كوردی مسوڵمان و ئیسلامیی هاوردەكراو و دینداریی

AM:11:12:04/07/2023 ‌
ئەو دیندارییە پاك و سەرسەختانەی تاكی مسوڵمانی كورد و بەتایبەتی لە هەرێمی كوردستان پێڕەو دەكرێت، پێ ناچێ لە هیچ كوێی دنیا و تەنانەت مەككە و مەدینەیش ئاوا بە گەرمی بكرێ، ئەمەیش هەر سروشتێكی كوردانەیە كە یان خوو نادەینە شتێك، یاخۆ زۆر بە پڕی دەیكوردێنین و بەهی خۆمانی دەزانین، بۆیە ئاینی ئیسلام كە هاتووەتە ناو كوردەوە، وردە وردە بە تەواوی ڕەگوڕیشەی داكوتیوە، ئیسلامە كوردییەكە جۆرێك لە جوانیی لە ناو خەڵكدا دروست كردووە كە نەرمە و حەزی لە پێكەوەژیانە، بەڵام ئیسلامییەكی تری نامۆ لە كوردستان، رەواج بەخۆی دەدات كە هاوردەكراوە و پڕە لە توندوتیژی و رەتكردنەوەی ئەویتر. 

هەزاران ساڵە باپیرانمان، ئیمانداری پاكژ و بێ خەوش و بێ كێشە بوون، هەروا بیریان كردووەتەوە كە كەس ناچێتە گۆڕی كەسەوە و ئەم تێگەیشتنەیش هەروا پەندێك نییە و تێپەڕیبێت، بەڵكو ئەقڵ و بیركردنەوەی قووڵی لە پشتە و لەوەوە سەرچاوەی گرتووە كە ئەوانیتر یان كەسی بەرانبەر، هەر بیركردنەوە یان ئاینێكی هەیە، بۆ خۆی و ئێمە لێی بەرپرس نین، بەڵام لەگەڵی دەژین و هاوڕێ و دراوسێی دەبین و هەڵسوكەوت دەكەین، سەیر بكە چەند جوانە؟ بەڵام ئێستە دەبینین جۆرەها گرووپی ئاینی و حزبی سیاسیی ئیسلامی پەیدا بوون، سەرچاوەكەیان دەرەكییە و كاری سەرەكییان ناشیرینكردنی ئەو جوانییانەیە كە كورد بۆ خۆی دروستی دەكات، بەوەیشەوە ناوەستن و یەكتر بە توندڕۆ و داعشیی وەسپ دەكەن.

ئەمەی ئێستە ڕوو دەدات، بریتییە لە شەڕی بانگخواز و گرووپ و ئەم مەزەو و ئەو ئیمام و فڵان مەلا و فیسار زانای ئاینی، لە كۆمەڵگەی كوردەواری و باشووردا، تەنیا سەرلێشێواوییە و هیچ مانایەكی نییە، ڕاستییەكەی دەگەینە ئەو بڕوایەی ئێستە ئەم هەموو گرووپ و حزبی ئیسلامییە، زیادەن و تەنیا تەفرەدان و بازرگانی و فڕوفێڵە، چونكە كۆمەڵگەكە خۆی نوقمی ئیسلامە و ئیتر چ پێویستە حزبێك یان بانگخوازێك بێت فێری ئیسلامییان بكات. 

ڕوون و ئاشكرایە كورد بێ دەوڵەت و قەوارە، نەتەوەیەكی ژێردەست و ستەملێكراوە لە سایەی دەوڵەتانی دراوسێوە، بۆیە هەموو هەوڵ و كۆششێكی دەبێت بۆ دروستكردنی دەوڵەت و قەوارەی خۆی بێت، دوای بوون بە خاوەن دەوڵەت و ماڵی سەربەخۆی خۆی، ئەوجا شتگەلی تری وەك گرفتی چۆنیەتیی نوێژكردن و حەڵاڵ و حەرام و ئەشعاری سەلەفی و عەلمانی و ئەم چەمكانە و چەندانی تر چارەسەر بكەن، چونكە تا مرۆڤ خاوەنی قەوارەی خۆی نەبێت، باسكردنی ئەم بابەتانە بێمانایە.

لە هەموو دنیادا تەنیا گرووپ و حزبی ئیسلامیی كورد، بڕوای بە دنیای ئیسلام و برایەتیی مسوڵمانان هەیە، ئەگەرنا تەواوی مسوڵمانی دنیا، بەرلە ئیسلام، باوەڕیان بە وڵات و قەوارە و خاك و نیشتمانی خۆیان هەیە و كار بۆ بەهێزكردنی وڵات و نیشتمانەكەیان دەكەن، ئیسلامیشیان لەلا وەك ڕێ و ئامرازێك وایە و بەكاری دەهێنن بۆ گەیشتن بە ئامانج و بەهێزكردنی نیشتمانەكەیان و خزمەتی خەڵكەكەی. 

بەجیاوازیی ئاسمان و ڕێسمان لەگەڵ ئیسلامییە كوردییەكان، كە برایەتیی كورد و زمانی كورد و خاكی كوردستان، دەگۆڕنەوە بە برایەتیی مسوڵمانان و زمانی عەرەبی و نیشتمان و هێزی بێگانە، هیچ كات بڕوایان بە پیرۆزییەكانی كورد و كوردستان و زمان و نەتەوە و خاكی كوردستان و پێشمەرگە نییە، ئەمە لە كاتێكدایە هیچ مسوڵمانێكی غەیرە كورد، ئامادە نییە لەگەڵ كوردێكی مسوڵمان ببێت بە برا، هەتا هاوزمان و هاونەتەوەكەی خۆی وەستابێت تەنانەت ئەگەر مسوڵمانیش نەبێت. 

بۆیە دواجار هەموو گرووپ و حزبە ئیسلامییەكان لە كوردستاندا، هیچ گرنگ و پێویست نین و بگرە زیادە و هاوردە و دروستكراون، تەنیا كار لەسەر سۆز و هەستی خەڵك دەكەن و فریوی خەڵك دەدەن بە ئیسلام، بۆ گەیشتن بە مەرام و دەسەڵات و پلە و پایە و بازرگانیی خۆیان و شێواندنی شیرازەی كۆمەڵگە، دروستكردنی مەترسی بۆ سەقامگیریی دۆخەكە و تێكدانی ئاشتی و پێكەوەژیان، لە خشتەبردنی گەنجان و لاوان و قوتابیان و بەكارهێنانیان بۆ مەرامی خۆیان، كۆكردنەوەی دەنگ و كورسی بۆ هەڵبژاردنەكان و خزمەتی دوژمنان و بێگانە. 

بۆیە لێرەدا حكوومەتی هەرێمی كوردستان، پێویستە زیاتر و رژدتر چاودێرییان بكات و ڕێ نەدات چیتر ژەهری خۆیان بڕێژن و بەردەوام بن لە چەواشەكاری و تێكدانی تەناهی و ئاسایش و سەقامگیری، بڵاوكردنەوە و چەسپاندنی بیری توندڕەوی و توندئاژۆیی، چونكە كوردستان لەسەر مینێكی تەوقیتكراوی توندئاژۆییدایە لە سایەی سیاسەتی حزب و گرووپە ئیسلامییەكاندا.