"بازنه" ده‌ستپێكی خاڵێكی گه‌وره كراوه كه پێوانه‌ی زۆربه‌ی قه‌واره‌كان له‌خۆیدا جێ ده‌كاته‌وه. سیمبۆلی یه‌كگرتوویی و دووربوونه‌وه‌یه له هه‌ر جۆره جیابوونه‌وه‌یه‌ك، نیشانه‌ی وه‌دیهێنانی هه‌موو داهێنانێكه له بنیاتنانی گۆی گه‌ردوون و سووڕانه‌وه‌ی گه‌ردوون و گۆڕانكاری به‌هۆی سووڕانی هه‌موو بازنه‌یه‌كی هه‌ڵسووڕاو.
گه‌ڕانی هێڵی بازنه‌یه‌كی ته‌واوكراو، بێ ده‌ستپێك، بێ ئه‌نجام و بێ گۆڕانكارییه. هه‌ر له‌به‌رئه‌و هۆكارانه‌یه بازنه نیشانه‌یه‌كه له زه‌مه‌ن، زه‌مه‌نێك بێ گۆڕانكاری و به‌رده‌وام له دووپاتبوونه‌وه‌ی سووڕاندایه به رێكوپێكی. بازنه نیشانه‌یه‌كه له هێڵی ئاسمان، پێوه‌ندیداره به خواناسییه‌وه.
له نووسراوه كۆنه‌كاندا ئاماژه به‌وه كراوه كه خوا وه‌ك بازنه وایه كه ده‌توانێ ده‌ستپێكی ناوه‌ڕاسته‌كه‌ی له هه‌ر شوێنێكه‌وه بێت و پانتاییه‌كی بێ‌سنوور له هه‌موو شوێنێك.
بازنه سیمبۆلێكه له هه‌ست، ژنایه‌تی و پێكهاته‌ی مێبوون. گرینگی بازنه له سووڕانیدایه، به‌و جۆره‌ی دوای داهێنانی چه‌رخ، دنیا به‌ره‌و گۆڕانكاریی سیمایه‌كی تازه‌ی به‌خۆیه‌وه گرت. چه‌رخی كاتژمێر بێ گۆڕانكاری به ڕێكوپێكی كات تێپه‌ڕ ده‌كات.
له ده‌فدا بازنه كه‌وانه‌كه‌ی ده‌ف، سیمبۆلی چه‌رخی گه‌ردوون، كه‌وانه‌ی ده‌ف نیشانه‌یه‌كه له تێپه‌ڕبوونی زه‌مه‌ن له سووڕانی هاوچه‌رخدا. بازنه‌ی ده‌ف نیشانه‌ی گۆڤه‌ندی شادییه، وه‌ك له كوردستان هه‌ڵپه‌ڕكێی كوردی له‌ناو بازنه‌یه‌كدا جێی خۆی كردووه‌ته‌وه. سه‌رچۆپی و گاوانیش هێمایه‌كن كه ده‌توانرێ هاتنه ئارای حه‌ڵقه‌كانی ده‌ف گرێ بدرێنه‌وه به هه‌مان هێماوه.
حه‌ڵقه‌ی ده‌ف سیمبۆلێكه له ژیان و په‌روه‌رده‌كردنی بازنه‌ی مرۆڤایه‌تی، فه‌لسه‌فه‌ی به‌رز و نزمبوونه‌وه‌ی ده‌نگه‌كان، به‌رز و نزمبوونه‌وه‌ی ژیانی مرۆڤه. ده‌نگدانه‌وه و پێوه‌ندیی نێوان حه‌ڵقه‌كانی ده‌ف، ئاماژه به به‌هێزبوونی یه‌كگرتوویی و یه‌كده‌نگی ده‌سه‌ڵات و ڕیتم له نێوان مرۆڤه‌كان ده‌گه‌یه‌نێ.
كورد گوته‌نی "ده‌ستێك به‌ته‌نێ ته‌قه‌ی نایه"، ئه‌وه‌ش به هه‌مانشێوه ئه‌و فه‌لسه‌فه‌یه ده‌گه‌یه‌نێ كه له پێوه‌ندیی زنجیره‌ی حهڵقهكان له‌سه‌ر كه‌وانه‌ی ده‌ف، بازنه‌یه‌كی به‌هێز به ده‌نگێكی به‌هێز ده‌خاته‌ڕوو كه تێكه‌ڵكردنی ئه‌و ده‌نگانه ده‌توانێ ڕیتمی ژیانه‌وه بژه‌نێت.
