به‌ختیار عه‌لی وه‌ك نموونه
به‌ختیار عه‌لی له كتێبی "ئایدۆلۆژیست" له‌لاپه‌ڕه "127"دا نووسیویه‌تی "ئه‌و تیرۆریستانه‌ی خۆیان ده‌ته‌قێننه‌وه، درێژكراوه‌ی هه‌مان هێڵی ستایشی مه‌رگن كه شاعیرانی وه‌ك شێخ نووری، بێكه‌س و قانع و هتد, به ستایشی مردن بۆ نیشتمان شیعریان ده‌هۆنییه‌وه".
ئه‌و په‌ره‌گرافه كورته‌ی سه‌ره‌وه، شتی زۆرمان بۆ روون ده‌كاته‌وه و تێرمی بیركردنه‌وه‌ی ئه‌و نووسه‌ره‌مان پێ ده‌ناسێنێت. كێشه‌ی ئه‌م له‌وه‌دا چڕ بووه‌ته‌وه زیاتر له هه‌ر شتێك بێز له ئایدۆلۆجیا ده‌كاته‌وه و به‌شێوه‌یه‌كی رواڵه‌تییانه خۆی وه‌ك ئه‌نتی فاشیست ده‌خاته به‌رچاو، تراجیدیاكه له‌مه‌دایه خۆی نموونه‌یه‌كی باڵا و دۆگمی ئایدۆلۆجییه، ئایدۆلۆجییه‌كی لێڵ و تاریك كه هیچ ئاسۆیه‌كی ژیانی لێوه هه‌ڵنایه‌ت. به‌دیوێكی تریشدا یه‌كێكه له فاشیسته‌كانی ناو كایه‌ی رۆشنبیریی ئێمه، هه‌ر ئه‌و هه‌وڵانه‌ی بۆ سڕینه‌وه‌ی زه‌ینی و ره‌مزی ئه‌و شاعیرانه‌ی ده‌سته‌ی یه‌كه‌می منه‌وه‌رانی سه‌ده‌ی بیستن و هه‌موو هه‌وڵیان به ئاراسته‌ی نیشتمانسازیی و پاككردنه‌وه‌ی عه‌قڵی خورافی و بژاركردنی كولتووری كۆمه‌ڵایه‌تی ئێمه بووه، فاكتێك نیشان ده‌ده‌ن كه ئه‌و نووسه‌ره روانینی بارگاوییه به رۆحی فاشیزم.
ئه‌و ده‌یه‌وێ ئه‌م ره‌مزانه بسڕێته‌وه نه‌ك بۆ ئه‌وه‌ی نه‌بن به ته‌وته‌می رۆشنبیریی و بتی ئه‌ده‌بی، به‌ڵكو بۆ ئه‌وه‌ی خۆی له جێیان دابنێت، راستتر وایه بڵێم هه‌موو هه‌وڵێكی له‌وه‌دا خه‌ستتر كردووه‌ته‌وه كه هه‌موو ئه‌وانه‌ی پێش خۆی بسڕێته‌وه له یاده‌وه‌ریی نه‌وه‌ی ئێسته‌دا، ئه‌مه‌ش بێ پشتبه‌ستن به میتۆدێكی زانستی و ئه‌كادیمیی، به‌ڵكو بۆ ئه‌م كاره گه‌ڕاوه‌ته‌وه بۆ خه‌یاڵی خۆی، وه‌ك زۆرجار له زه‌ینی ئێمه‌دا ئه‌و وه‌ك بوونه‌وه‌رێكی خه‌یاڵیی ئه‌بستراكت قووت بووه‌ته‌وه.
كێشه‌ی سه‌ره‌كی به‌ختیار ئه‌وه‌یه، بڕیارێكی ئایدۆلۆجیی پێشوه‌خت و ئه‌نگێزه‌یه‌كی فاشییانه‌ی هه‌یه له خوێندنه‌وه‌ی دنیا و دیارده و كه‌سایه‌تییه‌كانی ناو مێژووی كورد چ ئه‌ده‌بی بن چ سیاسی. نایه‌وێ به‌پێی میتۆد هه‌ڵسه‌نگاندنیان بۆ بكات، چونكه ئه‌و پێڕه‌وی هیچ میتۆدێك ناكات، به‌ڵكو ره‌چاوی شیعرییه‌تی تێكست یان گوتاره‌كه‌ی ده‌كات، جا ئه‌مه‌یان زۆر گرنگ نییه به‌لایه‌وه چه‌ند به‌های زانستیی هه‌یه یان نیه‌تی، ئه‌وه‌ی به دیدی خۆی پێشنۆره‌یه تێكنه‌دانی ئه‌و هارمۆنییه‌ته شیعریی و ره‌وانبێژییه‌یه ده‌ینووسێت یان ده‌یڵێت.
