سمكۆ محه‌مه‌د
ئاراسته‌كردنى فه‌زاى گشتى به‌ره‌و مه‌عریفه، یان خۆناسین و هۆشیارى به‌رامبه‌ر به دیارده‌كان، پێویستى به كه‌ره‌سته‌ى هه‌مه‌لایه‌ن هه‌یه، یه‌كێك له‌و شێوه ئاراستهكردنانه، ره‌واج پێدانى بابه‌تى مه‌عریفییه كه هۆكارى به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ى جه‌نگى نادیاره، مه‌به‌ست له جه‌نگى نادیار ئه‌وه‌یه كه به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ى دیارده‌یه‌ك به دیارده‌یه‌كى تر، وه‌ك ململانێى پێشكه‌وتن له‌گه‌ڵ جه‌هلدا، ئه‌وه‌ى كه ساڵانه له پێشانگه‌ى كتێبى نێوده‌وڵه‌تى هه‌ولێر ده‌بینرێت، ئه‌و هه‌وڵه‌یه بۆ دروستكردنى موناقه‌شه كه ته‌نیا له‌سه‌ر بابه‌تى رۆمان ده‌كرێت و فكر و مه‌عریفه‌ى هه‌مه‌لایه‌ن به ناڕاسته‌وخو تابۆ كراوه، له‌كاتێكدا هه‌م ده‌زگه عه‌ره‌بییه‌كان كه دێن بۆ هه‌ولێر و هه‌م رۆشنبیره‌كانیان وه‌ختێك موناقه‌شه‌یان ده‌كه‌ى، فكر و مه‌عریفه‌یه و باس له‌و تێزانه ده‌كه‌ن كه چۆن ئه‌ده‌ب و بابه‌ته‌كانى تر پێش ده‌خه‌ن و بۆچى خوێنه‌رى كورد كتێبى فكر ناخوێننه‌وه، رۆشنبیر و نووسه‌ری كوردیش بۆ ئه‌وه‌ى خۆیان له‌و موناقه‌شه‌یه به‌دوور بگرن و شانى خۆیان خاڵى بكه‌نه‌وه، تاكه شتێك باسى بكه‌ن و وه‌ك كاڵایه‌كى پڕفرۆشى بازاڕ رۆمانه، ئه‌ویش رۆمانى كوردى كه پاشكۆى رۆمانى عه‌ره‌بى و بیانییه، چونكه رۆمان به‌رهه‌مى فكرى شاره و كوردیش 15 ساڵ نابێت له شاردا ده‌ژى، بۆیه ئاسان نییه ببێته خاوه‌نى رۆمان، كه‌وابوو ئه‌مه‌یه ماناى ئه‌وه‌ى دژه‌كانیش جه‌نگى نادیارى خۆیان به‌رده‌وام كردووه و له په‌نا ئه‌وان خه‌ڵك ئاراسته ده‌كه‌ن كه بریتین له ئیسلامییه توندڕه‌وه‌كان به‌رامبه‌ر فكر و موناقه‌شه.