بازنه‌ی ده‌ف ئاماژه‌یه به خۆر و حهڵقهكانیش پێوه‌ندیدارن به تیشكی خۆر كه به جووڵاندن و ژه‌نینی، گه‌رمی و وزه ده‌به‌خشێته ژیانی هه‌موو بوونه‌وه‌رێك. ڕه‌سه‌نایه‌تی و فه‌لسه‌فه‌ی ده‌فی ئه‌مڕۆ زۆر زیاتر له‌وه‌یه كه ئاماژه‌ی پێ كراوه، ئه‌گه‌ر بمانه‌وێ شیكاری بۆ بكه‌ین، له كتێبێكی گه‌وره‌یشدا جێی نابێته‌وه.
ڕه‌سه‌نایه‌تی ده‌ف له كوردستان و مێژووی ده‌فی ئه‌مڕۆ، پێ ده‌چێ زۆر كۆن نه‌بێت، له‌به‌رئه‌وه‌ی هه‌ندێك نوێگه‌ری له پێكهاته‌ی ده‌فدا ڕووی داوه، گه‌یشتووه‌ته ئه‌و قۆناغه‌ی ئێسته. به‌ڵام ده‌توانین به به‌راورد له‌گه‌ڵ هه‌ندێك شوێنه‌واری دۆزراوه‌ی مێژووی كۆن، به‌رچاوڕوونییه‌كی زیاترمان بۆ بخرێته ڕوو تا بتوانین ڕه‌سه‌نایه‌تی و شكۆی ئامێری ده‌ف بگه‌ڕێنینه‌وه بۆ جێی خۆی.
له شاری دزفولی ئێسته‌ی ئێران كه سه‌ربه پارێزگای خوزستانه و خه‌ڵكه‌كه‌ی له نه‌وه‌ی لوڕهكانن، له ساڵی 1962 بۆ 1966 زاینی، له‌لایه‌ن ستافێكی مێژووناسی هاوبه‌ش كه پێكهاتبوو له زانكۆی كالیفۆڕنیا و سه‌نته‌ری ڕۆژهه‌ڵاتناسی زانكۆی شیكاگۆ، ده‌ست به گه‌ڕان و به‌دواداچوون له‌سه‌ر پاشماوه‌ی 15 سه‌رده‌می جیاواز كرا، له كۆنترین شار به‌ناوی چوغارمیش كه مێژووه‌كه‌ی ده‌گه‌ڕێته‌وه بۆ نۆ هه‌زار ساڵ پێش ئێسته، مێژووی شارستانیی و كشتوكاڵ و زۆر له ئامێره‌كانی موزیكی ژێی و فوودار و ریتمی ڕوون بكاته‌وه به به‌ڵگه‌وه. ئه‌و كه‌ره‌سته گڵینانه‌ی له‌وێ دۆزراونه‌ته‌وه، ده‌گه‌ڕێنه‌وه بۆ پێش سه‌رده‌می داهێنانی نووسین.
ئه‌وه‌ی لێره‌دا گرنگه و ده‌توانرێ ئاماژه‌ی پێ بكرێ، ئه‌وه‌یه كه وه‌ك به‌ڵگه له‌ناو ئه‌و گڵینانه‌ی دۆزراونه‌ته‌وه، مێژووی پێشكه‌وتنی شارستانیی پێش سه‌رده‌می نووسین و گه‌شه‌ی موزیك ده‌ركه‌وتووه. كاتێك بۆ ده‌رهێنانی ڕیتم كه پێستی ئاژه‌ڵ به‌سه‌ر چوارچێوه‌یه‌كی به‌ستراو به ناوی ته‌پڵ به‌ستراوه، به ڕوونی ده‌توانین له‌وه تێبگه‌ین شێوه‌ی ده‌فیش به هه‌ندێك جیاوازی هه‌بووه له جۆری به‌رهه‌مهێنانیدا، بۆ كۆبوونه‌وه‌ی ئاینی و مه‌به‌ستی ئاگاداركردنه‌وه له كاتی شه‌ڕ و ترساندنی ئاژه‌ڵ و دڕنده‌كان به‌كار هاتووه.
ده‌ف بازنه‌یه‌كی هه‌ڵبه‌ستراوه به پێستی ئاژه‌ڵ به هه‌ندێك جیاوازی كه له‌سه‌ر ده‌ست داده‌نرێ و به دوو ده‌ست ده‌ژه‌نرێ. به‌ڵام ده‌فی ئه‌مڕۆ به‌پێی تێپه‌ڕبوونی كات گۆڕانكاریی به‌سه‌ردا هاتووه.
