لە دنیا نەمدیوە، لە ڕاستیدا نەبووە و نابێتەوە، میدیا هەبێت بە قەد میدیای کوردی بێ سەروبەر و دژە نەتەوە. ئاخر ماقوڵ نییە میدیاکار بی و جیاوازی لە نێوان لێکتێگەیشتن (مذکرة تفاهم) لەگەڵ ڕێککەوتن (اتفاقیة) یان پەیماننامە (معاهدة) نەکەیت.
ناکرێت سەرنووسەری ڕۆژنامەیەک بی، یان بەڕێوەبەری ماڵپەڕێک بیت، جیاوازی نێوان ئەم سێ چەمک و زاراوە نەکەیت.
لەم چەند ڕۆژەدا دەیانجار ئەم تێکەڵوپێکەڵکردنەم بەرچاو کەوتووە.
لە 10 ساڵی ڕابردوودا، بەڵێ بەتایبەتی لەم دە ساڵە، چونکە پێشتر نە هێندە میدیای برسیمان هەبوو بۆ هەواڵ و لایک و کرتە، نە هێندە میدیای سەر بەدەسەڵات و دژە خەڵک و نەتەوەمان هەبوو، نە هێندە میدیای ژێردەستی داگیرکەرمان هەبوو، بۆیە میدیای ئێستە لە ڕادەبەدەر دژەکورد و دژە کوردستانە.
ئێمە گەلێکین بێدەوڵەت، بێدۆست، بێ پشتیوان، ئاخر ناکرێت ئەمە ڕەچاو نەکرێت و میدیا ببێتە تابووری پێنجەم لە دژایەتیکردنی گەل و نیشتمان و ڕووخاندنی ورە و ئیرادەی خەڵک.
هەموومان دەزانین ئەم لێکتێگەیشتنەی نێوان تورکیا و فینلەندا و سوێد باش نییە و لە زەرەری گەلی کوردستان و نەتەوەی کورد و ڕێکخراو و حزبە سیاسییەکانییەتی، بەڵام تۆ کاتێک دێیت ئەم لێکتێگەیشتنە دەکەیت بە ڕێککەوتن، ئەوە هێندەی دیکە ورە و ئیرادەی خەڵکی کوردستان دێنیتە خوارەوە.
من لەگەڵ ئەوەدام ڕاستییەکان بگەیەنرێن چونکە گەلی ئێمە زۆر پێویستی بەوە هەیە لە وەهمدا نەژیی، بزانێت کێ دۆست و کێ دوژمنیەتی، بزانێت دۆستەکان تا کوێ لەگەڵیدان و لە کوێ لەگەڵیدا نین.
بەڵام ناکرێت تەنیا لەبەرئەوەی دژە پەکەکەی، بێیت لێکتێگەیشتن بکەیت بە ڕێککەوتن. ناکرێت تەنیا بۆ ترساندنی خەڵک یان بۆ بەدەستهێنانی لایکی زیاتر ئەم کارە بکەیت.
لێکتێگەیشتن هیچ هێزێکی یاسایی نییە ئەگەر لەژێر چەتری لێکتێگەیشتندا هەنگاوی دیکە نەهاوێژرێت و لێکتێگەیشتنەکە بە یاسا ڕێکنەخرێت و ڕێککەوتن و پەیماننامەی بەدوادا نەیەت.
. بۆیە ئەرکی میدیا ئەوەیە قسە لەسەر ئەمە بکات نەک لێکتێگەیشتن بکات بە ڕێککەوتن دوو سەعات دوای واژۆکردنی.
دواتر هەموومان دەزانین سوید و فینلەندا دەیانەوێت ببن بە ئەندام لە ناتۆ و تورکیا ڕێگر بوو، بۆیە بۆ دەربازبوون لەو گرێیە دەبووایە شتێک بکەن کە تورکیا لەسەر ڕێگەکە لادەن.
لێرە دەمەوێت زۆر بە کورتی بڵێم، ئەم لێکتێگەیشتنە چیمان پێدەڵێت؟.
یەکەم، دەوڵەت-نەتەوە لە دوای کۆڤید و شەڕی ئۆکرانیا لە هەموو کات و سەردەمێک زیاتر لە ڕوانگەی بەرژەوەندی نەتەوەیی/نیشتمانیی خۆیان تەماشای بەرژەوەندییە ناوخۆ و هەرێمیی جیهانییەکان دەکەن.
دووەم، ئەو وەهمە کە لای هەندێک کەس و لایەن دروست بووبوو لەسەر بەسەرچوونی دەوڵەت-نەتەوە، ڕەوییەوە.
سێیەم، خەباتی چەکداریی لەکەیەکە بە ناوچەوانی بزووتنەوەی ڕزگاریخوازی کوردستان کە تا دەستبەرداری نەبێت، هەمیشە لە دژی کورد و کوردستان وەک دوێنێ بەکار هات، سبەیش بەکار دێت بۆ لێدانی کورد بۆ بێهاوڕێکردنی کورد بۆ بێدۆستکردنی کورد بۆ ناوزڕاندنی کورد.
چوارەم، ئەم پەرشوبڵاوییەی کورد و کوردستانیان کە لە میدیا و سۆشیالمیدیا زۆر بە زەقی دەردەکەوێت، کە گوایە دەربڕیی فرەیی کۆمەڵگەی کوردستانییە، درۆیەکی گەورەیە.
هەموو کۆمەڵگەیەک پڕە لە فرەیی و فرەجەمسەریی بەڵام کاتێک بەرژەوەندی نەتەوەیی و نیشتمانیی دێتەگۆڕێ هاوگوتاریی و یەکڕیزیی و هاوبەرژەوەندی و هاودیدی، دەبن بە جێگرەوەی فرەیی.
بۆ کورد تێگەیشتن لەم ڕاستییانە و سەدانی تر، زۆر گرنگە بۆ تێپەڕاندنی ئەم جۆرە پێشهاتە و سەدانی دیکە کە لە دواڕۆژ دێنە پێشمان.