هه‌ر له‌به‌رئه‌وه‌یشه نووسراوه‌كانی كه‌مترین پێوه‌ندییان به واقیعه‌وه هه‌یه، هه‌ڵبه‌ته ئێمه داوای كۆپیكردنی واقیعی لێ ناكه‌ین، وه‌ك ئه‌و ریالیزمه سۆسیالیستییه‌ی له سه‌ده‌ی پێشوودا باڵی به‌سه‌ر ئه‌ده‌ب و رۆشنبیریی كوردیدا كێشابوو، كه به‌بڕوام ئه‌و ریالیزمه جۆرێك بوو له ریپۆرتاجی رۆژنامه‌وانی و دیكۆمێنتكردنی واقیعی رووت، نا به‌ڵكو قسه‌مان له‌سه‌ر ئه‌و دنیا یۆتۆپییه‌یه به تۆپزی خوێنه‌رانی په‌لكێش ده‌كات بۆ ناوی، ئه‌و دنیایه له هیچ كوێ بوونی نییه جگه له كۆڵانه ته‌سكه‌كانی بیركردنه‌وه‌ی ئه‌و، ئه‌مه مانای وا نییه مادام به‌ختیار عه‌لی دنیایه‌كی ره‌مزی خوڵقاندووه بۆ خوێنه‌رانی كه وه‌ك تونی بابا وایه كاتێك ده‌چنه ناوی ئیتر ناگه‌ڕێنه‌وه، ئیتر ئه‌م نووسه‌ره نایابه و كاره‌كانی شاكار و دانسقه‌ن، به پێچه‌وانه‌وه ئه‌و دنیا سامناكه‌ی ئه‌و خوڵقاندوویه‌تی ده‌مانترسێنێت.
روونتر ئه‌م پرسه ورد بكه‌ینه‌وه، رۆمانه‌كانی به‌ختیار، پانتاییه‌كی فره‌وانن بۆ قسه لێ‌كردن، هێڵێكی درامی له‌ناو هه‌موو رۆمانه‌كانیدا درێژ بووه‌ته‌وه، ئه‌ویش بریتییه له پووچگه‌رایی. ئه‌و نوێنه‌ری دنیایه‌كی داڕووخاوه وه‌ك پاڵه‌وانه‌كانی كه كه‌سانی خه‌مۆك و خۆكوژن، زیاد له هه‌ر شتێك دژی مه‌رگدۆستی ده‌دوێت، كه‌چی له بیری ده‌كات خۆی ماكینه‌یه‌كی گه‌وره‌ی به‌رهه‌مهێنانی مرۆڤی مه‌رگدۆسته، ئه‌وانه‌ی هه‌موو په‌نجه‌ره‌كانی ژیانیان له خۆیان داخستووه، تا دوا مه‌رزی كینه رقیان له بوونی خۆیشیان ده‌بێته‌وه.
ئه‌و نه‌وه‌یه‌ی به‌ختیار به‌رهه‌می هێناوه نه‌وه‌یه‌كی دیل، كۆیله، پاسیڤ، خۆیان داوه به‌ده‌ست واقیعه‌وه، نه‌ك لێی یاخی بن و هه‌وڵی گۆڕینی بده‌ن، رقیان له ژیانه نه‌ك رووبه‌رێك بۆ موماره‌سه‌ی ژیان بدۆزنه‌وه، جۆرێكن له عارفی مه‌یخۆر، نه‌شئه‌ن به‌هه‌موو ئه‌و تێزه ره‌شبینانه‌ی به‌ختیار و پاڵه‌وانه دۆنكیشۆتییه‌كانی. وه‌ك جارێكیش له چاوپێكه‌وتنێكدا باسم كرد، كۆژیتۆكه‌ی له‌تیف هه‌ڵمه‌ت له‌باره‌ی "روانگه" هه‌ڵده‌گێڕمه‌وه. به‌وه‌ی هه‌ڵمه‌ت گوتی روانگه هێلكه‌یه‌كی پیس بوو و هیچی هه‌ڵنه‌هێنا، به‌ڵام من پێم وایه ره‌هه‌ند و له لووتكه‌یشدا به‌ختیار هێلكه‌كانیان پیس نه‌بوون، نه‌وه‌یه‌كی هیپی و خه‌مۆك و داڕووخاو و لۆمپنی به‌رهه‌م هێناوه، راده‌ستی هه‌موو تاڵی و كوێره‌وه‌رییه‌كانی واقیع بووه، تنۆكێك رووناكی له چاوی ئه‌و نه‌وه‌یه‌دا نابینرێت.
