‌ی پێشكه‌ش به‌كۆمه‌ڵگه‌ ده‌كات، جا ئه‌و به‌رهه‌مه‌ شایانی كۆمه‌ڵگه‌ و مرۆڤایه‌تی بێت یان دژ و توند و ناڕه‌وا و ناچیز و ئاژاوه‌گێڕ.

كاری وه‌زاره‌ته‌كانی ڕۆشنبیری و په‌روه‌رده‌ و خوێندنی باڵایه‌ كه‌ خاوه‌ن پرۆسه‌یه‌كی هه‌مه‌لایه‌نه‌ی هاوبه‌شی وابێت، كه‌ هه‌ر كار و كرده‌وه‌یه‌ك خاوه‌ن زیان و ئاشوبهێن بوو له‌ڕووی په‌روه‌رده‌ییه‌وه‌، له‌ڕێی وه‌زاره‌تی ڕۆشنبیرییه‌وه‌ ڕێگری له‌ بڵاوبوونه‌وه‌ی بكرێت و ڕێ نه‌درێت ئه‌و هه‌موو كه‌ناڵه‌ نابه‌رپرسانه‌ دابمه‌زرێن، كه‌ به‌شێكی زۆریان هیچ ئامانجێكی دیاریكراو و ئاراسته‌كراوی مرۆڤانه‌یان پێوه‌ دیار نییه‌.
جگه‌له‌ هه‌بوونی چه‌ندان كه‌ناڵی خاوه‌ن به‌رنامه‌ی تێكده‌ری دژبه‌ خووڕه‌وشت و ئاكاره‌ كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كان، كه‌ ئه‌گه‌ر یه‌كێكیان هه‌فتانه‌ به‌رنامه‌یه‌كی یه‌ك سه‌عاتییان بۆ په‌روه‌رده‌ ته‌رخان كردبێت، خاوه‌ن ده‌یان به‌رنامه‌ی چه‌ند سه‌عاتی ناپه‌روه‌رده‌یی دژه‌ ڕه‌وشت و دابونه‌ریته‌ مرۆڤایه‌تییه‌كانن.

ئه‌م به‌ڕه‌ڵاییه‌ ته‌نانه‌ت كه‌ناڵه‌ منداڵانه‌كانیشی گرتووه‌ته‌وه‌، له‌كاتێكدا ئه‌و كه‌ناڵانه‌ دامه‌زراون به‌ناوی مناڵانه‌وه‌ و ئومێد وابوو خاوه‌ن ده‌یان به‌رنامه‌ی په‌روه‌رده‌یی كاریگه‌ر بن و تۆزێك له‌ باری قورسی سه‌رشانی په‌روه‌رده‌ كه‌م بكه‌نه‌وه‌، كه‌چی به‌پێچه‌وانه‌وه‌ خاوه‌ن ده‌یان به‌رنامه‌ی دژه‌ په‌روه‌رده‌ن له‌ڕێی بڵاوكردنه‌وه‌ی چه‌ندان فیلمی كارتۆنی خه‌یاڵیی ئه‌فسانه‌یی شه‌ڕئامێز و خراپه‌هێن و باسكردن له‌ جادووگه‌ری  و ده‌مارگیری و دژایه‌تی سروشت و گرنگیدان و به‌رچاوخستنی هێزی شه‌ڕ و چه‌ك و.. هتد.

هه‌موو ئه‌مانه‌ هۆكاری بنه‌ڕه‌تین بۆ له‌ڕیشه‌وه‌ دروستبوونی تاك و كۆمه‌ڵگه‌یه‌كی ناپه‌روه‌رده‌یی نابه‌رپرسی پڕ له‌ ئاریشه‌ و ئاژاوه‌ و ڕاڕای ناجێگیر، وه‌ك ئه‌وه‌ی له‌ كوردستاندا هه‌ستی پێ ده‌كرێت كۆمه‌ڵگه‌ له‌وپه‌ڕی هه‌ڵدێران و به‌ره‌و خراپچووندایه‌ و به‌رده‌وام ڕێژه‌ی كوشتار و شه‌ڕ و ئاڵۆزی و لێكجیابوونه‌وه‌ و خۆسووتاندن و خۆكوشتن و به‌شوودانی پێشوه‌خت و خۆشه‌ویستی ناعه‌قڵانی و پێكهێنانی خێزانی لێكنه‌گه‌یشتوو و به‌زاندنی سنووره‌ سروشتی و مرۆییه‌كان و.. هتد، ڕۆژ له‌ دوای ڕۆژ له‌ گه‌شه‌كردن و بڵاوبوونه‌وه‌دایه‌.

له‌م ڕوانگه‌یه‌وه‌ جێی خۆیه‌تی وه‌زاره‌تی ڕۆشنبیری مۆڵه‌تی هیچ كه‌ناڵێكی ڕاگه‌یاندن به‌كردنه‌وه‌ یان به‌رده‌وامبوون نه‌دات تا ئه‌وكاته‌ی له‌ژێر چاودێری و فلته‌ره‌كانی ئه‌ودا نه‌بێت، به‌لایه‌نی كه‌مه‌وه‌ هه‌موو كه‌ناڵه‌كان خاوه‌ن به‌رنامه‌ی په‌روه‌رده‌یی ڕۆژانه‌ی خۆیان نه‌بن، به‌مه‌به‌ستی هاوئاهه‌نگی و ئاراسته‌كردنی كۆمه‌ڵگه‌ و پشتگیری له‌ په‌روه‌رده‌ و ته‌واوكردن و سووككردنی ئه‌ركی سه‌رشانی په‌روه‌رده‌ و فێركردنی ڕێسا و یاسا مرۆڤایه‌تییه‌كان به‌ منداڵ و گه‌وره‌ی كۆمه‌ڵگه‌، ڕێكخستن و دروستكردنی تۆڕێكی په‌روه‌رده‌یی له‌ڕێی ڕاگه‌یاندنه‌كانه‌وه‌ بۆ ئه‌وه‌ی له‌ كه‌مترین ماوه‌دا ڕێ له‌و هه‌موو سه‌رگه‌ردانی و ئاڵۆزیی و خراپه‌كارییه‌ بگیرێت كه‌ كۆمه‌ڵگه‌ی كوردی تێكه‌وتووه‌ و پێیه‌وه‌ ده‌ناڵێنێت.

PM:01:20:08/01/2019




ئه‌م بابه‌ته 160 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