له‌وه‌ته‌ى كێشه‌كانى حزبه سیاسییه‌كانى كوردستان قووڵ بوونه‌ته‌وه، له چه‌ند ساڵی ڕابردوو هه‌ر حزبه و پڕۆژه‌یه‌ك ده‌خاته ڕوو تا ئه‌و ئاسته‌ی هه‌ر مانگه و پڕۆژه و به‌رنامه‌یه‌كى پڕ له خواستى حزبی به‌ناوى پێشكه‌شكردن به لایه‌نه‌كان، به گوێی هاووڵاتییانى كوردستاندا ده‌درێت و مێشك و ده‌روونى هاووڵاتی هه‌ڵاوساو و ماندووى كوردستان شه‌كه‌تتر ده‌كات. له كاتێكدا هیچ حزبێك ئاماده نییه ده‌ست له به‌رژه‌وه‌ندى حزبی خۆی هه‌ڵبگرێت بۆ چاره‌سه‌ركردنى دۆخى ناهه‌موارى كوردستان و گه‌یشتن به سازانى سیاسی.
له زۆری و بۆریى خاڵ و ماده‌ى پڕۆژه‌كانی لایه‌نه‌كان، جگه له هه‌ندێ وشه‌ى دووباره، هیچ پێشوازییه‌كى نوێ نییه بۆ پڕۆژه پێشكه‌شكراوه حزبییه‌كان، جگه له‌وه‌ى هه‌موویان له به‌رده‌م مایك و كامێراى میدیاكان دووپات له‌وه ده‌كه‌نه‌وه كه ئه‌م دۆخه ناكرێت ئاوا تێپه‌ڕێت. خۆ منیش دڵنیام ناكرێت ئاوا تێپه‌ڕ بێت، به‌ڵام چاره‌سه‌ریش نییه، بۆیه ده‌گه‌ین به‌و ئه‌نجامه‌ی كه به تێپه‌ڕبوونى ڕۆژ و هه‌فته و مانگ و وه‌رز و ساڵ، هیچ نامێنێته‌وه جگه‌له‌وه‌ی بڵێین كات تێپه‌ڕی.
له‌وه‌ها دۆخێك‌دا كه چه‌ند ساڵێكه كوردستانی گیرۆده بووه به‌تایبه‌ت له دوو ساڵى پڕ له ململانێى حزبی و كۆبوونه‌وه‌ى بێ ئه‌نجام و لێدوانى زۆر و بێ كردار و پڕۆژه‌ى پڕ له خاڵ و به‌ندى بێ په‌ند، من تێ ناگه‌م ئه‌م حزبانه بۆچی زۆر زوو پڕۆژه‌كانى پێشوویان یاد ده‌چێت، هیچ واتایه‌كى نییه له به‌رامبه‌ر وه‌رگرتنى پڕۆژه‌ی لایه‌نێكدا چه‌ندان له‌لایه‌نى تر له‌ڕووى یه‌كدا و له به‌رده‌م كامێراى ڕاگه‌یاندنه‌كان زۆر به بڕوابوونه‌وه ستایشی پڕۆژه‌ى گه‌ڵاڵه‌كراو ده‌كه‌ن و ستایش و پیاهه‌ڵدان به حزبه‌كانى به‌رامبه‌ریان ده‌ڵێن، به‌ڵام له‌گه‌ڵ پێچكردنهوهى ئۆتۆمبێله‌كانیان هیچ شتێك له فه‌رهه‌نگى كار و پێڕه‌ویان نامێنێت به‌ناوى پڕۆژه و گه‌یشتن به چاره‌سه‌رى دۆخى ناهه‌موار، یاخۆ تێناگه‌م بۆچی هه‌موو پێكه‌وه یه‌ك پڕۆژه گه‌ڵاڵه ناكه‌ن و پێڕه‌وى كارنامه‌ى داهاتووى بكه‌ن بۆ به‌رژه‌وه‌ندى خه‌ڵكى كوردستان؟.