ئه‌وه‌ى كه قسه‌ى له‌سه‌ر ناكرێ و سه‌رزه‌نشت ناكرێ، ئه‌و نموونه رۆشنبیره‌یه كه به‌ناوى به‌رگریكردن له ئازادى و دیموكراسى و دروستكردنى فه‌زاى گشتى كه ئه‌سڵه‌ن بیرى لێ ناكه‌نه‌وه و خه‌میشیان نییه، ئه‌و به‌ناو رۆشنبیرانه‌ن كه تێوه‌گلاون به‌سیاسه‌ته‌وه به‌مانا نه‌رێنییه‌كه‌ى و بهرگرییهكهشیان تا بهرلووتى خۆیان ده‌ڕوات، سیاسه‌تێك كه هه‌م ستاتیكاى به ورده‌كارى ژیانى داوه، هه‌م هونه‌ر و ئه‌ده‌بى كردووه به پاشكۆى نه‌بڕاوه‌ى سیاسه‌ت، به‌بێ ئه‌وه‌ى ئه‌دیب و هونه‌رمه‌نده‌كان خۆیان ئاگایان له‌و گه‌مه فاشیله هه‌بێت كه دۆڕانهكهى هه‌میشه مسۆگه‌ره، ئه‌مه‌ش له گێلكردنى خوێنه‌ر و بینه‌ر به‌گشتى و خوێنه‌ر و بینه‌رى كوردى به‌تایبه‌تى ده‌رده‌كه‌وێت، بۆ نموونه وه‌ك دهرخواردانى خواردنى ئیكسپایه‌ر و خراپ كه ساڵانێكى زۆره له‌دواى 1996وه كۆمه‌ڵگه‌ى كوردستانى ناچار كراوه ئه‌و خواردنانه بخوات كه له توركیا و ئێرانه‌وه وه‌ك پاشماوه بۆمان دێت، یان باشتر بڵێم بوون به‌ڕه‌واج پێده‌رى بۆچوونى مه‌ترسیدار و كۆنه‌په‌رست و به‌رله‌وه‌ى خۆڵ بكه‌ن به‌چاوى خه‌ڵكدا، خۆڵ ده‌كه‌ن بهسهروچاوى خۆیاندا، به‌تایبه‌تى ئه‌و چوار ساڵ جاره‌ى كه گاڵته‌جاڕى عه‌قڵى كوردى به‌یان ده‌كات و ناوى نراوه پێشانگه بۆ ده‌وڵه‌مه‌ندكردنى مه‌عریفه‌ى كوردى، هه‌ڵبه‌ت مه‌به‌ستم له‌و رۆشنبیرانه‌یه كه خۆیان كردووه بهدهمڕاستى هه‌موو رۆشنبیران و بهنائاگاییش لایه‌نگرى ئیدیۆلۆجیاى حزبین به‌بێ شیكردنه‌وه بۆ ئه‌و بیانووه‌ى هه‌یانه، بۆیه وه‌ك كارێكتهرى پراگماتیكى له سێبه‌ردا راوه‌ستاون و كه‌ڵك له ناحاڵى بێ ئاگاكانى به‌رده‌م بازاڕى رۆشنبیرى ده‌بینن، له حاڵێكدا ئه‌م ته‌رزه هه‌م تاكڕهههندن و هه‌م خه‌ریكن له‌ڕێى ده‌قى ناكامڵى خۆماڵییه‌وه، كۆمه‌ڵگه‌ش ده‌كه‌ن بهكۆمهڵگهیهكى تاكڕهههندى نه‌خوێنه‌وار و ناچاریان ده‌كه‌ن له‌برى خوێندنه‌وه‌ى فكر بۆ ئه‌وه‌ى فێرى دیالۆگ بن، ته‌نیا رۆمان بخوێننه‌وه تا فێر نه‌بن دیالۆگ چییه و تا هه‌میشه رسته سواوه‌كانى ئه‌وان له‌سه‌ر زاریان بێت، له حاڵێكدا ئه‌وه له‌لاى رۆماننووسه جیهانییه‌كان و بیرمه‌نده‌كانیش ئه‌وه ئاشكرایه، به‌بێ خوێندنه‌وه‌ى فكر كه بریتییه له ئهفسانهناسى و ئاینناسى و سیاسه‌ت و فه‌لسه‌فه و ئایدیۆلۆجیا و كۆمه‌ڵناسى و ئابوورى و كوولتوور و هتد، شتێك نییه ناوى رۆشنبیرى و فه‌رهه‌نگ بێت و له‌برى هه‌موو ئه‌مانه رۆمان بتوانێ خوێنه‌ر تێر بكات.
