ئه‌مڕۆ گرێبه‌ستی سه‌ده ڕاده‌گه‌یه‌نرێت!
PM:07:20:28/01/2020
پڕۆژه‌ی گرێبه‌ستی سه‌ده (Deal of the Century) چییه؟
پڕۆژه‌ی گرێبه‌ستی سه‌ده (صفقه القرن) نه‌خشه‌ڕێگایه‌كه بۆ چاره‌سه‌ركردن و كۆتاهێنان به كێشه‌ی فه‌ڵه‌ستین-ئیسڕائیل. ئیداره‌ی تڕه‌مپ له سه‌ره‌تای ده‌ستبه‌كاربوونییه‌وه به سه‌رپه‌رشتیی گارید كۆشنێر (زاوا و ڕاوێژكاری تڕمپ) ئاماده‌كاری كردووه بۆ كۆكردنه‌وه‌ی پشتگیری بۆ پڕۆژه‌ی گرێبه‌ستی سه‌ده، له‌و چوارچێوه‌یه‌دا له (۲٥ و ۲٦ حوزه‌یرانی ۲۰۱۹) له مه‌نامه‌ی پایته‌خی به‌حرێن كۆنفرانسێكی ئابووری به‌ڕێوه‌چوو بۆ پشتیوانیكردنی ئابووری پڕۆژه‌ی گرێبه‌ستی سه‌ده.
بۆ یه‌كه‌مجار مانگی (نیسانی ساڵی ۲۰۱۷) له كاتی سه‌ردانی (عه‌بدولفه‌تاح سیسی) سه‌رۆكی میسڕ بۆ واشنتن، له كۆنگره‌یه‌كی ڕۆژنامه‌وانی كۆشكی سپی له به‌رانبه‌ر تڕمپدا، گوتی: دوو خاڵ ده‌مه‌وێت ئاماژه‌ی پێ بكه‌م:
یه‌كه‌م: من و گه‌لی میسر به هه‌موو شێوه‌یه‌ك پشتیوانیی سه‌رۆك تڕه‌مپ ده‌بین له ڕووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ی تیرۆر.
دووه‌م: من و گه‌لی میسر به هه‌موو شێوه‌یه‌ك پشتیوانی سه‌رۆك تڕه‌مپ ده‌بین بۆ جێبه‌جێكردنی گرێبه‌ستی سه‌ده (صفقه القرن) بۆ چاره‌سه‌ركردنی كێشه‌ی فه‌ڵه‌ستین-ئیسڕائیل.
ئه‌مڕۆ دۆناڵد تڕه‌مپ و بنیامێن نه‌تنیاهۆ له كۆشكی سپی، نه‌خشه ڕێگای گرێبه‌ستی سه‌ده ڕاده‌گه‌یه‌نن، چاوه‌ڕوان ده‌كرێت به هۆی ئه‌م پڕۆژیه‌وه نه‌خشه‌ی چه‌ند وڵاتێك له ڕۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست گۆڕانكاری به‌سه‌ردا بێت له‌وانه: ئیسڕائیل، فه‌ڵه‌ستین، ئوردن، میسر، عێڕاق.
تا ئێسته هه‌ڵوێستی "ئاشكرا"ی فه‌ڵه‌ستینیه‌كان و به‌شێك له وڵاتانی عه‌ڕه‌بی دژی گرێبه‌ستی سه‌ده‌ن، چونكه پێیان وایه ئه‌م پڕۆژه‌یه زیاتر خزمه‌ت به ئیسرائیل ده‌كات، به‌ڵام ئاماژه‌كان بۆ ئه‌وه ده‌چن كه ئه‌م هه‌ڵوێسته‌ی به‌شێك له سه‌ركرده‌كانی وڵاتانی عه‌ڕه‌بی ته‌نیا له ترسی شه‌قامی عه‌ڕه‌بی و ئیسلامی بێت، ده‌نا له ژێره‌وه له‌گه‌ڵ ئه‌مریكا و ئیسرائیل ڕێككه‌وتوون و ئاماده‌باشیان كردووه بۆ جێبه‌جێكردنی نه‌خشه ڕێی گرێبه‌ستی سه‌ده، له‌م چوارچێوه‌یه‌شدا ملیاره‌ها دولاریان ته‌رخان كردووه بۆ بنیاتنانی شوێنی نیشته‌جێ بوون بۆ ئاواره فه‌ڵه‌ستینیه‌كان له هه‌ریه‌ك له وڵاتانی میسر و ئوردن و عێڕاق.