باز ئه‌حمه‌د
له چه‌ند ڕۆژی ڕابردوو چه‌ند ڕووداوێك ڕووبه‌ڕووی خه‌ڵكی كوردستان بوونه‌وه، یه‌كێك له‌وانه سووكایه‌تی و هێرشی توركه نه‌ژادپه‌رسته‌كان بوو بۆ سه‌ر گه‌شتیارانی كورد له شاری ترابزۆنی توركیا, ئه‌وه‌ی تریش گرتنی 11 شوان و مێگه‌له‌كه‌یان بوو له‌لایه‌ن كۆماری ئیسلامیی ئێرانه‌وه. هاتنه ده‌نگی حكوومه‌تی كوردستان له‌سه‌ر ئه‌و دوو ڕووداوه و خۆ به‌خاوه‌نكردنی خه‌ڵكه‌كه‌ی، كارێكی زۆر بایه‌خدار بوو و دڵی هه‌موو كوردپه‌روه‌رێكی خۆش كرد.
ڕاستییه‌كه‌ی حكوومه‌تی عێراق و كوردستانیش له ڕابردوو ته‌نیا وه‌ك فه‌رمانگه و بانكێك مامه‌ڵه‌یان له‌گه‌ڵ خه‌ڵك ده‌كرد، ئه‌ركی حكوومه‌تداری ته‌نیا له‌وه‌دا كورت كرابووه‌وه كه خزمه‌تگوزاری دابین بكات و ئاسایش بپارێزێت و هه‌لی كار بڕه‌خسێنێت و پاره و بودجه به‌سه‌ر خه‌ڵك و كه‌رته‌كان دابه‌ش بكات، له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ی ئه‌وانه ئه‌ركی گرنگ و گه‌وره‌ی حكوومه‌تن، به‌ڵام هه‌موو ئه‌ركه‌كان نین.
ماهیه‌تی حكوومه‌ت كه جۆرێكه له باوكایه‌تیكردنی كۆمه‌ڵگه، جیا له‌وه‌ی فێری زانست و زانین و كاریان ده‌كات و ده‌یانخاته به‌ر ئیش و پڕۆژه‌ی ستراتیجی و خزمه‌تگوزاری گه‌وره‌یان بۆ ده‌خاته گه‌ڕ، هاوكات ئه‌ركێكی تری سه‌ره‌كی حكوومه‌ته‌كان بریتییه له پاراستنی خه‌ڵكه‌كه‌ی له هه‌ر كوێیه‌كی دنیا بێت.
زۆر له‌و خه‌ڵكه‌ی له كوردستان و عێراقیش كه گه‌شتی ده‌ره‌وه‌یان كردبێت و له فڕۆكه‌خانه‌كان جۆری سه‌یركردن و سووكایه‌تی كارمه‌ندانی ته‌ناهی و مه‌ده‌نی فڕۆكه‌خانه‌كانیان به‌رانبه‌ر به كورد و پاسپۆرتی عێراقی بینیبێت، به‌و هه‌نگاوه‌ی كابینه‌ی نۆیه‌می حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان زۆر دڵشاد بوون، چونكه پێشتر له فڕۆكه‌خانه‌كانی توركیا به ده‌یان سه‌عات كورد راده‌گیرا و ڕێی سه‌فه‌ری پێ نه‌ده‌درا بۆ وڵاتی سێیه‌م، جیا له سه‌یركردنی مۆبایل و گه‌ڕان به ناو به‌رنامه و ئاپه‌كانی مۆبایله‌كه و وێنه و ڤیدیۆی خه‌ڵك كه تایبه‌تمه‌ندی كه‌سین، به ره‌فتار و گوته‌ی نه‌شیاویش هه‌راسان ده‌كراین، ئه‌مانه گه‌وره‌ترین سووكایه‌تین به‌رانبه‌ر به شته تایبه‌ته‌كان كه له فڕۆكه‌خانه‌كانی توركیا دژ به كورد ئه‌نجام ده‌دران، له به‌رانبه‌ردا نه به‌غدا و نه هه‌ولێریش هیچ هه‌ڵوێستێكیان له ئاست ئه‌م كرداره ناشیرینه نه‌بوو و بێده‌نگیان هه‌ڵبژاردووه و بگره هه‌ر به‌یاننامه‌یه‌كیشیان له‌سه‌ر بڵاو نه‌كردوونه‌ته‌وه.
له كاتێكدا ئه‌مه زۆر له نه‌بوونی خزمه‌تگوزاری و كار زیاتر خه‌ڵكی له حكوومه‌ته‌كان تووڕه ده‌كرد، له تۆڕه‌كانی كۆمه‌ڵایه‌تی به چڕی پاسپۆرتی عێراقی بڵاو ده‌كرایه‌وه كه له‌سه‌ری نووسراوه بزركردنی ئه‌و پاسپۆرته سزای قورسی لێ ده‌كه‌وێته‌وه، كه‌چی وێنه‌ی پاسپۆرتی ئه‌مه‌ریكی و به‌ریتانیشیان له‌گه‌ڵ هاوپێچ ده‌كرد كه له‌سه‌ری نووسراوه هه‌ڵگری ئه‌و پاسپۆرته سه‌لامه‌تی بكه‌وێته مه‌ترسییه‌وه، سوپای ئه‌مه‌ریكا له‌پێناو ده‌خرێته جووڵه.