ئامێری ڕیتمی یا درام، وه‌ك بازنه‌ی هه‌ڵبه‌ستراو به پێست له زۆربه‌ی وڵاتانی ڕۆژئاوایی و ڕۆژهه‌ڵاتی تا ئێسته‌یش هه‌یه، به‌ڵام ئه‌و شێوه‌یه‌ی ئێسته له كوردستان ده‌بینرێ، ده‌توانین بیسه‌لمێنین تایبه‌ته به‌و وڵات و ناوچه‌یه و جیاوازه له‌گه‌ڵ ریتمی وڵاتانی تر.
له مێزۆپۆتامیادا به‌پێی به‌ڵگه‌ی هه‌ندێك له‌و شوێنه‌وارانه‌ی له سه‌رده‌می سۆمه‌ری و ئاشووری و هوورییهكاندا ده‌ست كه‌وتووه، سه‌لمێنه‌ری ئه‌وه‌ن كه ئامێری ده‌ف بۆ مه‌به‌ستی جیاواز به‌كار هێنراوه. له ناو ئێزیدییه‌كانی لالشدا ئێسته له چوارشه‌مه‌ی سوور خۆیان و ته‌نانه‌ت هه‌ندێك بۆنه‌ی ئاینی ده‌ف دێته ژه‌نین، وه‌ك ئامێرێكی پیرۆز و گرینگ بۆ به‌ڕێوه‌بردنی رێوڕه‌سمه‌كانیان به‌كاری دێنن.
ئێزیدییه‌كان ڕه‌سه‌نترینی ئه‌و مرۆڤانه‌ن كه له كوردستان بێ گۆڕانكاریی بۆنه‌كانیان به‌ڕێوه ده‌به‌ن، لێكچوونیان زۆره به‌پێی جلوبه‌رگ و شێوه‌یان به به‌راورد له‌گه‌ڵ ئه‌و په‌یكه‌رانه‌ی له سه‌رده‌می سۆمه‌ری دۆزراونه‌ته‌وه.
ده‌ف له‌ناو ئاینی میترایی و زه‌رده‌شتیش ڕۆڵێكی گرینگی له كۆبوونه‌وه‌ی ئاینی و شادییهكانیاندا گێڕاوه.
ده‌ف دوای هاتنی ئاینی ئیسلام چووه‌ته ناو كولتووری عه‌ره‌به‌وه، به‌ڵام هیچ پێوه‌ندییه‌كی مێژوویی و مه‌زه‌ویی به ئاینی ئیسلامه‌وه نییه.
هه‌ر به‌پێی ئه‌و به‌ڵگانه‌ی ئێسته‌یش زۆرترین ده‌فی دنیا له‌ناو كورددا ساز ده‌كرێ و بوونی هه‌یه. ئه‌وه‌ش هاوته‌ریبه له‌گه‌ڵ ئه‌و ڕه‌سه‌نایه‌تییه‌ی له مێژووی ده‌ف له‌و خاكه‌دا هه‌بووه، ئه‌و ئامێره له بواری سایكۆلۆجییه‌وه هێنده نزیكه له ڕۆحی مرۆڤی كورد، زۆرترین سوودی لێ وه‌رگیراوه.
له هونه‌ری موزیكی هاوچه‌رخدا مامۆستایان و ژه‌نیارانی لێهاتووی ئه‌و ئامێره، وایان كردووه بۆ زیندووكردنه‌وه‌ی لایه‌نه موزیكییه‌كه‌ی، ده‌ف ببێته ئامێرێكی گرنگ بۆ په‌روه‌رده‌كردنی قوتابیان و كۆڕ و كۆبوونه‌وه‌ی موزیك. له پاڵ ئه‌وه‌یشدا له كۆمه‌ڵه تهسهوفییهكانی كوردستان وه‌ك ته‌ریقه‌تی قادری و نه‌قشبه‌ندی و یارسان و ئه‌هلی حه‌ق، كۆمه‌ڵێك كۆڕ و كۆبوونه‌وه و بازنه‌ی جیاواز، ڕۆڵێكی گرنگیان هه‌بووه.
ده‌ف وه‌ك ئامێرێك بۆ پێوه‌ندیی نێوان مرۆڤ و خودا ناسراوه. به‌و شكڵ و شێوه‌یه‌ی ئێسته موڵكی هیچ وڵاتێك نییه و تایبه‌ته به میله‌تی كورد.