فه‌وزیه سوڵتانبه‌گی- بۆكان
زمان یه‌كێك له سه‌ره‌كیترین و ئاسانترین ئامرازه‌كانی لێك تێگه‌یشتن و له هه‌مان كاتیش‌دا شوناس و هێمای نه‌ته‌وه‌كانیشه. هه‌ر نه‌ته‌وه‌یه‌ك بیه‌وێ زیندوو و جیهانی بێت، ده‌بێ زمانێكی زیندووی هه‌بێت. مه‌به‌ست له زمانی زیندوو، زمانێكه كه به‌پێی قۆناغه زانستی و فكرییه‌كانی كۆمه‌ڵگه ئاڵوگۆڕی به‌سه‌ردا بێت و به‌ره‌و تازه‌بوونه‌وه و داهێنان بڕوات و پۆتانسیه‌ڵی ستانداردبوونی تێدا به‌دی بكرێت.
ئایا زمان له چ ئاست و هه‌لومه‌رجێكدا ده‌توانێ گه‌شه بكات و ببێت به زمانێكی ستاندارد؟ به واتایه‌كی تر فاكته‌ره‌كانی گه‌شه‌كردنی زمان چین؟
به‌گشتی باری ئابووری، رامیاری و فه‌رهه‌نگی كۆمه‌ڵگه و رێژه‌ی ئه‌و خه‌ڵكانه‌ی به‌و زمانه قسه ده‌كه‌ن و هه‌روه‌ها به‌ركه‌وتنی له‌گه‌ڵ زمانی گه‌لانی دراوسێ، كاریگه‌ری راسته‌وخۆ و ناڕاسته‌وخۆی له‌سه‌ر پێشكه‌وتنی زمان هه‌یه.
بێگومان ئه‌و زمانه‌ی ئاپۆرایه‌كی زیاتر قسه‌ی پێ ده‌كه‌ن و خاوه‌نی زاراوه و بن زاراوه‌ی زیاتره، هه‌روه‌ها ئاستی فكری كۆمه‌ڵگه‌كه‌ی بۆ به‌رهه‌مهێنانی زانست، پێویستی به زمانێكی به‌ربڵاوتر و زانستیتره، زیاتر چانسی گه‌شه‌كردن و په‌ره‌سه‌ندنی ده‌بێ. سه‌ره‌ڕای ئه‌م خاڵه كاریگه‌رانه، جۆری هه‌ڵسوكه‌وتی حكوومه‌ته‌كان له‌گه‌ڵ ئه‌و زمانه، رێژه‌ی پێوه‌ندی له‌گه‌ڵ زمانی گه‌لانی ده‌وروبه‌ری، هۆكارگه‌لێكی ترن كه كاریگه‌رییه‌كانی سه‌ر زمانێك دیاری ده‌كه‌ن. هه‌ڵبه‌ت هیچ زمانێك بێ شوێن وه‌رگرتن و كه‌ڵك وه‌رگرتن له زمانه‌كانی تری دنیا سه‌ركه‌وتوو نابێت و به پێچه‌وانه به‌ره‌و لاوازی و توانه‌وه ده‌چێ.
جیا له هه‌موو ئه‌مانه، زمان به‌بێ پشتیوانی ده‌سه‌ڵاتی ناوه‌ندی گه‌شه‌ی پێویست ناكات، بۆیه ده‌سه‌ڵات فاكته‌ری سه‌ره‌كییه بۆ گه‌شه و به ستانداردبوونی زمان. جا چ زمانی فه‌رمی و گشتگیری وڵات بێت یان زمانێكی ناوچه‌یی.
به سه‌رنجدان له‌و راستییه‌ی ئێران وڵاتێكی فره‌نه‌ته‌وه و فره‌فه‌رهه‌نگه و به ده‌یان زمان و زاراوه‌ی جۆراوجۆر پێوه‌ندی ملیۆنان كه‌س به یه‌كه‌وه مسۆگه‌ر ده‌كات. ئاخۆ چاره‌نووسی ئه‌م زمانه نه‌ته‌وه‌ییانه به‌ره‌و چ ئاقارێك ده‌ڕوات؟ یان ده‌سه‌ڵات تا چه‌ند پشتیوان و رێخۆشكه‌ره بۆ پێشخستن و زیندووڕاگرتنی ئه‌م زمانانه.