بۆ ئه‌وه‌ى راسته‌وخۆ ئامانجه‌كه‌م بپێكم له‌م باسه‌دا، چونكه زۆرجارم له‌سه‌ر چه‌مكى رۆشنبیرى و خودى به‌ناو رۆشنبیرى كوردى نووسیومه و ره‌خنه‌م لێ گرتوون كه به‌بیانووى بیانووه نالۆجیكییهكانى خۆیان، لۆجیكیان بۆ خه‌ڵك و خوێنه‌ر نه‌هێشتووه‌ته‌وه، كه‌وابوو ده‌مه‌وێ باس له‌و ته‌رزه رۆشنبیره بكه‌م به‌بێ ئه‌وه‌ى ئاگایان له خۆیان بێت، له ده‌رنجامى رووداوێكى سیاسی‌دا له نێوان دوو حزبى عه‌لمانى و ئیسلامی‌دا كه بۆ خۆیان گه‌مه‌ى سیاسی ده‌كه‌ن نه‌ك ناكۆكى سیاسی‌یان هه‌بێت، به‌تایبه‌تى له‌ناو كتێبدا و له‌وێشه‌وه كتێبى ده‌زگه‌كانى خۆیان یان حزبه‌كه‌یان، به‌شێوه‌یه‌ك ده‌كه‌ونه ناو فه‌زاكه‌وه كه بیریان چووه پڕۆژه‌ى هه‌ڵبژاردنى مه‌عریفى، به‌شێكى زۆرى بریتییه له پڕۆژه‌ى دوورخستنه‌وه‌ى خه‌ڵك له كۆنه‌په‌رستى. له‌لایه‌كى تره‌وه بیریان چووه كۆمه‌ڵگه بریتی نییه له فكرى دیاریكراو و له‌قاڵبدراو، له‌كاتێكدا كۆمه‌ڵگه‌ى كوردى بریتییه له فره‌یى له ئاین و مه‌زه‌و و نه‌ته‌وه‌ى جودا كه ئه‌مه پێویستى به مه‌عریفه‌یه بۆ پێكه‌وه‌ژیان، نه‌ك ئه‌و جه‌نگه ناڕه‌وایه‌ى كه به‌ناوى رۆمانه‌وه فێرى خوێنه‌ر ده‌كرێت، له‌مه‌ش خراپتر ئه‌وه‌یه بیریان چووه كه بۆچوونى تاكڕهههندى كاریگه‌رى خراپ ده‌كاته سه‌ر تاك، به‌تایبه‌تى تاكى كوردى كه زاڵه به‌سه‌ر تاكه‌كانى تر‌ى نه‌ته‌وه و ئاینه‌كانى تر، به‌تایبه‌تى تریش ئه‌و تاكانه‌ى سه‌ر به‌ئاینى كه‌مینه‌ن، ئه‌گه‌ر زاراوه‌كه به‌كه‌ڵك بێت، ئه‌مه له‌كاتێكدایه ئه‌گه‌ر رۆشنبیرێك دنیابینییه‌كى ئینسانیى هه‌بێت، ئه‌مه له‌به‌رچاو ده‌گرێت وه‌ك بنه‌ماى ئه‌و تێگه‌یشتنه‌یه له ژیانى لۆكاڵى فره‌یى كه پێش ئه‌وه‌ى ده‌وڵه‌ت و حكوومه‌ت به‌رپرس بێت، ئه‌وان به‌رپرسن له تیۆریزه‌كردن و موناقه‌شه دروستكردن له بابه‌ت خۆیان نووسه‌رن.
