شه‌فیق بانیشارى
كاتێك حزبه‌كان دێنه گۆ، ئه‌وه به میدیاكان ڕاده‌گه‌یه‌نن كه هیوادارن به زوویى كابینه‌ى نوێی حكوومه‌تى هه‌رێم ڕابگه‌یه‌نرێت، به‌ڵام ئه‌وه ڕاناگه‌یه‌نن كه هه‌ریه‌كه‌یان چه‌ندى ده‌وێت له كابینه‌ى نوێ و چ مه‌رجێكی گه‌وره‌تر له قه‌باره و ژماره‌ى كورسییه‌كانى په‌رله‌مانى داناوه، به‌ڵكو ته‌نیا هیواكه‌یان ده‌خه‌نه ڕوو، دیاره هیوا خواستنیش بۆ هه‌ر مرۆڤێك له ئاستى به‌رپرسیاری بێت یان نا، هه‌رزانترین و ئاسانترین گوفتاره، وه‌ك ئه‌و قسه كورده‌وارییه‌ی ده‌ڵێت "هیوایان ناشت و سه‌وز نه‌بوو"، واته هیواخواستن به‌س نییه بۆ كار و كرده‌وه.
پارتى دیمو‌كراتى كوردستان به‌و پێیه‌ى براوه‌ى یه‌كه‌مى هه‌ڵبژاردنى ساڵی ڕابردووه و نزیك له نیوه‌ى كورسییه‌كانى په‌رله‌مانى كوردستانى هه‌یه، ئه‌ركى سه‌ره‌كیى له پێكهێنانى كابینه‌ى نوێ هه‌یه، به‌ڵام پارتى پێچه‌وانه‌ى چاوه‌ڕوانییه‌كان كه وا خوێندنه‌وه بۆ كابینه‌ى نوێ ده‌كرا، له ئه‌نجامى ئه‌و كێشانه‌ى له كابینه‌ى پیشوو له‌لایه‌ن لایه‌نه‌كانه‌وه بۆی هاته پێش، جیاواز له نه‌رمییه‌كه‌ی ئێسته‌ى بێت و به‌شێوه‌یه‌كى سه‌ره‌كى و به پشتیوانى یه‌ك دوو لایه‌ن، به ده‌نگى زۆرینه و پێكهاته‌ى كابینه‌ى نوێ ته‌واو بكات، به‌ڵام خوێندنه‌وه‌كان وا نه‌بوون كه چاوه‌ڕوان ده‌كرا، ئه‌وه بۆ چوار مانگ ده‌چێت له چاوه‌ڕوانى ڕازیبوونى حزبه‌كاندا، خه‌ڵكى كوردستانیش هه‌ر چاوه‌ڕێ ده‌كات.
هه‌رچی لایه‌نه‌كانی تریشن وه‌ك ئه‌وه‌ی كایه‌ی سیاسه‌ت و حزبایه‌تی كۆتایی پێ بێت به به‌شدار نه‌بوونیان له كابینه‌ی نوێی حكوومه‌تى هه‌رێم، به‌بێ گوێدانه خواستی ده‌نگده‌ر و لایه‌نگرانیان و ئاوڕدانه‌وه له‌و ڕۆژانه‌ى هه‌ڵمه‌تی بانگه‌شه‌ی هه‌ڵبژاردن خه‌نجه‌ریان له سه‌نگه‌ری دژ به هاوبه‌شی پارتى هه‌ڵكێشابوو، به‌شدارى و هاوبه‌شی له كابینه‌یه‌ك له‌گه‌ڵ پارتى به عه‌یبه‌یان ده‌دا به گوێی خه‌ڵكدا. نامه‌وێ پارتى به لایه‌نێكی باش و پیرۆز نیشان بده‌م، به‌ڵام ئه‌وه‌ی مایه‌ی گاڵته‌جاڕییه، ئه‌و حزبانه‌ى تر له ساڵی پێشتردا چی‌یان به پارتى ده‌گوت و ئێسته چۆن ده‌یانه‌وێ له‌گه‌ڵى برابه‌ش بن له سفره و خوانى كابینه نوێیه‌كه.
