محه‌مه‌د سالار عه‌بدوڵا
له كۆی بوونی ئه‌و هه‌موو په‌شێوی، جه‌نجاڵی ژیان، ناخۆشی و ڕووبه‌ڕووبوونه‌وه قورسه‌كانی ژیان، ئه‌و جه‌نگه‌ی به‌رۆكی هه‌ر یه‌كێك ده‌گرێت له ته‌مه‌نی خۆی زێده‌تر و گه‌وره‌تره، ژیانكردن بووه‌ته ئه‌و پارچه شیرینییه‌ی له‌ناو مشته‌كۆڵه‌یه‌كی تونددایه و ده‌ته‌وێ بیهێنیته ده‌ره‌وه.
ئایا ئه‌و پاڵنه‌ر و هێزه شاراوانه كامانه‌ن كه وا له مرۆڤه‌كان ده‌كه‌ن به‌رده‌وام بن؟ ڕوو له تونێله تاریكه‌كان بكه‌ن و قووڵی ده‌ریاكان بپێون و به‌رزی شاخه‌كان هه‌ژمار بكه‌ن، له نێوان دوێنێی به‌باچوو و ئه‌مڕۆی كاریگه‌ر به دوێنێ و داهاتووی نادیار كاریگه‌ر به ئێسته، كات و سات و چركه به چركه ژیان بژمێرن، هه‌ریه‌كه و چركه‌ی ته‌مه‌نێك و ئه‌زموونێك ده‌ژمێرێت، هه‌ندێكیان ئه‌و تاڵه سپییانه‌ی سه‌ریان ده‌ژمێرن .
مرۆڤه‌كان وابه‌سته‌ی یه‌كترن و مانه‌وه هه‌ر مرۆڤێك وابه‌سته به بوونی مرۆڤێكی تر كه له‌گه‌ڵی ده‌ژیی و خۆشی ده‌وێت یاخۆ ڕقی لێی ده‌بێته‌وه، مرۆڤ مانه‌وه‌ی لا گرنگتره هه‌رچه‌نده ڕێ و ئامرازه‌كانی مانه‌وه سه‌یرتر و جیاوازتر بن، ده‌رخه‌ری ئه‌وه‌ن كه مرۆڤه‌كان توندتر ده‌ست به‌و گوریسه‌ی ژیانه‌وه ده‌گرن.
ئه‌گه‌ر مزری و تاڵی ژیان تامی له‌سه‌ر زمانت لا نه‌چێت، وێنه ڕه‌ش و تاریكه‌كانیش هه‌ر به‌ناو خه‌یاڵتدا شارێكی ته‌ماوی دروست بكات، ئه‌وا تۆ ده‌توانی خۆری هیوات له‌م شاره هه‌ڵ بكه‌یت و له هه‌سته به‌رزه‌كه‌ی مرۆڤایه‌تی و له خۆشه‌ویستییه بێ كۆتاكه‌ی ژیان ببه‌خشیت و بڵاوی بكه‌یته‌وه، تیشكی ئه‌م خۆره ته‌نیا ئه‌م شاره ناگرێته‌وه، به‌ڵكو ژێرزه‌وینه قووڵه‌كه و نه‌سته شاراوه‌كه‌یش ده‌گرێته‌وه، ئه‌گه‌ر له خێزان دایك و باوك ئومێدبه‌خش و ئه‌رێنی بیر بكه‌نه‌وه، ئه‌وا منداڵه‌كانیشیان خاوه‌ن گه‌شبینی ده‌بن.
ئه‌گه‌ر ئه‌و پاڵنه‌ره زۆره‌ی ژیانكردن نه‌بووایه له‌لایه‌ن مرۆڤه‌كانه‌وه، ئه‌وا له سه‌ره‌تای بوونیانه‌وه تا سه‌رده‌می ئێسته نه‌یانده‌توانی به‌رده‌وام بن، له ئه‌زه‌له‌وه مرۆڤ به‌دوای نه‌مریدا گه‌ڕاوه و به‌و هیوایه ژیاوه، به دوای ژیانكردنێكی خۆش و گوزه‌رانێكی ڕه‌فاهییه‌وه هه‌وڵی داوه، وه‌ك له چیرۆك و ئه‌فسانه‌ی گلگامێش ده‌رده‌كه‌وێت، ئه‌مه‌یش ترۆپكی خۆشییه لای مرۆڤ.
هه‌روه‌ها له ئه‌فسانه‌ی سیزیف كه نموونه‌یه‌كی به‌رزی كۆڵنه‌دان و مانه‌وه‌ی مرۆڤ له ژیان و گوزه‌رانكردنی ده‌رده‌خات، خوداوه‌ند زیۆس سزای (سیزیف)ی دا به‌وه‌ی تاهه‌تایه به‌ردێكی زلی خڕی قه‌به‌ی خلۆر بووه‌وه بباته سه‌ر و ئه‌م به‌رده‌ش به‌رده‌وام دێته‌وه خوار، ئه‌ویش ده‌یباته سه‌ره‌وه و دووباره دێته‌وه خوار، له سه‌ره‌وه بۆ خواره‌وه و له خواره‌وه بۆ سه‌ره‌وه، له‌و كاره‌ی به‌رده‌وام ده‌بێت.
جیاوازیی نێوان ئێمه و سیزیف بریتییه له‌وه‌ی ئێمه‌ی مرۆڤانی مۆدێرن، سزا نه‌دراوین، به‌ڵكو به ویستی خۆمان ئه‌و به‌رده ڕۆژانه خلۆر ده‌كه‌ینه‌وه و به كۆڵی خۆمانیدا هه‌ڵده‌واسین، بگره به‌شێكمان شانازیشی پێوه ده‌كه‌ین كه ڕۆتینمان لا شتێكی پیرۆزه، ڕۆژانه هه‌مان كه‌س و هه‌مان ژینگه و هه‌مان شه‌قام.
سیزیف ئومێدی به‌وه هه‌بوو كه ئه‌م به‌رده هه‌ر ڕۆژێك دێ بوه‌ستێ، ڕۆژێك دێت ئه‌و‌ی مرۆڤ سه‌ر ده‌كه‌وێت، بۆیه مرۆڤ ده‌بێ وابن .
له تاریكترین شه‌ودا جوانترین و ڕووناكترین ئه‌ستێره‌كان ده‌رده‌كه‌ون، ئه‌وه‌ش ئاماژه‌یه‌كه به‌وه‌ی كه له ناخۆشترین كات و ساته‌كاندا دڵنیابه ده‌رگه‌ی ڕزگاربوونه‌كان زۆرن، ته‌نیا ئه‌وه‌یه كه دووباره به چاوه‌كانت ڕوونتر ببینیت و هه‌نگاوێكی بوێرانه ببڕیت.