خه‌ڵك پێویستی به ڕێز و شكۆمه‌ندییه، دواتر كار و خزمه‌تگوزاری، تاكی كۆمه‌ڵگه حكوومه‌تی لاوازیان هه‌بێ و هه‌ڵوێستی له‌سه‌ر سووكایه‌تیكردن و لێدانیان له‌لایه‌ن گه‌لی تر و له وڵاتی تر نه‌بێ، هه‌رگیز ئه‌و حكوومه‌ته به هی خۆیان نازانن، به‌ڵام خۆشبه‌ختانه هه‌نگاوه‌كانی یه‌كه‌می كابینه‌ی نۆیه‌می حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان، به خۆ به‌خاوه‌نكردنی خه‌ڵك ده‌ستی پێ كرد و سه‌رۆكی حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان خۆی له ڕاگه‌یه‌نراوی فه‌رمی حكوومه‌تدا دووپاتی كرده‌وه كه له‌سه‌ر هێڵن و هه‌وڵی خۆیان ده‌خه‌نه گه‌ڕ تا به زوویی ئه‌و گه‌شتیارانه بگه‌ڕێننه‌وه باوه‌شی كوردستان.
بناغه‌ی پێوه‌ندی هه‌ر هه‌رێم و وڵاتێك له‌گه‌ڵ وڵاتێكی تر له‌سه‌ر بنه‌مای به‌رژه‌وه‌ندی دوو لایه‌نه و هاوسه‌نگی ده‌بێ، به‌ڵام به‌هۆی لاوازی حكوومه‌تی عێراق و بێده‌نگییان، ئه‌مه له پێوه‌ندی نێوان كوردستان و عێراق له‌گه‌ڵ ئێران و توركیا به ته‌واوی هاوسه‌نگی نه‌مابوو و لاسه‌نگ بووبوو، خه‌ڵكی توركیا و ئێران به‌لێشاو ڕوویان له كوردستان و عێراق كردووه و له فڕۆكه‌خانه رێزیان گیراوه و سووكایه‌تیان پێ نه‌كراوه، كه‌چی هی كوردستان بۆ ئه‌و دوو وڵاته ره‌فتاری نه‌شیاویان به‌رانبه‌ر كراوه، به‌ڵام راستی و به‌رپرسیارێتی ئه‌وه‌یه حكوومه‌ت ده‌بێ له‌و حاڵه‌تانه هه‌ڵوێست وه‌ربگرێ، كاتێكیش هه‌ڵوێسته‌كه‌ی كاریگه‌ری نه‌بوو، زۆر ئاساییه و ده‌بێ هه‌مان هه‌نگاو به‌رانبه‌ر هاووڵاتییانی ئه‌و وڵاته بهاوێژێت.
بێگومان هه‌زاران كۆمپانیای توركی و ئێرانی له كوردستان و عێراق هه‌ن و خاوه‌ن و كارمه‌نده‌كانیان پێویستیان به‌وه‌یه به به‌رده‌وامی هاتوچۆ بۆ فڕۆكه‌خانه‌كانی كوردستان و عێراق بكه‌ن، به‌ڵام پێشتر نه‌ك حاڵه‌ته‌كه به‌و ئاسته نه‌گه‌یشتووه، به‌ڵكو هه‌ڵوێست و به‌یاننامه‌ی فه‌رمیش ده‌رنه‌كراوه، ئه‌وه‌یشی كرابێت شه‌رمنانه بووه.
به‌هه‌مانشێوه هاتنه سه‌ر هێڵی حكوومه‌ت له‌گه‌ڵ تاران بۆ ئازادكردنی 11 شوانكاره‌كه هه‌نگاوێكی تر بوو، خۆم زۆر پێی دڵخۆشم و به هیوام خه‌ڵكی كوردستانیش حكوومه‌تێكی هه‌بێ له‌سه‌ریان بێنه ده‌نگ و ڕێ نه‌دا شكۆ و كه‌سایه‌تیمان به ئه‌نقه‌ست و به به‌رنامه تێك بشكێنرێت و سووكایه‌تیمان پێ بكرێت.
بۆیه حكوومه‌تێك خه‌ڵكه‌كه‌ی به هی خۆی نه‌زانێ، پێچه‌وانه‌كه‌یشی هه‌ر ڕاست ده‌بێ، خه‌ڵكیش حكوومه‌ته‌كه به‌هی خۆیان نازانن، كابینه‌ی نۆیه‌می حكوومه‌ت و سه‌رۆكی حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان ده‌سپێكێكی زۆر باشیان تۆمار كردووه و پێویسته خه‌ڵكی كوردستان پشتیوانی له‌و هه‌نگاوانه بكات، تا هه‌م كوردستانێكی به‌هێز و هه‌م شكۆمه‌ندی بۆ كه‌سایه‌تی خه‌ڵكی كوردستان بگه‌ڕێنرێته‌وه و به كرده‌یی حكوومه‌تی خاوه‌نداری له خه‌ڵك، بنه‌ما و پایه‌كانی جێگیر بكرێت.