كاتێك ئێمه ده‌ڵێین به‌ختیار عه‌لی هیچ پێوه‌ندیی به واقیعه‌وه نییه، به‌و مانایه نییه كاریگه‌ریی له‌سه‌ر هۆشمه‌ندیی نه‌وه‌یه‌ك نییه له‌ناو واقیعه سوێره‌كه‌ی كۆمه‌ڵی كورده‌واریدا، روونه مه‌به‌ستمان ئه‌وه‌یه به‌ختیار مرۆڤ له واقیع وه‌رده‌گرێته‌وه و ده‌یسپێرێت به یۆتۆپیا و دنیایه‌كی خه‌یاڵی كه مێشكی ئه‌و خوڵقاندوویه‌تی. ئه‌مه كرۆكی هه‌موو رۆمانه‌كانی پێكده‌هێنێت، راستییه‌كه‌یشی رۆمان وه‌ك به‌رهه‌می مودێرنیته ژانرێكه بۆ باسی كێشه‌كانی شار، شاریش ده‌ستكردی سه‌رمایه‌داریی و ده‌وڵه‌ت نه‌ته‌وه‌یه، كه‌چی له‌مه‌شدا ده‌بینین ئه‌م نووسه‌ره باسی هیچ رووداوێك ناكات له‌ناو شاره‌كاندا روویان دابێت, یان ئه‌گه‌ری روودانی هه‌بێت، ته‌نیا باسی كۆمه‌ڵێك كاره‌كته‌ری ته‌ریك و قه‌بزی ناو ئه‌ندێشه‌ی خۆی ده‌كات.
ئه‌گه‌ر سه‌یری به‌رهه‌مه‌كانی "گۆنته‌رگراس" بكه‌ین، ناوی پاڵه‌وان و كاره‌كته‌ره‌كانی هه‌مان ئه‌و ناوه ئاساییانه‌ن له ئه‌ڵمانیا باون، دۆستۆیفسكی و ماركیز و بۆرخیس و ئۆرهان پامۆك، هه‌ر به‌هه‌مانشێوه، به‌ڵام به‌ختیار ته‌نانه‌ت ناوی یۆتۆپی بۆ پاڵه‌وانه‌كانی هه‌ڵده‌بژێرێت، ناوێك نزیك له رۆحی عه‌جه‌م و دوور له گیانی كورده‌واریی.
ره‌نگه ئه‌مه شتێكی ئه‌وتۆ نه‌گه‌یه‌نێت بۆ خوێنه‌ری ئاسایی، به‌ڵام بۆ من مه‌دلوولاتی زۆری هه‌یه، به‌و پێیه‌ی به‌ختیار هه‌موو هه‌وڵێكی خۆی له‌وه‌دا چڕ كردووه‌ته‌وه له رووی ته‌سمییه‌یشه‌وه كاره‌كته‌ره‌كانی بوونه‌وه‌ری ئاسمانی و خه‌یاڵی بن، تا وا له خوێنه‌رانی بگه‌یه‌نێت، شوێنی ئه‌وان له‌سه‌ر زه‌وی نییه.
ئه‌گه‌ر بگه‌ڕێینه‌وه سه‌ر په‌ره‌گرافه‌كه‌ی سه‌ره‌تا، ده‌توانم ئه‌وه‌ش زیاد بكه‌م، به‌ختیار عه‌لی به‌م هه‌وڵه‌ی بۆ سڕینه‌وه‌ی نه‌وه‌كانی پێش خۆی، ده‌یه‌وێ تێمان بگه‌یه‌نێت ئه‌ده‌ب و رۆشنبیریی كوردیی له‌وه‌وه ده‌ست پێ ده‌كات و ره‌نگه له‌ویشدا به‌كۆتا بێت، ئه‌گه‌ر ئه‌مه ته‌رجه‌مه بكه‌ینه سه‌ر زمانی سیاسه‌ت, هه‌میشه ئه‌م نۆرمه تێفكرینه دنیابینی فاشی و دیكتاتۆره هه‌ره گه‌وره‌كانی ناو مێژووی مرۆڤایه‌تییه.
