سامان بریفكانی
پێڵاو، نه‌عل، پابووج، سه‌نده‌ڵ، قابقاب، كه‌وش، پووت، كڵاش، كاله یان هه‌ر ناوێكی تری هه‌بێ هۆكاری پارێزگاریمانه له رۆیشتن و هه‌موو كاتێك بۆ سوودوه‌رگرتن به‌كار هێنراوه. له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ش هه‌ر پێڵاوه بۆ جنێودان به‌یه‌كتر به‌كار دێت و به شێوه‌یه‌كی قێزه‌ون ته‌ماشای ده‌كرێت.
كاتێك ناوی پێڵاو ده‌هێنرێ له شوێنێكی گشتیدا، ده‌بێ بگوترێ دوور له رووتان. زۆربه‌شمان له ته‌مه‌نی منداڵی‌دا به مه‌به‌ستی سزادان تاكه نه‌علمان تێگیراوه. ئه‌و پیاوه‌ی شوێنێكی ئه‌زیه‌ت درابێ هاوڕێكانی به پێكه‌نینه‌وه پێی ده‌ڵێن: ئه‌وه چییه هاوسه‌رت پابووجی تێ گرتوویت؟
ده‌گێڕنه‌وه ده‌ڵێن پێشی سه‌دان هه‌زار ساڵ پاشای وڵاتێكی گه‌وره به پێ گه‌شتێكی دووری ئه‌نجام دا. كه گه‌ڕایه‌وه قاچه‌كانی به هۆی خراپیی رێ ئاوسا بوون. بڕیاری دا سه‌رجه‌م شه‌قامه‌كانی شاره‌كان به چه‌رم دابپۆشێت، به‌ڵام یه‌كێك له راوێژكاره‌كانی بیرۆكه‌یه‌كی باشتری هه‌بوو، ئه‌ویش دروستكردنی پارچه چه‌رمێك بوو بۆ ژێر پێیه‌كانی پاشا. ئه‌گه‌رچی چیرۆكه‌كانی تر ده‌ڵێن مرۆڤه سه‌ره‌تایییه‌كان به چه‌رمی ئاژه‌ڵان ژێر قاچه‌كانیان داپۆشیوه.
پێڵاو هه‌ندێك جار سوود و زیانی گه‌وره‌یشی بۆ خاوه‌نه‌كه‌ی هه‌بووه.
هه‌ر پێڵاو بوو له چیرۆكه خه‌یاڵییه‌كه سه‌ندرێلای له هه‌ژارییه‌وه به‌ره‌و كۆشكی پاشایه‌تی برد.
تووت عه‌نخ ئاموون فیرعه‌ونی به‌ناوبانگی میسری له‌گه‌ڵ لاشه مۆمیاكراوه‌كه‌ی، هه‌شتا پێڵاو و سه‌نده‌ڵیان دۆزییه‌وه، هه‌ندێكیان له زێڕ و هه‌ندێكیان له دار و ئه‌وانی تریش له چه‌رمی گرانبه‌ها دروست كرابوون.
له چیرۆكێكی تردا ده‌گێڕنه‌وه كاتی خۆی پاشای ئێران پیاوماقووڵانی سوننه و شیعه‌ی كۆ كرده‌وه بۆ ئه‌وه‌ی چاره‌یه‌ك بۆ كێشه‌كانی نێوانیان بدۆزێته‌وه.
كه شیعه‌كان هاتنه ژووره‌وه، پێڵاوه‌كانیان له بن هه‌نگڵیان دانابوو.
پاشا له‌و كاره‌یان لێی پرسین؟ گوتیان: له سه‌رده‌می پێغه‌مبه‌ر سوننه‌كان پێڵاوی شیعه‌كانیان ده‌دزی. ئه‌ویش به سوننه‌كانی گوت بۆ واتان ده‌كرد؟ یه‌كێك له سوننه‌كان گوتی: له سه‌رده‌می پێغه‌مبه‌ر هیچ شتێك نه‌بووه به ناوی سوننه و شیعه.
ئیمامی ئه‌لمناوی ده‌ڵێت: یه‌كه‌م جار تاكی راسته له پێ بكه. پێڵاو یان نه‌علیش به دانیشتنه‌وه له پێ بكه.
ڤینسنت ڤان گوخ هو‌نه‌رمه‌ند و وێنه‌كێشی هۆڵه‌ندیی به‌ناوبانگ به سه‌رلێشێواوی له شه‌قامه‌كانی پاریس‌دا به دوای كه‌چه پێڵاوێك ده‌گه‌ڕا بتوانێ به‌و پاره كه‌مه‌ی كه پێیه‌تی بیكڕێ. پێڵاوێكی كۆنی كڕی، دوای چه‌ند رۆژێك بۆی ده‌ركه‌وت كه ته‌سكه و ناتوانێ به‌كاریان بهێنێ، بۆیه له داخان وێنه‌ی ئه‌و جووته پێڵاوه شڕانه‌ی كێشا. دوای ماوه‌یه‌ك ئه‌و وێنه‌یه بووه یه‌كێك له وێنه به‌ناوبانگه‌كان له‌سه‌ر ئاستی دنیا، كه‌چی خۆیشی له‌به‌ر هه‌ژاری خۆی كوشت و سه‌ری نایه‌وه.