ئه‌گه‌ر ئاوڕێك له‌و پڕۆژانه بده‌ینه‌وه كه له دوو ساڵى ڕابردوودا خراونه‌ته ڕوو، هیچ حزبێك نییه بێبه‌رى بووبێت له پڕۆژه‌ى خۆی كه هیچیان له 10 خاڵ كه‌متر نییه، به‌ڵام به دڵنیاییشه‌وه هیچ حزبێك پڕۆژه‌یه‌كى نیشتمانى و نه‌ته‌وه‌یی نه‌خستووه‌ته ڕوو به‌بێ به‌رژه‌وه‌ندى حزبی خۆی و دوور له ده‌مارگیرى خۆپه‌رستى حزبی، سه‌ره‌ڕاى ئه‌وه‌ی ناوه‌ڕۆكى زۆربه‌ى پڕۆژه‌كان ناڕوونی سیاسه‌تى حزبه‌كه‌ى تێدا ده‌ركه‌وێت. هه‌ندێ لایه‌ن بۆ گه‌رمكردنى دهنگوباسی میدیایی، نووسراوێك بڵاو ده‌كاته‌وه و ناوى لێ ده‌نێت پڕۆژه بۆ چاره‌سه‌رى هه‌رێم. له‌و دیویشه‌وه ڕه‌نگه ئه‌ندامه‌كانى حزبه‌كه بۆ خۆیان پێكه‌نینیان به پڕۆژه و نووسراوه‌كه بێت، ئیتر باسی ئه‌و حزبانه ناكه‌م كه پڕۆژه‌ی ده‌ربازبوونى هه‌رێم گه‌ڵاڵه ده‌كه‌ن له كاتێكدا بۆ خۆیان و له‌ناو خۆیان به چه‌ند دێڕێك ڕه‌نگه له گه‌وره‌ترین قۆناغی شكستى حزبی و گرفتى حزبی ده‌رباز ببن، به‌ڵكو ناتوانن له‌ناو خۆیان و بۆ خۆیان هیچ گه‌ڵاڵه بكه‌ن، به‌ڵام دێن و پڕۆژه‌ی چاره‌سه‌رى دۆخى كوردستان ده‌خه‌نه ڕوو. له ڕاستیدا خستنه‌ڕووى پڕۆژه به نووسین و خاڵ له‌سه‌ر كاغه‌ز و كۆبوونه‌وه‌ى بێ كردار، ته‌نیا گه‌رمكردنى باسی میدیاكانه به باسی حزب و به‌لاڕێدابردنى خه‌ڵكى كوردستان له ئۆباڵی به‌رپرسیاریه‌تى دۆخه‌كه، له هه‌مان كاتدا خۆ شیرینكردنه لاى هاووڵاتییان به‌بێ ڕه‌چاوكردنى واقیعى میله‌ت كه ئێسته كه به‌هۆى پڕۆژه و لێدوان قسه‌ى باقوبریقی سیاسییه‌كانه‌وه له ماندوێتی بێ ئه‌ندازى دهرووندان، ئێسته هاووڵاتی نازانێ بڕوا به كام پڕۆژه بكات و كام پڕۆژه فریادڕه‌سی گێژاو و قاوقڕییه.
پێم وایه كاتیه‌تی قسه‌ی لۆجیكی و رژد بكرێت و خۆشاردنه‌وه وه‌لا بخرێت، هه‌ست ده‌كه‌م ئه‌م دۆخه به كۆبوونه‌وه و ڕێككه‌وتنێكى دوو تا سێ حزب چاره‌سه‌ر ده‌كرێت و پێویست به پڕۆژه خستنه‌وه ناكات، چونكه ئاشكرایه هه‌موو حزبێك ده‌توانێت پڕۆژه بنووسێت و بیخاته به‌رده‌م لایه‌نه‌كان، به‌ڵام خه‌ڵك چاره‌سه‌ری ده‌وێ، بۆیه چیتر پێویست ناكات شیرینى و له‌زه‌تى پڕۆژه‌ى حزبی به‌گوێی میله‌تدا بده‌ن چونكه روونه "كه‌س به دۆی خۆى ناڵێت ترشه"، حزب ئه‌و حزبه‌یه چاره‌سه‌ر بكات و سازش بكات له پێناوی خه‌ڵكدا.
شه‌فیق بانیشاری