ئێوه دیقه‌ت بده‌ن تا ئێسته به‌ختیار لای له به‌رهه‌م و نووسینه‌كانی "مه‌سعوود محه‌مه‌د" نه‌كردووه‌ته‌وه و باسیشی ناكات، لێ مه‌سعوود محه‌مه‌د نووسه‌رێكه هیچ كوردێك ناتوانێ بازی به‌سه‌ردا بدات, له‌مسه‌ری نه‌ته‌وه‌ییه‌وه تا ئه‌وپه‌ڕی ئومه‌مییه‌كان چ وه‌ك لایه‌نگریی یان ره‌خنه‌گرتن لێی، كه‌چی ده‌بینین به‌ختیار تووشی سڵه‌مینه‌وه بووه به‌رانبه‌ری، جاروبار هه‌ندێك له موریده فیكرییه‌كانی وه‌ك تیۆریسێنی فاشیزمی كوردایه‌تی به كینه‌وه باسی ده‌كه‌ن, ئه‌مه‌ش گه‌وره‌ترین نوكته‌یه له هه‌موو دنیادا.
كه‌واته به‌ختیار بۆ باسی مه‌سعوود محه‌مه‌د و پیره‌مێرد و گۆران ناكات، یان كاتێك دێته سه‌ر باسی ئه‌و نه‌وه‌یه و نه‌وه‌ی پێشتریش, ته‌نیا به رقه‌وه باسی هه‌موو ئه‌وانه ده‌كات یان له بواری نه‌ته‌وه‌سازییدا كارامه بوون، یان هونه‌ره‌كانی ژیانیان فێر كردووین. بۆچی هه‌میشه تا ئاستی عاشقبوون سه‌رسامه به مه‌حوی؟ وه‌ڵامه‌كه‌ی روونه و مه‌حوی نموونه سوپه‌ره‌كه‌ی خۆیه‌تی له ره‌هه‌ندی پاسیفیزم و رقبوونه‌وه له ژیان، به‌ختیاریش وه‌ك ئه‌و دنیا به سه‌رابێك تێده‌گات نه‌ك رووبه‌رێك بۆ ژیانكردن.
به‌ده‌ر له هه‌موو ئه‌مانه، ئه‌وه‌ی له بیر كردووه ژماره‌ی خۆته‌قێنه‌ره‌وه له‌ناو كورددا هێنده نزمه، حیسابی نه‌بووی بۆ ده‌كرێت. خۆته‌قاندنه‌وه سه‌ربه كولتووری كوردیی نییه، چونكه له هیچ ماوه‌یه‌كی مێژوویی‌دا نه‌ك خۆته‌قاندنه‌وه, به‌ڵكو تیرۆر نه‌بووه‌ته شه‌قڵی كولتووریی كۆمه‌ڵگه‌ی ئێمه.
ئه‌و باز ده‌دات به‌سه‌ر ئه‌و فاكتۆره ئاینییانه‌ی مۆتیڤی كاریگه‌رن له به‌رهه‌مهێنانی كه‌سایه‌تی خۆته‌قێنه‌وه‌دا, له بیری ده‌كات ئه‌و روانگه سه‌له‌فییه جیهادییه‌ی وه‌ك هێڵێكی درامی له ئیبن ته‌یمییه درێژه ده‌بێته‌وه تا ده‌گات به سه‌ید قوتب و گرووپه توندڕۆ ئیسلامییه‌كانی هه‌نووكه, كارگه‌ی به‌رهه‌مهێنانی كه‌سایه‌تی خۆته‌قێنه‌ره‌وه‌ن نه‌ك شیعری ئه‌و شاعیرانه‌ی ئه‌و ناوی ریز كردوون.
له كوێدا كه‌سێك له‌بن كاریگه‌ریی شیعرێكی بێكه‌س خۆی ته‌قاندووه‌ته‌وه؟ ئه‌ی چاوی پڕ خۆڵی ئه‌و رۆژانه له‌رێی تیڤییه‌كانه‌وه دیمه‌نی ئه‌و خۆكوژانه نابینێت بۆ باوه‌شی 72 حۆری خۆیان له هه‌موو جێیه‌ك ده‌ته‌قێننه‌وه؟ به‌هه‌شتی شاعیرانی كورد، حۆری و غیلمانی كه‌ی تێدایه تا مرۆڤی خۆكوژ له‌سه‌ری په‌روه‌رده بن؟ به پێچه‌وانه‌وه به‌هه‌شتی ئه‌و شاعیرانه كوردستانێكی ئازاده بۆ هه‌مووان.