دیاره هۆى دواكه‌وتنى دروستكردنى سه‌رۆكایه‌تیى په‌رله‌مان و كابینه‌ى نوێ، چاو تێبڕینى لایه‌نه‌كانه له پۆسته باڵاكانى جێگرى سه‌رۆكى حكوومه‌ت و وه‌زاره‌ته‌كان و پله باڵاكان، ئه‌ڵبه‌ت هیچ گومانى تێدا نییه ڕێك نه‌كه‌وتنى هه‌موو لایه‌نه‌كانیش له‌گه‌ڵ پارتى، وه‌رگرتنى ئیمتیاز و پۆستێكى زیاتره له قه‌باره‌ى خۆیان و ده‌ستكه‌وتنى پۆستێكى باڵای پڕ ئیمتیازه بۆ خۆیان، نـه‌ك هاووڵاتییانى كوردستان، هه‌رچی له‌باره‌ى پارتیشهوهیه، ره‌نگه بیه‌وێ به به‌كارهێنانى كارتى به‌شداریكردنى لایه‌نه‌كان، ئه‌وه بانگه‌شه و موزایه‌ده سیاسییانه بسڕێته‌وه كه ساڵانى پێشوو لایه‌نه‌كان له ئۆپۆزسیۆن بوون و له واده‌ى هه‌ڵمه‌تى بانگه‌شه‌ى هه‌ڵبژاردندا خۆیان به خه‌مخۆرى میله‌ت ده‌ناساند و پاكى و دڵسۆزی خۆیان و گه‌نده‌ڵی پارتى و یه‌كێتییان له مێشكى خه‌ڵك چه‌سپاندبوو. پارتى ده‌یه‌وێ له‌ڕێی بردنه‌وه‌ی هه‌ڵبژاردنه‌وه هێزی خۆی به به‌شداركردنى لایه‌نه‌كان له كابینه‌ى نوێ به كردار بۆ خه‌ڵكى بخاته ڕوو.
ئه‌وه‌ی مایه‌ى سه‌رنجه، هه‌موو ئه‌و لایه‌نانه‌ى پێش هه‌ڵبژاردنى 30ی ئه‌یلوولى ڕابردوو دژ به پارتى بوون، ئێسته پشتیان له یه‌كتر كردووه و دروستكردنى به‌ره‌ی هاوبه‌شیان له‌یاد چووه كه بۆ خۆیان ڕه‌نگه بتوانن كابینه‌ى نوێ پێك بێنن به زۆرینه، كه‌چی ئه‌وه چوار مانگه چاوه‌ڕوانى ده‌ستى خێرى پارتین تا له‌گه‌ڵیاندا رێك بكه‌وێ.
پێم وایه بۆ تێپه‌ڕبوون له‌م دۆخه، باشترین ڕێ ڕێككه‌وتنی پارتى و یه‌كێتییه بۆ پێكهێنانى حكوومه‌تێك وه‌ك كابینه‌ى شه‌ش و حه‌وت. به‌ڵام به‌خۆشگوزه‌رانی و ئاوه‌دانی و هه‌لی كاره زۆهكانیشهوه هه‌ر له‌و سه‌رده‌مه بچێت, به‌و مه‌رجه‌ی ئه‌نجامی هه‌ڵبژاردن ره‌نگ بداته‌وه و ره‌نج و هه‌ڵسه‌نگاندنی خه‌ڵك له هه‌ڵبژاردندا به‌فیڕۆ نه‌ڕوات. دیار بێت كه حزب ده‌نگی زۆری هێنا كاریگه‌رییه‌كه‌ی زۆر ده‌بێت و ده‌یخاته‌وه خزمه‌ت خه‌ڵكه‌وه.