كەی واز دێنن؟

PM:03:22:12/09/2023 ‌
لە دوای بڕینی بەشە بودجەی هەرێمی كوردستان لە سەردەمی كابینەی نووری مالیكی، كورد تا دێت خۆی بچووك دەكاتەوە، پێشتر لەو دەمەی خوالێخۆشبوو مام جەلال سەرۆك كۆمار و كاك مەسعوود سەرۆكی هەرێم بوون، شاندەكانی عێراق بە ڕێی هەولێرەوە بوون بۆ گفتوگۆ و پێكهێنانی حكوومەتی عێراق، بە مانایەك پێكهێنانی كابینە نوێیەكانی حكوومەتی عێراق، لە كوردستانەوە ڕەزامەندیی لەسەر دەدرا و ئینجا پێك دەهێنرا. هۆكارە سەرەكییەكەشی یەكگرتوویی و یەكهەڵوێستی و برایەتیی سەركردایەتیی كورد بوو، بەتایبەت هەردوو كەسایەتیی مام جەلال و كاك مەسعوود، وایانكردبوو هەموو سەرانی عەرەبی عێراق، بە چۆكدا بێن لە ئاستی كورد، بەڵام لە پاش نەخۆشكەوتنی مام جەلال، نووری مالیكی كەلێنی ناكۆكیی كوردی دۆزییەوە و بودجەی بڕی، ئیتر گڵۆڵەی یەكڕیزیی كورد كەوتە لێژی.
 
لە ئانوساتی بڕینی بودجە لە شوباتی 2014، كورد لەسەر پێی خۆی تا ئاستێك ڕاوەستا، بەڵام نەبوونی ئیدارەیەكی بەهێز بۆ بەڕێوەبردنی كوردستان لەوكاتەدا و شەڕی داعش، وایكرد دۆخەكە هێندە ماندووكەر و پڕووكاو بێت، كورد چاو و سكی برسی بێت و چاو لە دەستی بەغدا بێت بۆ ناردنی بودجە، ئیتر عەرەب ئیشی لەسەر ئەوە كرد و ئێستە وای لێ هاتووە هەر پێپەتییەك بكرێتە وەزیر و گزیر لەو بەغا، ئازایەتیی خۆی لە ڕاگرتن و نەناردنی بودجە و مووچەی كوردستاندا و خەڵكە تێكۆشەرەكەیدا ببینێتەوە، لەولاشەوە كورد زوو زوو شاند دەنێرێت و بە دەستی بەتاڵ دێنەوە، بەغدایش بەردەوامە لە سووكایەتیی بە هەموو كورد.
 
ئەوەی برین و هەناوی میلەت زیاتر گڕ تێبەر دەدات، نەناردنی مووچە نییە، بەڵكو ئەو هەموو هاتوچۆ بەردەوام و بێ ئەنجامانەی شاندەكانە كە چیتر پێویست نییە، چونكە كێشەی ئێمە تەنیا دارایی نییە و عێراق بە ئەنقەست لەو گۆشەیەدا قەتیسی كردووین، بەوەیش تا ئاستێك دۆزە گەورەكەی كوردی لە بیر بردووینەتەوە و سەرقاڵی لێدوانی لابەلای دەیدا و نایدای كردووین.
شاندەكان هەمیشە بە دەستی خاڵی دێنەوە، یەكێكیش نییە پێیان بڵێت بۆچی ئەوەندە دەڕۆن؟ ئەوە عەرەبە و ستەم دەكات، تۆی كورد چیت هەیە لە بەرانبەریدا پێش ئەوەی لاوازترمان بكات؟ پرسیارێكی لۆجیكییە.
 
ئەوان لە بەغدا هەر پێمان دەڵێن ئێوە عێراقی نین و ئێمە بە زۆر دەمانەوێ بە عێراقی بنوێنن. وەك ئەوەی عێراق وڵاتی حەوانەوەی كورد بووبێت. تێناگەم بۆچی بیر لەوە ناكەنەوە واز لە ڕۆیشتن بەرەو بەغدا بهێنن و لە هەولێر حیسابێكی داهاتی كوردستان بكەن. مووچەی پێ بدەن و پاش ئەوە بەیانێك بڵاو بكەنەوە بە دنیادا كە چیتر كورد بەشێك نییە لە عێراق؟ خۆ ڕوونە عێراق ئێمەی ناوێت. بەڵام رەنگە بڵێی كۆمەڵگەی نێدەوڵەتیش لەگەڵ كورد نییە، من نازانم ئەمە وایە یان نا؟ بەڵام ئەگەر وایش بێت، مادام بڕیار بێ بە برسێتی سەر بنێینەوە، دەتوانین ڕێگە نەدەین ئەوانیش بە تێری یاریی بە هەستەكمان بكەن، من هیچ گومانیشم نییە كورد ئەوەندە دۆزەكەی گەورەیە بەس بە ڕاستیی بڕیار بدات ببێ بە كێشە بۆ عێراق، راستەوخۆ وڵاتانی زلهێز دێن و هەموو كێشەكانمان چارەسەر دەكەن و دەشبێت بە خاڵێكی دەست پێك بۆ داهاتوو و چیتر عێراق بەو كەڵەگاییە لە كێشەكانمان ناڕوانێ.
 
تێناگەم سەرۆك كۆمار و وەزیر و ئەندام پەرلەمانە كوردەكانی بەغدا بۆ ناكێشنەوە و واز لەو كورسی و مووچەی عێراق ناهێنن كە میلەتەكەیان دەبینن لە چاوەڕوانیدا شەكەت بووە؟ بۆ ناتوانن دوو مانگ وەك سەتان هەزار مووچەخۆری كوردستان بژین؟ بۆچی بیر لەوە ناكەنەوە كورد ساڵێك لە پرۆسەی سیاسیی عێراق بێتە دەر، داخۆ بزانین ئەو عێراقەی بووەتە پاڵەوانی بودجە بڕینی كوردستان چی بەسەر دێت؟ خۆ بڕیار نییە تا هەتا ئێمە عەیبەكانی عێراق بشارینەوە، با ئەوان خۆیان خەریكی شەڕی سوننە و شیعە بن و ئێمەیش ئۆپۆزسیۆن، چونكە بەشداری كورد لە دەسەڵات تەنیا جوانكردنی دەوڵەتە گەندەڵ و پیسخۆر و خاوەن پاسپۆرتە ڕسواكەی جیهانە، نەك هیچیتر.

پێم وایە بە تەنیا كشانەوەی لایەنێكی كوردی وەك پارتی لە بەغدا، هاوكێشەكە دەگۆڕێت و بەغدا و عەرەب بە چۆكدا دێن بۆ كورد و كوردستان و ئێستە تا درەنگ نەبووە دەبێت كورد گوشار بكات و هێرشەكە پێچەوانە بكاتەوە .