نموونه‌یه‌ك كه رۆشنبیر له‌سه‌ریه‌تى وه‌ك نواندنێكى ده‌ره‌وه‌ى نواندنى كۆمه‌ڵگه بۆ ژیانى سیاسى گوایه به‌شدارى ده‌كه‌ن، جۆرێك موناقه‌شه‌یه له‌گه‌ڵ ده‌وڵه‌ت و حكوومه‌ت له‌لایه‌ك و له‌گه‌ڵ ده‌زگه ئاینییه‌كان له‌لایه‌كى تر، چونكه ئه‌وان ره‌هه‌ندى زیاترى به‌هاى پێكه‌وه‌ژیان و فره‌یى له كولتوور و ئاین و ئاینزاكان هه‌ست پێ ده‌كه‌ن، مه‌ترسى داگیركردنى فه‌زاى كۆمه‌ڵایه‌تى بۆ ئاینێكى دیاریكراو به‌تایبه‌تى له كۆمه‌ڵگه‌ى كوردیدا، ئه‌مه ده‌رچه‌یه‌كى نه‌رێنییه كه به‌ناو رۆشنبیرى كورد به‌شێكه له‌م فه‌زا نائاساییه. به‌مه‌ش سه‌لماندوویانه ئه‌م ده‌سته‌بژێره به‌ناو رۆشنبیره نه‌ك هه‌ر كارێكته‌ر و گرووپى خێرى نه‌بوون بۆ چاكسازى له سیاسه‌ت و ناو كێشه به‌ناو ئاینییه‌كان، به‌ڵكو كێشه‌كه‌یان ئاڵۆزتر كرد، به‌تایبه‌تى ئه‌وه‌ى كه ده‌بینین به‌ناوى عه‌لمانییه‌ته‌وه چ ئاڵۆزییهكیان ناوه‌ته‌وه، چۆن نوێنه‌رایه‌تى كۆمه‌ڵگه‌یه‌كى ناهۆشیار ده‌كه‌ن كه له فره‌یى و له دیموكراسیی خراپ حاڵى بووه، چونكه ته‌نیا ئه‌و ژاوه‌ژاوه‌ى بینیوه كه به‌ناوى دیموكراسییه‌وه بووه‌ته ههڵسووڕاوى كه له پێشانگه‌ى كتێب باشتر ده‌بینرێت.
شان خاڵیكردنه‌وه له به‌رپرسیارێتى، له كتێب و مه‌عریفه‌وه ده‌ست پێ ده‌كات، بۆ نموونه رۆشنبیرى هه‌موو عێراق و كوردیش خه‌مخۆرى ئه‌و دۆخه نه‌بوون كه به‌و ده‌ره‌نجامه گه‌یشت، خوێنه‌ر بهدابڕاندن له‌گه‌ڵ مه‌عریفه و پشتبه‌ستن به رۆمانى لۆكاڵى و كتێبى بێ ناوهڕۆك كه له پێشانگه‌ى نێوده‌وڵه‌تى هه‌ولێر یه‌كلای ده‌كه‌نه‌وه و ده‌یكه‌ن به‌ماڵ به‌سه‌ر خوێنه‌رى كورده‌وه، دنیایه‌كى لۆكاڵییان دروست كردووه كه نه‌ك هه‌ر گه‌نجى هه‌ردوو زمان و ئه‌ده‌بیات و فكرى یه‌كتر شاره‌زا نین، بگره بۆ گه‌وره و به‌ته‌مه‌نه‌كانیش هه‌مان كێشه به‌رده‌وامه، له‌وه‌ش دۆزهختر بۆ هه‌ردوولا دانراوه، ئه‌وه‌یه كه له‌برى ئه‌وه‌ى خه‌ڵك فێره موناقه‌شه‌ى فكرى بكه‌ن، فێرى خۆ ئاڵۆزكردنیان كردوون به میدیا، كه‌سیش ئه‌م جه‌نگه نادیاره له‌به‌رچاو ناگرێ كه له جه‌نگى داعش و كۆنه‌په‌رستى ترسناكتره، هه‌روه‌ها ئه‌و دابڕانه‌یه كه جگه له زمانى عه‌ره‌بى و كوردى له یه‌كتر، حاڵه‌تێكى نامۆى تره كه بریتییه له‌وه‌ى نووسه‌ر و ئه‌دیبى نه‌ترس چ له به‌غدا و چ له كوردستان په‌یدابوونه، كه‌چى به‌ناوى رۆشنبیر و نووسه‌ر و رۆماننووس هه‌ن، ئه‌م خه‌مه‌یان نییه، بۆچى، چونكه خۆیان ئیكتیفایان كردووه به‌و نیمچه خوێنه‌ره‌ى خۆیان له‌چه‌ند شارێكى كوردى له دژى یه‌كتر، یان له دژى شێوه‌زارى كوردى و دژى گرووپ و دژى شارچێتى و هتد. ئه‌مه ئه‌و جه‌نگه نادیاره فه‌رهه‌نگییه‌یه كه خوێنه‌رى كورد تێكه‌وتووه به‌بێ ئاگا بووه به به‌دخۆراكى كتێبى كوردى.