مه‌هاتما غاندی سه‌ركرده‌ی شۆڕشی هیندی له‌و كاته‌ی به‌دوای شه‌مه‌نده‌فه‌رێكه‌وه رای ده‌كرد، كه سه‌ركه‌وت تاكه پێڵاوێكی كه‌وته خواره‌وه. یه‌كسه‌ر تاكه‌كه‌ی تری‌شی داكه‌ند و فڕێی دایه خواره‌وه. لێیان پرسی بۆ ئه‌وی تریشت فڕێ دا؟ گوتی: من به یه‌ك تاك سوود وه‌رناگرم. با ئه‌وه‌ی ده‌یدۆزێته‌وه سوود له جووته پێڵاوه‌كه وه‌ربگرێ.
له‌كاتی رووخانی رژێمی به‌عس، هاووڵاتییه‌ك به ناوی ئه‌بو ته‌حسین به‌وه ناوبانگی ده‌ركرد تاكه نه‌علێكی به وێنه‌یه‌كی سه‌دام ده‌كێشا. ئه‌بو ته‌حسین پێش ماوه‌یه‌ك رای گه‌یاند، بۆ سه‌ركرده‌كانی ئێسته پێویستیم به كارگه‌یه‌ك نه‌عل هه‌یه.
به‌پێی خه‌ونامه‌كان ده‌گوترێ ئه‌گه‌ر له خه‌ونتدا به یه‌ك تاكه پێڵاو بووی، له هاوسه‌ره‌كه‌ت جیا ده‌بیته‌وه. ئه‌گه‌ر له‌رۆیشتندا له پێت دابكه‌نرێ، شه‌ڕ له‌گه‌ڵ برات ده‌كه‌یت یان له شه‌ریكت جیا ده‌بیته‌وه. ئه‌گه‌ر خۆت پێڵاوه‌كه‌ت داكه‌نی، واته پله و پایه‌ت به‌رز ده‌بێته‌وه.
هه‌ر پێڵاو بوو مافی په‌نابه‌رێتی به رۆژنامه‌نووسی عێراقی مونته‌زه‌ر زه‌یدی به‌خشی كاتێك له كۆنگره‌یه‌كی رۆژنامه‌وانی به تێگرتنی پێڵاوه‌كه‌ی هێرشی كرده سه‌ر جۆرج بۆش سه‌رۆكی ئه‌مه‌ریكا. ئه‌م كرده‌وه‌یه له‌سه‌ر ئاستی دنیا به ره‌فتارێكی ناشیرین ده‌ستنیشان كرا و له لایه‌ن هه‌ندێك شۆڤێنیزمیش وه‌ك پاڵه‌وان به‌رگریی له ئه‌نجامده‌ره‌كه كرا. دوای ماوه‌یه‌ك له كۆنگره‌یه‌كی رۆژنامه‌وانی كه مونته‌زه‌ر زه‌یدی له پاریس ده‌یگێڕا، هاووڵاتییه‌كی عێراقی پێڵاوی خۆی گرته زه‌یدی وه‌ك ناڕه‌زایه‌تی ده‌ربڕین له ره‌فتاره ناشیرینه‌كه‌ی.
به‌های تاكه پێڵاوێكی لیۆنێل مێسی ئه‌ستێره‌ی تۆپی پێ به سه‌دان هه‌زار برسی تێر ده‌كات.
له‌باره‌ی پێڵاو قسه‌ی به‌نرخ گوتراوه، پیره‌مێردی نه‌مر ده‌ڵێ: بۆ ئیش پێڵاوت له‌سه‌ر چاوانه، كه ئیشت نه‌ما ئێسكت گرانه. گوته‌یه‌كی ئینگلیزیی به‌ناوبانگ هه‌یه ده‌ڵێ: خۆت له‌ناو پێڵاوم دابنێ. به واتای: خۆت بخه شوێنی من.
ئه‌ندرێس ئینیێستا یاریزانی تۆپی پێی ئیسپانی ده‌ڵێ: كه ته‌مه‌نم ١٢ ساڵان بوو باوكم سێ مانگ پاره‌ی كۆ كرده‌وه تا پێڵاوێكی وه‌رزشیی بۆ كڕیم. ئێسته‌ش پاره‌ی زۆرم هه‌یه، به‌ڵام كاتێك ته‌ماشای ئه‌و پێڵاوه‌م ده‌كه‌م بیرم ده‌كه‌وێته‌وه چۆن ده‌ستم كه‌وتووه.
زۆری تر هه‌یه له‌سه‌ر پێڵاو بگوترێ. منیش ده‌ڵێم: خاك سه‌خته. دڕك و داڵ و به‌رد و خۆڵ له‌خۆ ده‌گرێ. ئه‌وه‌ی ئێمه‌ش له‌و خاكه جیا ده‌كاته‌وه ته‌نیا پێڵاوه و به‌بێ ئه‌و ناتوانین هه‌نگاو بنێین.