ماده‌ی 15ی یاسای بنه‌ڕه‌تی ئێران پێوه‌نداره به زمان، ئه‌م ماده‌یه‌ی له‌م یاسایه‌دا "كه‌ڵك وه‌رگرتن له زمانه ناوچه‌یی و نه‌ته‌وه‌ییه‌كانی جیا له زمانی فه‌رمی ناوه‌ند، له میدیا و بڵاڤۆكه‌كان و خوێندنی ئه‌و زمانانه له قوتابخانه‌كان- له ته‌نیشت زمانی فارسی‌دا به ره‌وا ده‌زانێت". به سه‌رنجدان له ناوه‌ڕۆكی ئه‌م ماده‌یه روون ده‌بێته‌وه كه له پله‌ی یه‌كه‌مدا هیچ گه‌ره‌نتییه‌ك نه له‌لایه‌ن ده‌سه‌ڵاته‌وه و نه له‌لایه‌ن وه‌زاره‌تی په‌روه‌رده و نه هیچ فه‌رهه‌نگخانه‌یه‌ك بۆ جێبه‌جێكردنی و كرده‌نیكردنی ئه‌م ماده‌یه بوونی نییه، به‌ڵكو ته‌نیا ئاماژه به ره‌وایی ئه‌م مافه كراوه و به كرده‌وه تا ئێسته هیج مكانیزمێكی بۆ له‌به‌رچاو نه‌گیراوه.
له به‌شێكی تری‌دا ئاماژه به‌وه ده‌كات كه خوێندنی ئه‌ده‌بیاتی ئه‌م نه‌ته‌وانه له قوتابخانه‌كان له ته‌نیشت زمانی فارسی‌دا ئازاده. واتا وه‌ك یه‌كێك له وانه‌كانی عه‌ره‌بی و ئینگلیزی له هه‌فته‌دا چه‌ند سه‌عاتێك بۆ خوێندنی ئه‌ده‌بیاتی ئه‌و زمانانه ته‌رخان بكرێت. لێره‌دا به‌كارهێنانی وشه‌ی "ئازاده" ئه‌وه ده‌سه‌لمێنێ كه هه‌ر تاكێكی كۆمه‌ڵ پێی خۆش بێت زمانی دایكی خۆی بخوێنێ ئازاده. هه‌ڵبه‌ت به به‌رپرسیارێتی خۆی، بێ ئه‌وه‌ی هیچ بنكه‌یه‌كی حكوومه‌تی یارمه‌تی بدات.
بۆیه پاش تێپه‌ڕبوونی ٤٠ ساڵ به‌سه‌ر په‌سه‌ندكردنی ئه‌م ماده‌یه‌دا، هه‌ر له چوارچێوه‌ی دروشم و پڕوپاگه‌نده و به‌لاڕێدابردنی بیروڕای گه‌لانی دنیادا قه‌تیس ماوه‌ته‌وه و هیچ هه‌نگاوێكی كرده‌نی بۆ جێبه‌جێكردنی له قوتابخانه‌كان بۆ نه‌ڕه‌خساوه.
سه‌ره‌ڕای هه‌موو ئه‌م كه‌موكوڕی و ته‌نگوچه‌ڵه‌مانه، له كوردستان دڵسۆزانی زمان و فه‌رهه‌نگی كوردی له زۆربه‌ی شاره‌كاندا قۆڵی هیمه‌تیان هه‌ڵماڵیوه به وه‌ڕێخستنی بنكه و فێرگه‌ی زمانی كوردی- سۆما له مه‌هاباد، ئه‌ده‌ب له بۆكان، لاوژه له سه‌قز، به‌ڕۆژه له بانه و.. هتد) خۆبه‌خشانه دڵیان داوه‌ته به‌ر راهێنانی شه‌یدایانی زمانی دایكی و له ماوه‌ی ئه‌م چه‌ند ساڵه‌دا به هه‌زاران خوێندكار، بڕوانامه‌ی فێربوونی رێزمان و رێنووسی زمانی كوردی به رێنووسی ئارامی و لاتینی، له‌لایه‌ن ئه‌م بنكه فه‌رهه‌نگیانه‌وه وه‌رگرتووه.
پرسی زمانی دایكی و خوێندن و په‌روه‌رده به زمانی دایكی، پرسێكی گرنگ و مافێكی بێ ئه‌ملاولای هه‌موو گه‌لانی ئێرانه، بۆیه بوونی ئه‌م بنكه و چالاكییه مه‌ده‌نییانه نه ده‌توانێ وه‌ڵامده‌ری داخوازییه فه‌رهه‌نگییه‌كانی جه‌ماوه‌ر بێت، نه ئه‌رك و به‌رپرسیارێتی حكوومه‌ت له هه‌مبه‌ر دداننان و ناساندنی سه‌ره‌كیترین مافی ئه‌م نه‌ته‌وانه كه‌م ده‌كاته‌وه.