شه‌فیق بانیشارى
له پاش ڕاپه‌ڕینی 1991ه‌وه هه‌رچی چه‌ك و ته‌قه‌مه‌نى سه‌ربازگه و چه‌كدارانى ڕ‌ژێمى به‌عسه، كه‌وتنه ژێر ده‌ستى هاووڵاتییانى كوردستان به‌بێ ئه‌وه‌ی كه‌س ڕێگری بكات له‌و چه‌كدارییه هه‌ڕه‌مه‌كییه، واى لێ هاتبوو ئه‌گه‌ر خێزانێك چه‌كێكى تێدا نه‌بووایه، ده‌بوون به گاڵته‌جاڕی.
حزبه كوردییه‌كان له‌و ده‌مه‌دا كه بناغه‌ی پێكهێنانى حكوومه‌تى هه‌رێمیان دانا و له سه‌ره‌تای ئه‌و حكوومه‌ته‌وه نه‌ك هه‌ڵنه‌ستان به كۆكردنه‌وه‌ی چه‌كی لای هاووڵاتییان، بگره ئه‌و به‌شه‌یشی خۆیان ده‌ستیان به‌سه‌ردا گرتبوو، به‌خشییان به لایه‌نگرانیان، به‌وه‌یش كۆمه‌ڵگه‌یه‌كی چه‌كداری ناپه‌سه‌ندیان ته‌شه‌نه پێ دا به‌بێ ئه‌وه‌ی بیر له ده‌رئه‌نجامه‌كانى ئه‌و چهكداركردنه بكه‌نه‌وه كه بینیمان له 26 ساڵی ڕابردوودا، هه‌زاران ڕووداوى ناخۆش له سایه‌ی فرهچهكی و چه‌كداركردنى تاك و بوونى چه‌ك له‌ناو خێزانه‌كان ڕووی دا، شه‌ڕی تاڵی براكوژی ئاكامى ئه‌و ژینگه چه‌كدارییه هه‌ڕه‌مه‌كییه‌ی كوردستان بوو كه له‌پاش ڕاپه‌ڕین كه‌ش ڕه‌خسا به‌بێ بوونی یاسا و لێپرسینه‌وه .
له‌پاش پرۆسه‌ی ئازادیى عێراقه‌وه، دۆخی چه‌كداری و چه‌ك هه‌ڵگرتنى هاووڵاتییان به‌ره‌و كه‌مبوونه‌وه ڕۆیشت تا ئه‌و ئاسته‌ی له‌ناو خه‌ڵكدا چه‌ك هه‌ڵگرتن به‌شتێكى نامۆ ده‌بینرا، لێ به‌داخه‌وه له‌م ساڵانه‌ی پێشوو هه‌ندێ حزبه كوردییه‌كان له‌بری گۆڕینى نه‌ریته ناشیرین و ناشارستانییه‌كان بۆ نه‌ریتی جوان و سه‌رده‌می، هه‌ستان به بنڕكردنى چه‌ك له ناو ماڵه‌كان، كه‌چی له هه‌ڵبژاردنه‌كان بۆ ده‌نگێك چه‌كیان ده‌به‌خشییه گه‌نج و هاووڵاتییان، بۆیه دیارده‌ی چه‌كداریی و چه‌ك هه‌ڵگرتن زۆر بوو، له هه‌مان كاتدا ڕووداوه‌كانی كوشتن به‌چه‌ك و تاوانه‌كانى ته‌قه‌كردن زۆر زیادیان كرد.
جێی داخه كاتێك گه‌نجێك ده‌بینیت له‌م سه‌رده‌مى ته‌كنه‌لۆجیا و شارستانییه ژیارییهدا، ده‌مانچه‌یه‌ك یان كڵاشنكۆفێك به كهمهریهوهیه یان له ناو ئۆتۆمبێله‌كه‌ی دایناوه، چه‌ند ئازاربه‌خشه كاتێك ده‌بینم گه‌نجێك وێنه‌ی خۆی به چه‌كه‌وه له تۆڕه كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كان بڵاو ده‌كاته‌وه و شانازی پێوه ده‌كات به‌بێ ئه‌وه‌ی له هێڵه‌كانى به‌رگری خاك بێت، به‌ڵام چه‌ند جوان بوو له‌برى ئه‌و چه‌كه، گه‌نج و هاووڵاتییانى كوردستان ئامێرێكى موزیكیان پێ بووایه.
ئه‌گه‌ر تا ئێسته حكوومه‌ت و حزبه‌كان دیارده‌ی چه‌كداری له‌ناو خه‌ڵكدا خه‌میان نه‌بووبێت یان نه‌توانن بنبڕی بكه‌ن، ئه‌وا پێویسته له‌مه‌ودوا ڕێیه‌كانى داماڵی چه‌ك له ده‌ستى هاووڵاتییان و چه‌كداران له‌ناو خێزانه‌كان به كرده‌نی بكه‌ن، چونكه تاوانه‌كانى كوشتن و گیانكێشانى هاووڵاتیی بێ تاوان، ئه‌وه ده‌هێنێت كه هه‌موو له خه‌مى ئه‌و دیارده ناشیرین و جه‌رگبڕه بن و چیتر ڕێ نه‌ده‌ن ته‌نانه‌ت هێزه‌كانى پێشمه‌رگه و هێزه ته‌ناهییه‌كانیش چه‌كه‌كانیان ببه‌نه‌وه ماڵی خۆیان له‌پاش ته‌واوبوونی ئه‌ركه‌كانیان. ئاخر له‌و بڕوایه نیم كه‌سێك دڵ پڕ له خه‌م نه‌بووبێت به‌دیتنی دیمه‌نى جهرگسووتانى ئه‌و دایك و باوك و خێزانه‌ى كه كوڕه گه‌نجه‌كه‌یان له شه‌وی هه‌ڵبژاردنى سه‌رۆك كۆمارى عێراق به فیشه‌كی ته‌قه‌ی خۆشی گیانى ده‌رچوو.
چه‌ند شووره‌ییه بۆ كۆمه‌ڵگه كه گه‌نجه‌كانمان له ئاهه‌نگ و بۆنه‌ى خۆشی‌دا چه‌كیان پێ بێت! چه‌ند مه‌ترسییه خۆپێشانده‌ر چه‌كی پێ بێت له خۆپێشانداندا! چه‌ند كاره‌ساته هاووڵاتی بۆ پارێزگاری و دڵنیایی ژیانى خۆی چه‌ك له ماڵ و له‌ناو ئۆتۆمبێل و له ده‌ستی بێت.
به‌ڕاستى ڕووداوه‌كانى كوشتن ئه‌وه ده‌هێنێ كه بوار نه‌درێت چیتر چه‌ك له‌ناو شاره‌كان به‌ده‌ستى خه‌ڵكه‌وه بێت و هه‌ركات ویستى به ئاره‌زووى خۆی به‌كاری بهێنێت، جا له‌ژێر ناوى پۆلیس یان ئاسایش یا پێشمه‌رگه یان هاووڵاتی، یاخۆ پشتبه‌ستن به به‌رپرسێكی باڵا، بۆیه ئه‌ركى حكوومه‌ته بڕیار بدات كه ته‌نیا چه‌ك له‌كاتى ده‌وام و ئه‌ركى كارمه‌ندانى هێزه ته‌ناهییه‌كان له‌ناو شاردا به‌كار بهێنرێت، به‌جێبه‌جێكردنی ئه‌و بڕیاره‌یش، تاوان و دیارده‌ى كوشتن كه‌متر ده‌بێته‌وه.