جێگر ئیشی چییە؟

PM:03:07:20/05/2019 ‌
شەفیق بانیشاری

هەر دامەزراوەیەك بۆ بەڕێوەبردنی كار و ئەركەكانی بەسەركەوتوویی پێویستی بە كەسی یەكەم هەیە، جا ئەو كەسە لەژێر ناونیشانی سەرۆك بێت یان بەڕێوەبەر یاخۆ لێپرسراو یان هەر ناونیشانێكی تر. لە هەندێ شوێندا سروشتی كار و هەڵكەوتەی پیشەیی دامەزراوەكە وا دەخوازێت كەسی دووەمیش هەبێت بۆ سەرخستنی پرۆسە و بەرنامە و ئەركە پیشەییەكەی دامەزراوە و شوێنەكە. ئەو كەسی دووەمەیش ناوی جێگر یان یاریدەدەر یان هەر ناونیشانێكی تر هەڵدەگرێت، زۆربەی كات لەكاتی ئامادەنەبوونی كەسی یەكەم، جێگر ئەرك و كارەكانی كەسی یەكەم بەڕێوە دەبات، بەو شێوەش سەركەوتنی دامەزراوە و شوێنەكەیان سەركەوتوو دەبێت، لەلایەكی ترەوە ئەوانەی كە ڕوو لەو شوێنە دەكەن گرفتیان بۆ دروست نابێت و ئیش و كاریان بەزوویی دەڕوات بەڕێوە.
بەڵام لە كوردستاندا ئەو فەلسەفە و میكانیزمی بەڕێوەبردنەی دامەزراوەكان هەر لە سەرۆكایەتی حكوومەتی هەرێمەوە تا بچووكترین دامەزراوە و فەرمانگە، زۆربەیان پێچەوانەیە، لە هەندێكیاندا جێگر دەبێت لە شانی بەڕێوەبەر یان سەرۆك بێت كاتێك گەشتێك دەكات یان بە ئەركێك لە دامەزراوەكەی دەچێتەدەر، جێگر لەگەڵ خۆی دەبات یا جێگر لەگەڵی دەچێت، لە هەندێكی تریاندا وەك چۆن پارێزگاری هەڵەبجە كە دەچوو بۆ هەولێر هەردوو جێگرەكەی دەبرد لەگەڵ خۆی، یان هەندێ دامەزراوە جێگر هیچ دەستەڵاتێكی پێ نادرێتی. لە كاتی ئامادەنەبوونی بەڕێوەبەر، سەرۆكی دامەزراوە و فەرمانگەكان، لە هەندێكی تردا جگە لە پڕكردنەوەی پەیكەری ئیداری و بڕینەوەی دەرماڵەیەك و هەندێ ئیمتیازی كەسی جێگر، هیچ سوودێكی گشتی لەم دۆخانەدا دامەزراوە و فەرمانگەكە نەك سەركەوتوو نابێت، بەڵكو هاووڵاتی و ئەوانەی بەهۆی سروشتی ئیشەوە ڕێیان دەكەوێتە ئەو شوێنە، مامەڵە و كارەكانیان دوا دەكەوێت كاریگەری نەرێنی لە كارەكانیان دەكەوێتەوە، لەو بڕوایەدام هیچ كەسێك لەم كوردستانەدا نییە باجی ئامادەنەبوونی بەڕێوەبەر یان كەسی یەكەم و دووەمی نەدابێت كاتێك كە ڕۆیشتووەتە دامەزراوەیەك یان فەرمانگەیەك، لە بچووكترین نموونەدا دوێنێ بۆ خۆم كارم كەوتە فەرمانگەیەكی هەڵەبجە، لە كۆتایی كارەكەم واژوویەكی بەڕێوەبەر مابوو، ئامادە نەبوو، ڕۆیشتم بۆ ژووری جێگری بەڕێوەبەر دەرگای داخرابوو كە هۆكاری ئامادەنەبوونی كەسی یەكەم و دووەمی فەرمانگە (بەڕێوەبەر و جێگر)م پرسی، كارگوزارەكە گوتی نەهاتوونە، بۆیە كارەكەت دەكەوێتە سبەینێ". ئەو چیرۆكی ئامادەنەبوونی بەڕێوەبەر و جێگرە لە هەموو شار و فەرمانگەیەك زۆربەی كاتەكان دووبارە دەبێتەوە و هاووڵاتی باجەكەی دەدات. لەلایەكی ترەوە وەك كاری هاووڵاتی دوا دەكەوێت، بە دانانی جێگر هەندێ بارگرانی و خەرجی لەسەر خەرجی حكوومەت زۆرتر دەبێت، بۆ نموونە دەرماڵە و پێشینەی تایبەتیان بۆ دادەنرێت لەگەڵ ئۆتۆمبێل و ئیفاد و چەندان جۆری تری خەرجی كە هەموو لە خەزێنەی گشتی و بودجەی حكوومەت دەردەچن.
راستییەكەی چاوەڕوان بووم لە كابینەی نوێی حكوومەتی هەرێم جێگر كەم بكرێتەوە هەر لە سەرۆك وەزیرانەوە تا وەزیر و دەستە و پلەباڵاكان، بەڵام وا دیارە چاوەڕوانییەكەم پێچەوانە بووەوە، ئێستە ئەنجامی ڕێككەوتنە سیاسییەكان بەو ئاراستەیە كابینەكە دەبەن كە زیاد لە جێگرێكیش لە زۆری دامەزراوەكان بچەسپێت، خۆ ئەگەر دانانی جێگرێك یان زیاتر بۆ ئاسانكاری و خزمەتی هاووڵاتییان بێت كارێكی باشە. هیوادارم كابینەی نوێی حكوومەتی هەرێم وەك چۆن چاوەڕوانی چاكسازی بەرچاو و كاریگەری لێ دەكرێت چاكسازی لە دەسەڵاتە ئیدارییەكانی تەواوی دامەزراوە و فەرمانگەكانی بدات، لە ئامادەنەبوونی كەسی یەكەم، كەسی دووەم یان جێگر ئامادە بێت لە دامەزراوە و شوێنەكەی. بەو كارەش بەرەوپێشچوونی خێرا لە دامەزراوەكان دێتە دی و هاووڵاتییانیش زۆرتر هەست بە دامەزراوەبوونی حكوومەتی هەرێم دەكەن لە ڕاپەڕاندنی كاری رۆژانەیان.